کارۆخ خۆشناو

ستراتیژی ئەمه‌ریکا لەگەڵ بژاردەی هەرێمێکی بەهێزە!

  2021-05-01 19:15      77 جار بینراوە        کۆمێنت

هەرێمی کوردستان وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) ئەو بژاردە بەهێزەیە، کەوا ئەمریكا گرەوی لەسەر کردووە، بۆئەوەی ببێتە هەرێمێکی گەشەسەندوو لەچوارچێوەی عیراقدا، ئەم دیدگایە لەڕابردوو و لەئێستاشدا هەمیشە جه‌ختی لەسەر کراوەتەوە، بۆیە ستراتیژی نوێی (ئیدارەی بایدن) بەرامبەر بە هەرێم بریتییە لەبونیاتنانی هەرێمێکی بەهێز لەچوارچێوەی عیراقێکی فیدراڵدا، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە: 
یەکەم: ئەمریكا لەسەر ئاستی پاراستنی (باڵانسی سیاسی) ناوخۆی عیراق پشت بەهەرێم دەبەستێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز لەنێوان هەردوو پێکهاتەی شیعەو سونە، تاکو شیعە نەتوانێت هەموو جومگەکانی دەسەڵات قۆرخ بکات، هاشێوەی قۆرخکاری سونەی پێش رووخانی رژێم.
 دووەم: لەسەر ئاستی برەودان بەپرسەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، هەرێمی کوردستان ئەو دیفاکتۆ هەمەڕەنگەیە کەوا ئەمریكا ئومێدی لەسەر هەڵچنیووە بۆئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و فرەیی و مافی مرۆڤ بۆ هەموو ناوچەکە. سێیەم: لەسەر ئاستی سەقامگیری ئەمنی و دژایەتیکردنی تیرۆر، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە ئارامەیە، کەوا ئەمریكا متمانەی پێیەتی و بەتەواوی پشتی پێ دەبەستێت، ئەم متمانەیەش بەهۆی قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە لەڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا دروستبووە.
 چوارەم: لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی، هەرێمی کوردستان ئەو ناوچە دەوڵەمەندەیە لەڕووی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی، کەوا دەتوانێت ببێتە زەمینەیەکی گونجاو بۆ کۆمپانیا ئەمریکی و جیهانییەکان تاکو وەبەرهێنانی تێدا بکەن لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا. پێنجەم: لەسەر ئاستی پێگەی جیۆپۆڵەتیکیش هەرێمی کوردستان هاوشێوەی (دڵ)ی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایە، بۆیە نەک تەنیا ئەمریكا، بەڵکو زلهێزەکانی ناوچەکە (تورکیا و ئێران) و زلهێزەکانی جیهانیش (چین و روسیا) چاویان لەسەریەتی، بۆ ئەوەی بتوانن هاوشێوەی ئەمریكا شوێن پێی خۆیان لە ناو هەرێمدا بکەنەوە.
لەئێستادا پێموایە دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەرێمی کوردستان رەخساوە بۆئەوەی ببێتە نموونەیەکی جوانی دیموکراسی و پێکەوەژیان لەناوچەکەدا، بۆیە سوودوەرگرتن لەم دەرفەتە، بەندە بەئاستی هۆشیاری و هەماهەنگی لایەنەکانە سیاسییەکان و رێکكەوتن لەسەر ئەجیندایەکی نیشتمانی بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی هاوچەرخ لەپێناو دروستکردنی هەرێمێکی بەهێزو گەشەسەندوو، نەک تەنیا چاوەڕوانکردن وەک میشێل فووکۆ دەڵێت: "رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شوێنێکە کە خەڵکەکەی (چاوەڕوانی) رۆژگارێکی باشن، نەک (دروستکردنی) رۆژگارێکی باش!" 
لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین بڵێین راستە ستراتیژی ئەمریكا لەگەڵ بژاردەی بونیاتنانی هەرێمێکی بەهێزە، بەڵام ئەم بژاردەیە لەسەر خۆمان وەستاوە، چونکە ئەمریكا نایەت بۆمان بونیات بنێت، بەڵکو دەبێت (خۆمان بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو) بونیاتی بنێین! 

سەرۆکی ئەنستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی

وتاری زیاتر


چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیرادە!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-20 11:56      92 جار بینراوە


(مرۆڤ)سازی و (نیشتیمان)سازی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-11 16:38      87 جار بینراوە



دەستوور فریادڕەسە! ‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-27 00:12      91 جار بینراوە

واژوویەكی مێژوویی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-25 14:12      118 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو