کارۆخ خۆشناو

دەستوور فریادڕەسە!

  2021-04-27 00:12      91 جار بینراوە        کۆمێنت

هەرێمی کوردستان (وەک دیفاکتۆ) دوای راپەڕینی ساڵی (1991) و کۆڕەو بڕیاری (688) دروست بوو، بەڵام لەڕووی یاسایی و دەستووریەوە (وەک هەرێمێکی فیدراڵ) دوای پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی (2003) و دواتر نووسینەوەی دەستووری عیراق لەساڵی (2005) بەفەرمی دانی پێدانرا، هەروەک لەبەندی پێنجەمی دەستووری نوێی عیراقداو لەماددەکانی (117 و 120 و 121) ئاماژە بەمافەکانی هەرێم کراوە، بەتایبەت لەماددەی (120)دا دەڵێت: هەرێم دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەڕەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتانە دیاریدەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا" پێموایە ئێستا یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورێکی هاوچەرخ و دادپەروەرە کە ئەرک و ماف بەشێوەیەکی یەکسان دابەشبکات و لەژێر سایەیدا هەموو دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکان رێکبخرێن و سنوور بۆ هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) دابنرێت لەپێناو گەیاندنی کەشتی هەرێمی کوردستان بەکەناری ئارام، هاوشێوەی (هەرێم و وڵاتە) پێشکەوتووەکانی جیهان، واتە دەستوورێک لەپێناو رێگریکردن لەگەندەڵی و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک کە دەرفەتی کاری یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتووانی هەرێم بڕەخسێنرێت و ئەرک و ماف بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکات، بەبێ رەچاوکردنی جۆری رەگەزو رەنگ و ئایین و نەتەوەو ئایدیۆلۆژیا.
نزیکەی سێ هەفتەی دیكه‌ ئەو ماوەیە تەواو دەبێت، کە پەرلەمانی کوردستان دیاریکردبوو بۆ پارتە سیاسییەکانی هەرێم تاکو بۆچوون و سەرنجەکانیان سەبارەت بەتەواوکردنی پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم دەرببڕن، لێرەدا پێویستە ئەم پرسە زۆر بە گرنگییەوە وەربگیرێت، چونکە دەستوور (گرێبەستێکی کۆمەڵاتییەو دایکی هەموو یاساکانە) ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردن، ئەوا دەبێتە فریادڕەس بۆ چاککردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بەمەرجێک هەموو لایەنەکان بەئیرادەیەکی بەهێزەوە بێنە پێشەوە، تاکو هەوڵبدرێت (دەستووری هەرێم) بکرێتە ڤاکسینی پەتای (پەرتەوازەیی کوردستان) بۆئەوەی زاڵ بین بەسەر ئاسته‌نگه‌كانی ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە پەتای (پەرتەوازەیی کوردستان) ترسناکترە لە پەتای (کۆرۆنا). لەم قۆناغەدا گرنگە ئێمەی کورد سوود لەئەزموونی وڵاتان وەربگرین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بەهۆی نووسینەوەی (دەستوور)ەوە توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و کۆدەنگی دروست بکەن و سەقامگیری بەرپا بکەن، بۆ نموونە سەرەکیترین فاکتەری گەشەسەندن و زلهێزبوون و سەرکەوتنی ئەمه‌ریکا، هەبوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە تەنیا لە (7) ماددە پێکهاتووەو لەسەر ئاستی جیهان بەکۆنترین دۆکیومێنتی نووسراوی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، کە تەمەنی (231) ساڵەو تاکو ئێستاش کاری پێدەکرێت، ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمه‌ریکا زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر توانیبێتیان هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنووسنەوە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین سوود لەئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟ لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین وێنەی هەرێمی کوردستان لەڕێگای تەواوکردنی پڕۆژەی (دەستوور)ەوە جوانترو گەشاوەتر دەبێت لەئاستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها دەستوورێکی هاوچەرخ رۆڵی فریادڕەس دەبینێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە هەموو هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەمەرجێک دەستوورێکی رێزلێگیراو بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک تەنیا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە! 
لەم چوارچێوەیەدا ئەرکی سەر شانی هەموولایەکمانە، بەگیانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هاوکارو هاندەر بین بۆ نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ) لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و سوودوەرگرتن لەدەرفەتەکان.

سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی 
ئەمه‌ریکی-کوردی

وتاری زیاتر


چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیرادە!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-20 11:56      92 جار بینراوە


(مرۆڤ)سازی و (نیشتیمان)سازی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-11 16:38      86 جار بینراوە




واژوویەكی مێژوویی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-25 14:12      118 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو