کارۆخ خۆشناو

(وانەیەک لەنامەیەک)ی هندییە سوورەكانەوە!

  2021-05-16 15:51      96 جار بینراوە        کۆمێنت

لەئێستادا گرنگە ئێمەی خەڵکی کوردستان وانەیەک لە هیندییە سوورەکانەوە فێربین، تاکو هاوشێوەی ئەوان خاکی خۆمان خۆش بوێت، ئایا دەزانن هیندییە سوورەکان چەندە خاکی خۆیان خۆشویستووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێت ئەم نامەیەی خوارەوە بخوێنینەوە، ئینجا تێدەگەین چەندە گرنگە ئێمەی کوردیش وەک (سیاتێل)ی سەرۆک خێڵی هیندیە سوورەکان، خاکی کوردستانمان خۆش بووێت!
ساڵی (1854) فرانکلین پێرس سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا نامەیەکی نارد بۆ "سیاتێل"ی سەرۆک هۆزی هیندییە سوورەکان و داوای لێکرد زەوییەکانیان بەحکومەتی ئەمریکا بفرۆشن، سەرۆک هۆزەکە وەڵامی بۆ سەرۆکی ئەمریکا ناردەوە، وەڵامێک کە نیشاندەری شێوەی روانینیان بوو بۆ مرۆڤ و ژیان و خاک و جیهان، نامەکەی سەرۆکی ئەمریکام لەبیر نەماوە، بەڵام نامەکەی سەرۆک هۆزی هیندییە سوورەکانم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە، کە دەڵێت: بۆ سەرۆکی گەورە لە واشنتن، شینایی ئاسمان و تینی زەوی چۆن دەفرۆشرێن؟ ئێمە خاوەنی پاکیی هەواو زوڵاڵیی ئاو نین، چۆن بەئێوەیان بفرۆشین؟ ئەم خاکەو هەرچی تێیدایە بۆ ئێمە پیرۆزە، گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان، لمی کەنار رووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و رەنگی مارو مێروو، هەموویان لە بڕواو بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن، ئەو شیلەیەی بەنێو دەماری دارەکاندا دەگەڕێ خولیاو خەونی ئێمەی تێدا مەییوە، خاک لەناخی ئێمەدایە، ئێمە بەشێکین لەخاک و خاکیش پارچەیەکە لەئێمە، گوڵان بەبۆن و بەرامیانەوە خوشکی ئێمەن، کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆ برامانن، رەوەزبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ و مەزارو تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لەخێزانێکن، ئەو ئاوە زوڵاڵەی بە جۆبارو رووبارەکاندا دەڕوا تەنیا ئاو نییە، خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە، ئەو زەوییانەشتان پێ بفرۆشین، دەبێ لەبیرتان بێ ئێرە بۆ ئێمە پیرۆزەو ئەو سێبەرو تارماییانەی بەو ئاوە زوڵاڵانەدا دێن هەموویان بیرەوەری و بەسەرهاتی ژینی ئێمە دەگێڕنەوە، زەمزەمەی ئاو، دەنگی باوو باپیرانی ئێمەیە، رووبارەکان پشتمانن، تینوێتیمان دەشکێنن، بەلەمەکانمان بەشانەوە دەگرن و بژیوی منداڵەکانمان دەدەن، ئەگەر زەوییەکانمان بەئێوە بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ و منداڵەکانیشتان فێربکەن، کە ئەم رووبارانە برای ئێمەو برای ئێوەن، ئەو نەرمی و بەزەییەی بەبرای خۆتانی رەوا دەبینن، بەو رووبارانەشی رەوا ببینن، لەشارەکانی ئێوەدا شوێنێک نییە مرۆڤ ئارام تێیدا بژی، جێگایەک نییە مرۆڤ گوێ بداتە لەرەی گەڵای بەهاران و ویزەویزی مێروولەكان، رەنگە ئەوانە هەر بۆ ئێمە گرنگ بن کە لەو دەشت و کێوانە ژیاوین، بەڵام مرۆڤ ئەگەر شەوان دەنگی تاقتاقکەرە نەبیستێ و قیڕەی بۆقی گۆماوەکانی نەیەتە گوێ، لەژیان چی بۆ دەمێنێتەوە؟ دەزانن شنەبا ئەو کاتی بەسەر تەنکاواندا دەڕواو وردەشەپۆل دەبزێوێ، شەماڵ ئەوکاتی بۆنی بارانی نیوەڕۆیانی تێدەگەڕێ و بۆنی گەڵای تەڕوبڕی دارکاژەکان بڵاودەکاتەوە، ڕووح و گیانی ئێمەی سوورپێست دەلاوێننەوە، هەوا بۆ ئێمە بایەخدارە، چونکە هەموومان بەهەناسە هەڵیدەمژین، ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بەئێوە بفرۆشین دەبێ لەبیرتان بێ ئێمە شوکرانەبژێری ئەو هەوایەین کە هەڵیدەمژین و ژین بە دەماری زیندەوەراندا دێنێ، باپیرەگەورەی من ئەو هەناسەیەی لەسنگیدا بوو هەتا لەگەڵ دوایین (ئاهـ) لە لێوی هاتەدەرو ماڵاوایی لەژیان کرد.
ئەگەر ئێمە زەوییەکانمان بەئێوە بفرۆشین، ئێوە دەبێ لەگەڵ ئاژەڵی ئەم خاکە وەک برای خۆتان بجووڵێنەوە، بەڵێ! ئێمە کێویین! لەو دەشت و کێوانە گەورە بووین و تێناگەین بۆچی هەزاران کەڵەکێوی دەبێ قڕ بکرێن، ئێوە دەبێ منداڵەکانتان فێرکەن کە زەویی بن پێیان، خۆڵەمێشی باب و باپیرانیانە، دەبێ ڕێزی زەوی بگرن، گەورەیی زەوی لەچاویاندا بێ و بەمنداڵەکانیان بڵێن خاک دایکیانە، ئەو شتەی بەسەر زەویدا بێت، بەسەر رۆڵەکانی زەویشدا دێت، مرۆڤ تف لەزەوی بکات، تف لەخۆشی دەکات.
لەبیرتان بێ مرۆڤ ژێیەکانی سازی ژین وەدەنگ ناهێنێ، خۆی هەودایەکی ژێی ژیانە، ئێوەش یاوەری زەوی بن
سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی

وتاری زیاتر

ئەفغانستان وەک پەندو عیبرەت! ‬ کارۆخ خۆشناو
2021-08-15 17:29      90 جار بینراوە


چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیرادە!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-20 11:56      110 جار بینراوە

(مرۆڤ)سازی و (نیشتیمان)سازی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-11 16:38      103 جار بینراوە




دەستوور فریادڕەسە! ‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-27 00:12      100 جار بینراوە

واژوویەكی مێژوویی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-25 14:12      138 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو