د.سەردار عەزیز

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!

  2021-05-29 17:57      78 جار بینراوە        کۆمێنت

بەرزو ئەلیاسی بەچەند ساڵێکی کەم، پێشئەوەی پێی دەوترێت شۆرشی ئێرانی، لە پادەشتی شاخی داڵەهۆدا لەنزیک سەرپێڵی زەهاو هاتووەتە دونیاوە. لەپاش شۆڕش و هەڵگیرسانی جەنگی عیراق-ئێران، بەرزو لەوڵاتی خۆی هەڵدەکنرێت و لەبیابانێکی تەلبەند لەڕۆژئاوای عیراق دەگیرسێتەوە. لەژیانی هەموو مرۆڤێکدا ساتەوەختێک هەیە، بەئاگایی و بێئاگایی، کە دیدی ئەو کەسە بۆ دونیا تیایدا لە قاڵبدەدرێت، ئۆردگای ئەڵتاش بۆ بەرزو ئەو ساتەوەخت و جێگایەیە.
لەوێ بەرزو هەست بە بێ وڵاتی خۆی دەکات، هەستێک کە هەتا ئەمڕۆ بەشێکی گەورەی دونیابینی ئەو دادەڕێژێت، سەرباری ژیانی زیاتر لەچەندین دەیە لەوڵاتی سوید. ئێستا بەرزو مامۆستای زانکۆیە. دواین کتێبی ئەو دەربارەی ئەزموونی بێدەوڵەتی و بە ئەویتربوونی سیاسییە. 
Narratives of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences 
ئەم کتێبەی بەرزو بەمزووانە بە زمانی ئینگلیزی لەخانەی وەشانی بەناوبانگی پالگرەیڤ بڵاودەبێتەوە. بەرزو بۆ ئەوەی پرسەکەی زیاتر روونبکاتەوە، لەنێوان گەلی فەلەستینی و گەلی کورددا، وەک دوو گەلی بێدەوڵەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەراورد دەکات. میتۆدی بەراوردکاری لەدونیای کوردیدا بوونی نییە، ئەو جۆرە بەراوردکارییەی کە بوونی هەیە هیچ پەیوەندی بەبەرهەمهێنانی زانست و ئەکادیمیاوە نییە. لەمیانەی بەراوردی نیوان کوردو فەلەستینییەکان ئەوەی جێگای سەرنجە شێوازی وێناکردنیەتی. دەوڵەتی فەلەستینی لەزۆر لەناوەندە جیهانییەکاندا وەک هەنگاوێکی پۆزەتیف و سەقامگیرکەر بۆ ناوچەکە دەبینرێت. بەڵام لەپرسی کورددا دۆخەکە بەپێچەوانەیە، ناوی دەوڵەتی کوردی وەک مایەی ناسەقامگیریی ناوچەکە ناودەبرێت. بەم پێیە گێرانەوەکانی هەردوو پرسە تەواو پێچەوانەن. هۆکارەکانی ئەمە زۆرن. ئەم دوو دیدە زاڵە کاریگەریی لەسەر دەروونی مرۆڤ کوردو فەلەستینی داناوە. ئەوەی لەپرسی فەلەستیندا هەیە ئەوەیە کە ئایا چارەسەری پرسەکە لەڕێگای یەک دەوڵەتەوەیە یان دوو دەوڵەت؟ بوونی دەوڵەت لەکرۆکی چارەسەرەکەدا بەتەواوی پێچەوانەی ئەو چارەسەرانەیە کە بۆ پرسی کورد پێشنیار دەکرێت. بەڕەوانەبینی دەوڵەت بۆ کورد، کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونیی زۆر کوردیش کردووە بەوەی دەترسن ناوی دەوڵەت بهێنن. ئەمە جۆرێکە لەگەیشن بەئامانج، لەلایەن نکوڵیکەران لەدەوڵەتەوە، لەهەمانکاتدا جیاوازی تری زۆر هەیە لەنێوان هەردوو پرسەکەدا، بۆ نموونە زۆربەی موسڵمانان پرسی بێدەوڵەتی فەلەستینییەکان وەک پرسی موسوڵمان دەبینێت، بەڵام پرسی کورد نەک هەر بەپرسی موسوڵمان نابینرێت، بەڵکو وەک دژ بەموسوڵمان دەبینرێت. 
جێگای سەرنجە کە هاوشێوەییەک هەیە لەنێوان ئەم دیدەو دیدی چەپەکان بۆ پرسی کورد. بەلای زۆرێک لە چەپەوە پرسی کورد پرسێکی ناسیونالیستییەو لەخزمەت ئیمپریالیزمدایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی فیکریی و سیاسیی ڕەوتی چەپ لەگەڵ بیری ناسیونالیزمداو هەوڵدان بۆ نابوتکردن و ناشیرینکردنی ئەوجۆرە بیرکردنەوەیە. ئەم قەیرانە فیکریی و ئەخلاقیەی چەپ کورد باجەکەی دەدات، بەڵام بۆ چەپ هەمیشە سەرکەوتنی ئایدەلۆژی گرنگترە لەئازاری ئەوانیتر.
بێدەوڵەتی پرسێکی پشتگوێخراوە لەئاستی ئەکادیمی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەدا. بەفەرمی ژمارەی خەڵکانی بێدەوڵەت لەدونیادا تەنها بەچەند ملیونێک لەقەڵەم ئەدرێن. دیارە کورد وەک خەڵکێکی بێدەوڵەت لەقەڵەم نادرێن، چونکە هاووڵاتی وڵاتێکن، گەرچی لەهەناو ئەو وڵاتەدا خەڵکانی بێماف بن. بەم پێیە یەکێک لەچارەسەرەکانی بێدەوڵەتی هاووڵاتی بوون و مافە. بەڵام بەرزو ئەم شێوازە لەتێگەیشتن لەپرسی کورد بەهەڵە دەزانێت و کورد وەک گەلێکی بێدەوڵەت لە قەڵەم ئەدات.
بێدەوڵەتی تەنها بێبەریبوون نییە لەهەبوونی کۆمەڵێک دەزگا، بەڵکو لەهەموو ئاستێکی ژیانی کەسەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە. ئەم پرسە تەنانەت بەئەوەش چارەسەر نابێت کاتێک کورد دەبنە هاووڵاتی وڵاتێکی تر، جیاواز لەوڵاتانی ناوچەکە، بۆ نموونە لە ئەوروپاو ئەمریکا. مانەوەی کاریگەریی بێدەوڵەتی کورد لەسەر تاکی کورد لەدەرەوەی کوردستان بۆ خۆی ئاماژەیە بۆئەوەی کە پرسی هاووڵاتیبوون چارەسی بێدەوڵتی ناکات. لای هەندێک بێدەوڵەتی لەدونیای دەوڵەتدا جۆرێکە لەپەشۆکان trauma. تراوما ئەو جۆرە پەشۆکانەیە کە کاتێک تاک بەدەستییەوە دەناڵێنێت هێندە قوڵ و کاریگەر و گەورەیە کە ناتوانێت بەرگەی بگرێت، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەو خەڵکانەی کە بەرزو دیداری لەگەڵداکردوون بۆ کتێبەکەی هەموویان هاووڵاتی وڵاتێکی ترن لەدەرەوەی زێدی خۆیان، بەڵام هێشتا کاریگەریی بێدەوڵەتی بەزەقی لەسەریان دیارە. هەرئەمەشە هۆکاری ئەوەیە کە یەکێك لەسەختترین پرسیارەکان کە لەمرۆڤی کورد بکرێت، لەدەرەوەی زێدی خۆی، ئەوەیە کە خەڵكی کوێیە؟
کاتێک خەڵکی لەکەسێک دەپرسن کە خەڵكی کوێی، ئاماژەیە بۆئەوەی کە دەبێت هەموو کەسێک خەڵکی شوێنێک بێت و ناکرێت هیچ کەسێک خەڵكی هیچ کوێ نەبێت، ئەمەش هەروەها ئاماژەیە بۆ زاڵبوونی سیستەمی دەوڵەت بەسەر رێکخستنی جیهان و سیستەمی نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر گۆی زەویی. لەکاتی پرسیاری ئەوەی ئایا خەڵكی کوێی؟ دەکرێت بڵێیت خەڵکی وڵاتی دووەمم، بەڵام زۆرێک لە خەڵک بۆ ئەو مەبەستە پرسیارناکەن و ئەو جۆرە وەڵامانە وەک گاڵتە مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. لەبیرم دێت نزیکەی پانزە ساڵە لەمەوپیش لە ڤییەنا بووم، کە خەڵکی لێیان دەپرسیم خەڵکی کوێم، چەند جارێک بۆ خۆشی وتم، ئایرلەندیم، بەڵام زۆرجار خەڵكی لەقاقای پێکەنینی دەداو دەیانگوت کوا قژت سوور نییە. 
بێدەوڵەتی کێشە بۆ بونی ماف و هاووڵاتیبوونیش دروستدەکات. کەسێک کە ئەزموونی ئەمەی کردووەو کاری فەلسەفی لەسەر کردووە هانا ئارێنتە. ئارێنت لەکۆمێنتی لەسەر دیدێکی ئیدمۆند بێرک، لەسەردەمی شۆڕشی فەرەنسیدا کاتێک باس لەمافی پیاو یان مرۆڤ دەکرێت، ئەو دەڵێت مرۆڤ بوونی نییە، ئەوەی هەیە کەسی ئینگلیزی یان کەسی فەرەنسییە، ئینگلشمان، فڕینچمان. هەبوونی ماف وەک ئینگلیزێک باشترە لەمافێکی ئەبستراکی مرۆڤی. ئەم دیدە دەرخەری ئەوەیە کە ئەوەی کە تەنها مرۆڤە، کەسێکی بێ پشت و پەناو بێ لانکەو لە ئەنجامدا بێ مافە. ئارێنت جەخت لەسەر ئەم دیدە دەکاتە، تەنها مرۆڤبوون مایەی لاوازی و دەربەدەری و نەبوونی ئاسایش و بێمافییە. هەر لەم روانگەیەوەیە کە ئارێنت رەخنە لەمافی مرۆڤ دەگرێت کە مافی ئەندامانی دەوڵەتە، نەک مرۆڤ. لەڕاستیدا ئەوەی پێویستی بەمافە، ئەو کەسەیە کە بێدەوڵەت یان دەوڵەتی خۆی دەیچەوسێنێتەوە، مافی مرۆڤ ناتوانێت هیچی بۆ دابین بکات. ئەمەشە پاشخانی ئەوەی داڕێژاوە کە بێدەوڵەتی لای کەسێکی وەک مایکڵ ئەگناتێف بوونە لەدۆزەخێکی مۆدێرندا. بۆیە هەمیشە کاتێک باس لەمرۆڤی بێدەوڵەت دەکرێت، هەرگیز وەک هاوتای مرۆڤەکانی تر باس ناکرێت، بەڵکو هەمیشە هەوڵدەدرێت کە لەژێر باڵ و سایەی مرۆڤە خاوەن دەوڵەتەکاندا جێگایەکی بۆ بکرێتەوە. بەڵام مرۆڤ نابێتە مرۆڤ لەسایەی مرۆڤێکی تردا، بەڵکو مەرجی بوون و سەربەخۆیی بوونییەتی بەخاوەن هێزو سەروەریی خۆی. 
بێدەوڵەتی هەر تەنها مافەکان لەمرۆڤەکان ناسێنێتەوە، بەڵکو مرۆڤەکان دەکاتە بوونەوەری نامرۆیی. لەسیستەمی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان دابەشکردووە مرۆڤی کورد وەک نەفرەتلێکراوێکی جێگای مەترسی و تۆقاندن دەبینرێت. بەتیرۆریستکردنی مرۆڤی کورد، مانای ئەوەیە کە ئەم مرۆڤە خاوەن هیچ بەهاو ئایدیاو ئاگایی و خەسڵەتی مرۆڤبوون نییە. وەک تیری ئیگلتۆن باسی دەکات تیرۆریست یانی بەتاڵبوون لەئایدیا، لەپرس و بوون بەکەسێک کە تەنها دەتۆقێنێت لەپێناو تۆقاندن. بەم پێیە تیرۆریست ئەو کەسەیە کە تەنها دەبێت رووبەڕووی مەرگ ببێتەوە، هیچ شتێکی نییە هەتا گوێی لێبگیرێت یان دانوستانی لەگەڵدا بکرێت. ئەمە باڵاترین شێوازی لەمرۆڤخستنە. لەمرۆڤخستن پرۆسەیەکی چەند قۆناغییە، کە تیایدا مرۆڤ لە دوا قۆناغیدا دەگاتە ئاستی ئاژەڵێکی دڕندە. 
لەدوا چاپتەردا کتێبەکە قسە لەسەر قسەنەکردن لەسەر بێدەوڵەت دەکات. لەدونیای ئەکادیمی ئەمڕۆدا دۆخی بێدەوڵەتیی ئەوەندە جێگای بایەخ نییە، وەک جودیت باتلەر دەڵێت ئەوە پرسێکی ساڵانی هەشتاکان بوو، ئێستا هیچ شتێکی سەرنجڕاکێش نییە لەبارەوەیە بوترێت. ئەمە جۆرێکە لەتاوانبارکردنی ئەکادیمیا. دیارە ئەکادیمیا لەسەر بنەمای گرنگی و مرۆیی و ڕەوایی و دادپەروەری هەڵناسوڕێت. پاڵنەری هەرە سەرەکی ئەکادیمیا هێزو بازاڕە. سی ساڵ لەمەوپێش بەدەگمەن چیناسێکت لەدونیادا دەبینی، ئەمڕۆ کەم زانکۆ هەیە لەدونیادا چین بابەتی لێکۆڵینەوەیان نەبێت. ئەمەش بۆ پرسی کورد راستە. پێش دروستبوونی حکومەتی هەرێم، کورد دڵخۆش دەبوون ئەگەر لەڕۆژنامەیەکدا ناویان بهاتایە. هەرچەندە دۆخی کوردی ئێستا لەقۆناغێکی هەستیاردایە.
کتێبەکەی بەرزو لەچەندین لایەنەوە جێگای بایەخ و سەرنجە. بۆچی دوو پرسی هاوشێوەی وەک کوردو فەلەستین، کە بەشێوازی جیاواز بێدەوڵەت بوون، مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جودایە؟ ئەم پرسە لەساتەوەختی ئێستادا کە زۆرێک کورد سۆزیان بۆ فەلەستینی هەیە، جێگای سەرنجە. لەهەمانکاتدا پرسی ئەوەی ئایا چ جۆرە مرۆڤێکی کاتێک بێدەوڵەتی لەناو کایەی دەوڵەتدا، وەڵامی ئەم پرسیارە رەنگە چەمکی بان-ی ئەگامبین بۆی گونجاوبێت. بان بەمانای فەرامۆشکراو، بەڵام ئازادنەکراو دێت. هەروەها وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەوڵەت چارەسەرە، بێگومان دیدی ئایدیالیزم نەخێر، چونکە هەموو دەوڵەتێک بریتییە لەپرۆسەی رێکخستنی گروپێک لەخەڵك لەپانتاییەکدا بۆ بەرهەمهێنانی هێز، ئەم هێزە مەرج نییە هەمیشە لەپێناو چاکەدا بەکارببرێت. بەڵام ئەڵتەرناتیڤی بێدەوڵتی لەدەستدانی هەموو خەسڵەتەکانی مرۆڤبوونە.

وتاری زیاتر

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      50 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      34 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      35 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      59 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      86 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      117 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      71 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      91 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      71 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      99 جار بینراوە




جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      127 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      79 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      123 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      86 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      66 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      103 جار بینراوە



رەخنە چییە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-12 18:56      150 جار بینراوە

بایدن و مافەکانی مرۆڤ‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-05 14:36      179 جار بینراوە

کچانی کۆبانێ‬ د.سەردار عەزیز
2021-03-29 22:59      195 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو