د.سەردار عەزیز

ئایا مەترسی لەئارادایە؟

  2021-05-22 17:55      79 جار بینراوە        کۆمێنت

پیشئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بە ئەرێ یان نەرێ بدەینەوە، لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەو چوارچێوەیە بزانین کە ئێمە تیایدا بیر لەپرسێکی وەها دەکەینەوە؟ ئەگەر کەسێک لەئێستای کوردستاندا بیەوێت وەڵامی پرسیارێکی وەها بداتەوە، بەئاگایی و بێئاگایی ئەوەی رێچکە یان میتۆدۆلۆجی وەڵامەکەی دادەڕێژێت ئەوەیە ئایا چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە کە لەقازانجی نەیارەکەم نەبێت. بۆ نموونە ئەگەر من لەبەرەیەک بم، کە لەسودییەتی بڵێت هەرێم مەترسی لەسەرە، ئەوا وەڵامەکە بە ئەرێ دەدەمەوە، ئەگەر بە پێچەوانەوە لەبەرەیەک بم کە لەقازانجی بێت بڵێت هەرێم مەترسی لەسەر نییە، ئەوا داکۆکی لە نەبوونی مەترسی دەکەم.
یەکەم قوربانی ئەمجۆرە وەڵامە راستییە. یانی یان بەڕاست مەترسی هەیە یان نا، بەهیچ شێوەیەک ئەم پرسیارە وەڵام نادرێتەوە. بۆیە بەگشتی وەڵامەکان بەهیچ شێوەیەک جێگای بایەخ نین. دیارە ئەمە پەیوەندی بەهەستیاری و گرنگیی پرسەکەوە نییە، ئەوەی ئەمڕۆ زاڵە لەکوردستان، دووبەرەکی و شەڕی یەکترە، نەک بیرکردنەوەی زانستی و سەردەمیانە بۆ تێگەیشتن لەپرسێکی ئاڵۆزی وەک ئاسایش.
بەم پێیە دەبێت خۆمان لەو جۆرە وەڵامانە بەدووربگرین. 
کەواتە دەبێت چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە بەبێ ئەوەی ببین بەبەشێک لەو کۆئامێری زەبەلاحی کینەسازییە کە باڵی بەسەر دۆخی گشتیدا کێشاوە؟
یەکەم، دەبێت لەپێودانگێکی گشتیدا بیر لەئاسایش بکەینەوە. ئایا دەوڵەت و حکومەت و سیستەم چ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئاسایشی بوونی خۆیاندا هەیە؟ بۆ هەموو یەکەیەکی سیاسی دوو جۆری گشتی لەمەترسی لەئارادایە، مەترسی لەناوەوە، لەگەڵ مەترسی لەدەرەوە. دیارە ئەم دووجۆرە بەهیچ شێوەیەک دابراونین لەیەکتر. بەڵکو لەزۆر ئاستدا یەکتر تەواودەکەن، چونکە دۆخی ئاسایی سیستەمی نێودەوڵەتی ململانێ و پشێوی و هێزو ترسە.
دووەم، هەرگیز ئاسایشی هیچ هێزێک یان دەوڵەتێک، نە بەتەنها دابین دەکرێت و نە دابڕاوە لە ئەوانیتر. ئاسایش هەمیشە تێکهەڵکێشراوە. کاتێک وڵاتێک تووشی قەیران دەبێت، هەموو وڵاتانی تری پەیوەست پێوەی، دەستوبرد دوو پرسیار لەخۆیان دەکەن، ئایا قەیرانی ناوخۆی ئەوە وڵاتە چ مەترسییەکی هەیە، لەهەمانکاتدا چ دەرفەتێک دەخولقێنێت؟ لەسەر ئەم دوو بنەمایە وڵاتان هەڵوێستیان لە ئەوانیتر وەردەگرن.
سێیەم، سیستەمی نێودەوڵەتی، جێگای بۆشایی تیادانابێتەوە. کاتێک لەجێگایەک بۆشایی دروست دەبێت، ئەوا هەموان ئەو پرسیارە لەخۆیان دەکەن، ئەگەر من پڕی نەکەمەوە، کێ پڕیدەکاتەوە، ئایا ئەو کێیە چ کاریگەرییەکی لەسەر من دەبێت؟ لەئەنجامی ئەمەدا پیشبڕکێ دروست دەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی.
چوارەم، سیستەمی جیهانی و دۆخی سیستەمی جیهانی و سیستەمی هەرێمی هەموو کاریگەریان هەیە لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی ناوچەکان. جۆری سیستەمی جیهانی ئێستا لە ڕاگوزەریدایە، ئەگەری زۆرە بەرەو دوو یان فرە جەمسەری بڕۆین، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر رەفتاری وڵاتان لەگەڵ یەکتردا.
با بۆ نموونە تورکیا وەربگرین:
تورکیا لەپەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە کۆمەڵێک بنەمای هەیە:
یەکەم، نابێت هەرێم ئەوەندە لاوازبێت، چونکە زۆر لاوازبوونی رەنگە ببێتە مایەی بەهێزی پەکەکە، یان بە سوودی پەکەکە بشکێتەوە.
دووەم، نابێت هەرێم هێندە بەهێزبێت کە بچێتە دەرەوەی هەژەمون یان کاریگەری و بەرژەوەندی سیاسەتی تورکیاوە. بۆیە دەبێت جۆرێک لەقەیرانی ئیدارەدراو بوونی هەبێت.
سێیەم، لە پەیوەست بە عیراقەوە، هەرێم دەتوانێت پارسەنگی عیراق بێت کاتێک لەململانێی هەرێمیدا، عیراق لەبەرەی تورکیا نییە بەڵکو لەبەرەی ئێرانە.
چوارهەم، هەرێم نابێت هێندە سەربەخۆبێت کە ببێتە مایەی ئەوەی کە هانی ئەوانیتریش بدات یان ببێتە پشتیوان بۆ ئەوانیتری کورد. بۆیە پشتگیری لایەک یانی هەبوونی دوو لایەنە، کە زەمیەن دەسازێنی بۆ ئیدارەدانی ئیمپراتۆریی لە گەڵ پەراوێزدا.
دەکرێت هەموو ئەمانە لەڕوانگەی ئێرانیشەوە پەیڕەو بکرێت کە لەزۆر ئاستدا، بەشێوازی جیاواز، بەڵام هاوئامانجە لەگەڵ تورکیادا. لەهەبوونی قەیران، پەرتیی، دەستوەردان، سنووردارکردن، هاوسەنگی هەرێمی و زۆر بواری تریش.
کەواتە هەمیشە وڵاتانی تر بەهانەو بەرژەوەندییان هەیە لەوەی کە چۆن هەرێم بەڕێوەبچێت لەزۆر ئاستدا. جا ئەگەر هەرێم نەتوانێت جۆرێک لەئیدارە یان هاوسەنگی لەگەڵ ئەم سیاسەتانەدا دروست بکات ئەوا هەمیشە دەبێت سوتماکی ستراتیژەکانی ئەوانیتر. 
وەک لەجێگای تردا بەدرێژی باسمانکردووە، هەرێم دۆخی تایبەتی پاش جەنگی سارد دروستیکرد. بەگۆڕانی سیستەمی جیهانی ئەم دۆخە دەگۆڕێت. یەکێک لەگۆڕانکارییەکانە ئەوەیە، ئایا هەرێم دەتوانێت بەهەماهەنگ لەگەڵ ئەوانیتردا ئاسایشی خۆی دابین بکات و ببێت بە بەشێک لەدابینکەری ئاسایش، بەتایبەتی بۆ زلهێزە رۆژئاواییەکان؟ ئەمەیە کە بلاخارست ختۆکەی دەدات.

 

وتاری زیاتر

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      50 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      34 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      35 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      59 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      86 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      117 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      71 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      91 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      71 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      99 جار بینراوە




جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      126 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      77 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      123 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      86 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      66 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      103 جار بینراوە



رەخنە چییە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-12 18:56      150 جار بینراوە

بایدن و مافەکانی مرۆڤ‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-05 14:36      179 جار بینراوە

کچانی کۆبانێ‬ د.سەردار عەزیز
2021-03-29 22:59      195 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو