پێشڕەو مەلا وەیسی

یەكێتی لەخەمی ئازادی و رۆژنامەنووساندا

  2021-05-14 17:53      58 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا روویدا لە بادینان تەواو پێچەوانەی پرەنسیپ و خواستەكانی یەكێتی بوو، لەبەرئەوەی یەكێتیی بە درێژایی مێژووی خەباتی، بڕوای تەواوی بە بۆچوون و رای جیاواز هەبووە، بۆیە هیچ كات لە بیری جیاواز نەترساوە و هانی رۆژنامەنووسان و نووسەرانیشی داوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا قسەی خۆیان هەبێت، بەوەش دەتوانرێت كۆمەڵگە لە كۆمەڵگەیەكی راوەستاو و مردووەوە بكرێتە كۆمەڵگەیەكی زیندووی خاوەن بڕیار.

بۆچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان هاتووەتە دەنگ؟ وەڵامی ئەو پرسیارە روونە، لەبەرئەوەی یەکێتی حزبی سەرجەم چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستانە بە هەموو بیروڕا جیاوازەکانەوە، جا بۆیە خەمی هەمووانی گرتووەتە ئەستۆ.

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی یەكێتی بدەینەوە دەبینین هەر لە شاخەوە گرنگییەكی تەواوی بە بواری رۆژنامەوانی و نووسین و نووسەران و هونەرمەندان و ….هتد داوە و هەر لەوێشەوە لەپاڵ خەباتی شۆڕشگێڕیی و بەگژدا چوونەوەی زوڵم و زۆری دوژمنەكانی كورد، چەند رێکخراوێکی تایبەت بە چین و توێژە جیاوازەکان دروستکردووە لە نموونەی یەکێتیی نووسەران و هونەرمەندان و مامۆستایان و…هتد.

یەكێتی لە دوای راپەڕینیش یەكەم تیڤی كوردی و رۆژنامەی رۆژانەی دادەمەزراندووە کە تا ئێستاش بەردەوامن، ئەوەش ئەو راستییە دەردەخات كە ئەو حزبە لە خەمی رۆژنامەنووسان و نووسەراندا بووە کە بەگشتی کایەی رۆژنامەنووسی کایەیەکە کە بەشی زۆری کارەکەی رەخنەیی و بەدواداچوونی کەموکوڕییەکانە لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری.

هەر ئەو فەزا ئازادەش بووە هۆی ئەوەی کە لەدوای راپەڕینەوە زۆرترین كەناڵ و رۆژنامەی ئەهلی و ئازاد لەو سنوور و ناوچەنەدا دەرچوون و پەخشکراون کە بە ناوچەی نفوزی یەكێتی ناسراون بە بێ بوونی سانسۆر و دەستێوەردان، هەروەها یەكەم رۆژنامە و یەكەم كەناڵی ئۆپۆزسیون هەر لە سلێمانی و لەژێر سایەی حكومڕانیی یەکێتیدا دادەمەزراوە، ئەگەرچی بەشێكی سەرەكیی كارەكانیشیان دژبە خودی یەكێتی بوون لەسەر ئاستی عزبی و ئیداریش.

ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆرترین رۆژنامەنووس و میدیاكار و میدیای ئازاد لە سنووری یەكێتیدا بێت و تادێت روو لە زیاد بوون و گەشەسەندنی زیاتریشدان.

بۆیە لەهەر كوێیەكی ئەم كوردستانە ویستێك هەبێت بۆ نەهێشتنی دەنگی ئازادیی رۆژنامەنووسان و نووسەران و چالاكوانان، ئەوا یەكێتی پارێزەر و داكۆكیكاریان بووە و دەبێت لە چوارچێوەی یاسا و رێساكانی كاری رۆژنامەوانیدا، وەك ئەوەی لەم ماوەیەدا بینیمان، بۆیە دەڵێین یەكێتی پارێزەری راستەقینەی رۆژنامەنووسان و دەنگی ئازادە و پشتیوانیی فیعلیشیان بووە، ئەگەر رۆژنامەنووسێك سكاڵای لە هەر لێپرسراوێكی یەكێتی هەبووبێت، بێ گوێدانە پلە و پۆستەكەی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە و بردویانەتە بەردەم دادگا، ئەگەر ناهەقی كردبێت یاسا رێكاری یاسایی خۆی گرتووەتەبەر، ئەگەر نا ئەستۆ پاكی خۆی لەبەردەم دادگا سەلماندووە، لە هەمانكاتدا دەشیتوانی داواكراوەكەی خۆی نەنێرێتە بەردەم دادگا و رێكاری لێكۆلینەوەكانیشی بە ویستی لێپرسراوەكەی خۆی بگۆرێ، نەك ئەوەی نەكردووە بگرە لەدوای لێكۆڵینەوەكانیشەوە كە دەركەوتووە لێپرسراوەكەی خۆی هیچی لەسەر نییە نەشی هێشتووە رۆژنامەنووسەكەش تووشی سزا ببێت.

لەبەرئەوەیە دەتوانین ئەو مافە بەخۆمان بدەین و بڵین بەڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەق پارێزەری رۆژنامەنووسان بووە چ لە رابردوو چ لە ئێستاو چ لە داهاتووشدا.

وتاری زیاتر


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو