د.سەردار عەزیز

دەستوورێک بۆ هەرێم؟!

  2021-05-10 14:31      124 جار بینراوە        کۆمێنت

وەها دیارە لەهەموو گەڕێکی پەرلەمانیدا، پرسی تێپەڕاندنی دەستوور دەوروژێنرێت. دەستوور وەها دەبینرێت کە یەکێک بێت لەپایەکانی حوکمڕانی. ئەم بێرەو بردەیە، کۆمەڵێک کاریگەریی هەیە، کە لەئەنجامدا چیرۆکێک و بڕێکی زۆر لە تەمومژو لێڵی لەدەوری چەمک و پرۆسەی دەستوور دروست دەکات. کاتێک هەر پرسێک دێتە نێو کایەی گشتییەوەو مشتومڕی لەسەر دەکرێت، یان ئەوەیە زیاتر لەدۆخی سروشتی خۆی گەورە دەکرێت یان بێکەڵک دەکرێت. لەهەردوو دۆخەکەدا دۆخی راستەقینەی پرسەکە ون دەبێت. 
دەستوور دەکرێت چەندین مێژووی هەبێت، مێژووی کۆن، لە حەمورابییەوە، هەروەها مێژووی نوێ، لە مەگناکارتاوە، یان مێژووی زۆر نوێ لەپاش مۆدێلی ئەمریکییەوە. لەگەڵ بە ئەمریکایی بوونی دونیا، دەستوور وەک بەشێک لەپرۆسەی بە ئەمریکایی بوون یان سەپاندنی سیستەمی لیبرال بەدونیادا بڵاوبووەوە. بۆیە چەمکی دەستوورگەرێتی، یان کۆنستیتیوشنالیزم، هەمیشە وابەستەیە بەچەمکی حکومەتی بچووک، یان حکومەتی ناچاریی. بەو مانایە حکومەت دەبێت کاتێک هەبێت کە ناچارییە، ئەگینا دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لەژیان و ژیاری کەسەکان. جۆرێک لە لێزییە فێر laissez faire
زۆر بەسادەیی دەستوور دەقێکە کە تیایدا خەڵکانێک، لەجێگایەکی تایبەتدا، جاڕی خۆیان دەدەن کە کێن و چۆن دەیانەوێت حوکمی خۆیان بکەن و چی رێگەپێدراوەو چی رێگە پێنەدراوە هەروەها چۆنێتی میکانیزمی بەڕێوەچوونی دەستوورەکە. زۆربەی زۆری دەستوورەکانی دونیا قۆپییەن، یان لەیەکترەوە وەرگیراون. بۆیە لەسەردەمی نوێدا دەستوور هەمیشە بەچاپ و بڵاوکردنەوەوە بەستراوەتەوە. هەرئەمەشە کە زۆربەی زۆری دەستوورەکانی دونیا ئازادی را دەربڕینیان تیادایە، لەکاتێکدا ئازادییەکانی تر هێندە بەرجەستە نین. 
بۆئەوەی دیدێکی واقیعیمان هەبێت دەبێت تەماشای مێژووی جیهانی ئەم دیاردەیە بکەین و زۆر واقیعییانە لێی بنواڕین. بۆ مێژوونوسێکی دیاری وەک لیندا کولی گەشەی دەستوور راستەوخۆ وابەستەیە بە جەنگەوە. وەک چۆن چارلس تیللی دەڵێت شەڕ دەوڵەت دروست دەکات و دەوڵەت شەڕ دەکات، لیندا کۆلیش لە کتێبی، چەک و کەشتی و پێنووسدا، ئارگومێنتی ئەوە دەهێنێتەوە کە شەڕ پاڵنەری هەرە سەرەکی دەستوور بووە لەدونیادا 
Linda Colley THE GUN, THE SHIP, AND THE PEN: Warfare, Constitutions, and the Making of the Modern World
بەمپێیە دەستوور بریتی نەبووە لەخواستی گشتی و بەشێک نەبووە لەپرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەستە بەشەڕو مۆدێرنەوە. دەوڵەت لەڕێگای دەستوورەوە ناوەو دەرەوەی خۆی رێکدەخات. ئەگەر بەزمانی مۆدێرنە قسەبکەین دەستوور پرۆسەی سنوورڕێژییە. مەبەستمان لەپرۆسەی سنوورڕێژیی ئەوەیە کە سنووری دەسەڵاتەکان دیاری دەکرێت، چۆنێتی پەیوەندییان دادەڕێژرێت، ئازادییەکان و مافەکان دیاری دەکرێن. هەمیشە هەندێک ماف و ئازادی وەلا دەخرێن. لەئەنجامدا دەستوور تەنها یەک لایەنە نییە: ببەخشێت یان رێگە بدات، بەڵکو لەهەمانکاتدا دەکرێت رێگر بێت. بەگشتی دەستوور ئامرازێکی تەکنەلۆجیای دەسەڵاتە، کە بنەمایەک دادەڕێژێت بۆئەوەی سیستەمی یاسایی لەهەناو کۆمەڵگادا بەڕێوەبچێت. لەهەمانکاتدا لەسایەیدا رۆژانە لەئاساتە جیاوازەکاندا یاسا بەرهەم بێت. بۆیە دەستوور چەندێکی نووسراوە، هەمیشە بڕی زۆری بە نەنووسراو دەمێنێتەوە. لێرەدا نەنووسراو مەبەستمان لەو فۆرمیولەیە کە لەسیستەمی بەریتانیدا هەیە، کە لەسەر بنەمای پێشینەیی بەردەوام یاسا بەرهەمدێت. سادەترین راستی لە ئەمەوە هەڵینجێنین ئەوەیە کە دەستوور جێگای هەموو شتێکی تیادا نابێتەوەو بەردەوام بە ئەبستراکت و ناڕوون دەمێنێتەوە.
لێرەدا بەتایبەت قسە لەسەر دەستوور بەکوردی دەکەم. دەقی پرۆژەی دەستووری هەرێم، سەرەتا موکەڕەم تاڵەبانی بەزمانی عەرەبی نووسیویەتی و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە. دەقی وەرگێڕدراو هەمیشە وابەستەی دونیابینی دەقی سەرەکییە، هەرگیز سەربەخۆیی خۆی بەدەست ناهێنێت. دیارە یاسا خوێندن و پیادەکردنی یاسا لەکوردستان بە عەرەبییە، بۆیە هەموو ئەوانەی لەسەر پرسی دەستوور کاردەکەن زمانی کوردی بەباشی نازانن و ناتوانن بەکوردی یاساییانە بیربکەنەوە، دەتوانین بڵێین کە سەرتاپا رژێمی بیرکردنەوە کوردی نییە. (لێرەدا چەمکی ڕژێمی بیرکردنەوە فۆکۆییانە بەکاردەبەین، لەسەر هاوتای چەمکی ڕژێمی ڕاستی). 
زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە، بەڵام وەک زۆر زمانەکانی تری رۆژهەڵات زمانی سیستەم نییە بەڵکو زمانی هەستە، بۆیە دەربڕینی هەست و سۆز، بەتایبەتی بەزمانێكی ئەدەبی، تیایدا ئاسانە، لەبەرامبەردا دەربڕین بەزمانی سیستەم ئاسان نییە، چونکە پێویستی بەبونیادنان و ئامادەکاری هەیە، ئەمەش لەتوانای زۆربەی یاسا داڕێژەراندانیە لەکوردستان. بۆیە لیژنەی دەستوور ئەگەر دروست بکرێت دەبێت شارەزاییەکی زمانی تیادابێت. سەرباری ئەمە دەقی دەستوور زۆرجار پڕ لەپەنهان دەمێنێتەوە. ئەم دیاردەی شاعیریبوونی دەقی یاسایی لە چین زۆر بڵاوەو کێشەی گەورە بۆ غەیرە چینییەکان دروستدەکات.
لێرەدا پێم باشە رووداوێکی سەرنجڕاکێش لەمێژووی ئەمریکا بگێڕمەوە.
رۆژێک لەساڵی ١٩٤٧ سێ نیمچە شێت لەشاری پرینستۆنی ئەمریکییەوە بەئۆتۆمبیل دەڕۆن بۆ ترینتۆن. سێ شێتەکە یەکێکیان ناوی ئاینشتاینە، کە ناسراوە، ئەویتریان ئۆسکار مۆرگنشتێرن، کە خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە دەبێت و لەدونیادا بە ئەوە ناسراوە کە دۆزەرەوەی تیورەی یارییە game theory سێیەمیان فەیلەسوف و لۆجیکناسی ناسراو کوێرت گۆدێلە. هەرسێکیان هەڵاتووی دەستی نازین. بۆنەکەش ئەوەیە کە کوێرت پاسەپۆرتی ئەمریکی وەردەگرێت. بۆ گاڵتە لەڕێگادا ئاینشتاین سەردەخاتە سەر کوێرت و پێی دەڵێت، خۆت ئامادەکردووە بۆ تاقیکردنەوەکە؟ مەبەستی لەئەوەیە کە لەکاتی پێدانی پاسەپۆرتدا پرسیار دەربارەی دەستووری ئەمریکی دەکەن. کوێرت لە وەڵامدا دەڵێت ماوەیەکە لەدەستووری ئەمریکی دەکۆڵمەوە، ئەوەم بۆ دەرکەوتوە کە لەڕێگای ئەم دەستوورەوە دەتوانیت جاڕی دیکتاتۆرییەت بدەی بەبێ ئەوەی پێویستت بەکودەتا هەبێت. ئاینشتاین و مۆرگنشتێرن دەزانن کە کویرت گۆدێل بلیمەتە، بەڵام لەئاستی سیاسیدا کەمێک سادەیە. بۆیە داوی لێدەکەن کە ئەو پرسە لەدادگا نەوروژێنێت. بەڵام ئەم ئامۆژگارییە هیچ سوودی نییە، کوێرت پرسەکە لەدادگا دەوروژێنێت، بەڵام دادوەرەکە ئاینشتاین دەناسێت و ناهێڵیت کویرت زۆر قسە بکات دانیشتنەکە کۆتایی پێدێنێت، ئەمرۆ لەدونیادا لوپهۆڵ یان بۆشایی یاسایی گۆدێل ناسراوە. ئەوەی گۆدێل لەدەستووری ئەمریکیدا هەستی پێکردبوو ئەوەبو کە لدەقی دەستوورەکەدا بڕگەی هەموارکردنەوە هەیە. ئەمڕۆ لەزۆربەی دەستوورەکانی دونیادا، بڕگەیەک یان زیاتر دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستوور هەیە. گۆدێل دەڵێت بەپێی ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە دەتوانرێت هەر ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە لاببرێت، پاش ئەوەی کە لە قازانجی کەسی بە دیکتاتۆربوودا هەموار دەکرێتەوە. ئەم دیاردەیە کەمێک هاوشێوەیی هەیە لەگەڵ یاسای راگەیاندنی باری نائاساییدا، کاتێک یاسا خۆی پەکدەخات، بەپێی خواست یان دەسەڵاتی سەروەر، بەپێی پێناسە بەناوبانگەکەی کارل شمت. ئەمە دەرخەری ڕەهەندە ترسناکەکەی دەستوورە کە چەندێک دەتوانرێت بکرێت بە ئامرازی سەرکوتکردن. 
کاتێک لەهاوڕێیانم پرسی دەربارەی پێویست بوونی دەستوورێک بۆ هەرێم، بڕی زۆریان بەپێویستیان زانی، بەڵام کۆمەڵێک نیگەرانیان هەبوو، لەهەر دیاریترینیان جێبەجێنەکردنییەتی. هەبوونی دەستووری جوان بەڵام کار پێنەکراو، یەکێکە لەدیاردە بڵاوەکانی دونیا. ئەمە خەسڵەتی سیستەم سۆشیالیستییەکانە. لەکاتێکدا سیستەمە سۆشیالیستییەکان زۆر بەخشندەن لەوشەی بریقەدار، بەڵام لەبەر نەبوونی ئازادی تیایاندا، هەمیشە دەستوور تەنها بەدەقێکی پڕوپاگەندەیی دەمێنێتەوە. دەکرێت بڵێین وەک شتێکی جوانی بێکەڵک، تەنها سوودی نۆرماتیڤیشی نییە، چونکە کەس بۆی نییە رەخنە بگرێت یان پەنای بۆ بەرێت یان سوودی لێببینێت. بۆیە بنەمای پیادەکردنی دەستوور بوونی ئازادییەکانە. بەڵام بە سوودبینین لەتێزی ئەمارتیا سین، ئازادی سوودی نییە ئەگەر لەگەڵیدا زەمینەی پیادەکردنی گەشە نەکات. کەسێک بۆ ئەوەی ئازادبێت دەبێت توانای ئازادبون و پیادەکردنی ئازادی پێبەخشرابێت.
زۆرجار ئەوە روودەدات کە دەستوور دەرفێندرێت. مەبەستم لە ئەمە ئەوەیە کە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک تیایدا زەق دەکرێتەوەو هەموو ئەوانیتر پشتگوێدەخرێت. ئەمجۆرە مامەڵەیە وەها دەکات کە دەستوور نەبێتە رەنگدانەوەی رۆحی کۆمەڵگاو خەڵکەکانی. دەستوور دەبێت لەخۆگربێت، کۆکەرەوەبێت، کۆمەڵگای کوردستانی پێ بناسرێتەوە. ئەگەر سەیری پێشەکی پرۆژەی دەستوور بکەیت، دەبینیت کە کۆمەڵێک تراژیدیای ڕیزکردووەو دەڵێت ئێمە کە ئەمانەمان بەسەر هاتووە ئەم دەستوورە رادەگەیەنین. ئەگەر ئەخلاقی سیاسی ئێمە لەسەر بنەمای تراژیدیاکانمان بێت ئەوا دەبێت بنەمای ئەوە دابڕێژێت کە چۆن کۆتاییان پێبهێنرێت. بەم پێیە دەستوور دەبێت جاڕنامەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بەمانا فراوانەکەی. لەدونیای ئەمڕۆدا دەستوور ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە، چونکە رەوشتگەرێتی کۆتاییهاتووە. ئەوەی رەفتاری مرۆڤەکان دادەڕێژێت ئابوورییە. لەهەمانکاتدا کۆمەڵە هێزێک کاریگەرن لەژیان و ژیاری ئێمەدا کە هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەریاندا نییە، بۆ نموونە بازاڕی جیهانی، ململانێی زلهێزەکان، تەکنەلۆجیا، دراوو زۆر بواری تر.

وتاری زیاتر

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      50 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      34 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      35 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      59 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      86 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      117 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      71 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      92 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      71 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      99 جار بینراوە




جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      127 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      78 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      79 جار بینراوە


سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      86 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      66 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      103 جار بینراوە



رەخنە چییە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-12 18:56      150 جار بینراوە

بایدن و مافەکانی مرۆڤ‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-05 14:36      179 جار بینراوە

کچانی کۆبانێ‬ د.سەردار عەزیز
2021-03-29 22:59      195 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو