د.سەردار عەزیز

ئایا ئێمە دەتوانین حوکمی خۆمان بکەین؟

  2021-06-07 22:45      66 جار بینراوە        کۆمێنت

ئاراستەکردنی ئەم پرسیارە ئاڵۆزە. ئەوە کێیە دەپرسێت، ئەو کەسەی کە بەشێکە لە ئەو ئێمەیە، بەڵام لە دەرەوەی ئەو ئێمەیە، دەربارەی توانای ئەو ئێمەیە دەپرسێت، لەحوکمکردنی خۆی! ئەو ئێمەیە ئاسان نییە. ئێمە یانی خەڵکانێک پێکەوە، کە دەتوانن یان توانیویانە هاوبەشییەکی وەها لەنێوان خۆیاندا دروستبکەن، کە ببنە یەک یەکە یان خاوەن رایەڵەی هاوبەشی وەها کە بتوانن وەک یەک، لەدونیادا بجوڵێن. 
پرسی دروستکردنی ئێمە، شێوازی زۆرە. بەڵام لێرەدا من جەختم لەسەر حوکم و حوکمکردنە. هەرچەندە بەڕای من ئەستەمە بتوانیت حوکمی کۆمەڵگایەکی پەرتەوازە بکەیت، کۆمەڵگای بێ ئێمە. بەڵام با جارێ کەمێک قسە لەسەر حوکم بکەین.
حوکمداری هونەرێکی نوێیە. لەناوچەی خۆماندا هێشتا بەتەواوی نەگەشتووەو نە لێی تێگەشتویین. حوکمداری مانای کۆنترۆڵکردن نییە. کاتێک هێزێک کۆمەڵگایەک کۆنترۆڵ دەکات ئەوا مانای وەهایە کە ناتوانێت حوکمی بکات بۆیە دەیەوێت لەجوڵەی بخات و ئازادی تیادا بکوژێت بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بێت. کەواتە دیکتاتۆرییەت، ستەمکاری، تۆتالیتاری، تاک دەسەڵاتی، بەهیچ شێوەیەک ناچنە خانەی حوکمدارییەوە. 
بەم پێیە کرۆکی حوکمداری ئازادییە. ئەمەش وەها دەکات کە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەنێوان حوکمداریی و لیبرالیزمدا بوونی هەبێت. لیبرالیزم جودایە لە نیولیبرالیزم. نیولیبرالیزم بڕوای وەهایە کە بازاڕ دەتوانێت هەموو پرسەکانی هەناو کۆمەڵگا چارەسەر بکات. ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ نموونە توێژی بازرگانی نەخۆش وەربگرە لەکوردستان. بە بوونی نیولیبرالیزم، کە یانی تەشەنەکردنی عیادەو نەخۆشخانەی تایبەت لەبەرامبەر خەستەخانەی گشتیدا، وەهایکردووە کە نەخۆش لەکەسێکی ئازارداری پێویست بەهاوکاری بگۆڕدرێت بۆ کڕیارو سەرچاوەی داهات. لەئەنجامی ئەمەدا هەبوونی نەخۆش باشە، چونکە دەبێتە مایەی زۆری داهات. دەرئەنجامی ئەمە ئەوەیە کە کەرتی رێگریی لەنەخۆشی و خۆپارێزی پشتگوێدەخرێت و کەرتی چارەسەرو بەکارهێنانی دەرمان و نەشتەرگەریی بڕەوی دەبێت. بەمجۆرە سیستەمێک دروست دەبێت کە یەکتری تەواو دەکەن. کە بنەماکەی لەسەر بوونی نەخۆشی زۆر وەستاوە. 
با بگەڕێینەوە سەر حوکم. ئەگەر حوکمداریی و ئازادی پێکەوە نوسابن ئەوا دەبێت لەنێوان ئەوەی حوکمی دەکرێت و حوکمەتدا جیاوازییەک هەبێت. ئەمەشە جیاکاری نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت یان حکومەت. لیبرالیزمی کلاسیک بۆ داڕشتنی ئەم بنەمایە جەخت لەسەر تاک و ئازادی تاک و حکومەتی سنووردار دەکاتەوە. 
بەڵام ئەمە لەکۆمەڵگای ئێمەدا ئەستەمە کاتێک نە حکومەت رێگە دەدات کۆمەڵگای ئازاد هەبێت و نە کۆمەڵگا دەیەوێت ئازادبێت. ئازادی لێرەدا ئەو مانا شیعریەی نیە کە لە لەدەقی ئەدەبی و دەربڕینی هاکەزایی سیاسیدا دەوترێت. ئازادی کرۆکی سەرمایەدارییە. چونکە سەرمایەداری لەسەر بنەمای سەرکێشی و داهێنان و هەوڵدان دەژی. بۆ ئەمەش پێویستی بە ئازادییە هەتا تاکەکان بتوانن ئەمە بکەن. بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی ئەمە بەڕێوەببات سیستەمی دڵنیایی، ئینشورانس و یاساو پۆلیسی داهێناوە.
کەواتە ئەگەر بمانەوێت حوکمی خۆمان بکەین دەبێت هەموو ئەو بنەمایانەمان تیادابێت. ئیستا با بێینە سەر خۆمان. خۆمان یانی ڕێگرییکردن لەوەی کە لەدەرەوەی خۆت حوکم بکرێیت،  ئەمە تەنها سەربەخۆیی ئابووریی و بوونی سەروەریی و ئازادی و هێزەوە بەردەست نابێت، بەڵکو دەبێت خۆت خاوەن فەلسەفەیەکی حوکمڕانی بیت. نەبوونی ئەم بیرە کرۆکییە بۆ حوکمڕانی وەها دەکات کە هەمیشە سەرگەردانییەک هەبێت لەوەی کە ئایا دەبێت حوکمڕانی چۆن بێت. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە نووسینەوەی دەستووردا دەبێت رووبەڕووی ببینەوە. ئایا ئێمە دەمانەوێت چۆن حوکمی خۆمان بکەین؟ کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارەمان داڕشت ئەوا رۆڵ و پێگەو بواری دامودەزگاکان بەئاسانی دیاری دەکرێت. 
کەواتە حوکمرانی هونەرە. پرۆسەی بەڕێوەبردنی یەکەیەکی هەمیشە گۆڕاوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بێت. لێرەدا چەندێک گرنگە تاکێک خۆی بێت، دەبێت لەمیانەی کۆدا بتوانێت هاوخەمی و هاوبەرژەوەندیی و هاوژینی دروستبکات.
حوکمرانی لەدونیای ئێمەو دەوروبەرماندا وەها دەبینرێت بریتییە لەدەستگەیشتن بەدامودەزگانی دەسەڵات لەپێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت وەک سەرچاوەی هێز هەتا رێگری لە ئەوانیتر بکرێت کە دەیانەوێت بەشیان هەبێت. ئەم جۆرە دونیابینیە کە لە سەر بنەمای بردن و بێبەریکردن و پەراویزخستن و زاڵبوون و ترس دروست بووە، ئەستەمە بتوانێت هونەری حوکمڕانی پیادەبکات. چونکە ئازادی نە بەمانا شاعیرییەکەی و نەبەمانا لیبرال و سەرمایەدارییەکی بوونی نییە. ئەمەیە هۆکاری بەتاڵبوونی دەسەڵاتداریی رۆژهەڵاتی لە مەعریفە. 
دیارە لێرەدا دەبێت ئەوە روونبکەمەوە کە نامەوێت دیدێکی رۆمانسی بۆ سەرمایەداری دروستبکەم. سەرمایەداری لەقۆناغی تایبەتدا زۆر بەباشی لەسیستەمی کۆیلەیەتیدا دەژی. بۆ نموونە سۆشیالیزم کە جۆرێکە لەکۆیلایەتی، دەکرێت بەباشی بچێتە خزمەتی سەرمایدارییەوە وەک لەمۆدێلی چینیدا دەیبینین. ئەمە خۆی لەئەو بە کۆیلەکردنەی ملیۆنان ملیۆن مرڤی گوندیدا دەبینێتەوە، کە لەشارەکانی ئەو وڵاتەدا وەک کۆیلە زۆرترین کار دەکەن و کەمترین ژیانی مرۆییان هەیە. دەکرێت لەهەمانکاتدا ئازادی بکرێت بە کاڵاو هەموو ئەندامان نەتوانن دەستەبەری بکەن، بەتایبەتی کاتێک ئازادی پێویستی بە پارەیە.
لەسەر ئەو بنەمایانە ئایا حوکمداریی چۆن دەکرێت؟ لەساڵانی رابوردوودا بە هۆی زاڵبوونی کەلتوری لیبرالیزم بەسەر دونیادا، کۆمەڵێک چەمک لەدونیای ئێمەدا هێنرانە ئاراوە، وەک بەشێک لەپرۆسەی بونیادی حوکمی لیبرال، وەک کۆمەڵگای مەدەنی، میدیای ئازاد، دیموکراسی، جیاکاریی دەسەڵاتەکان و سنوورڕێژی ناو کایەی دەسەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەیە تێگەیشتنی گشتگیری بوونی نەبوو، لەوەی کە چۆن ئەم بوارە جیاوازانە دەتوانن بەشێک بن لەپرۆسەیەک، زۆرجار هەڵسوڕێنەرانی هەر بوارێک خۆی بە نەیار یان رەخنەگری بوارێکی تر دەزانی. هەموو ئەمە روویدەدا چونکە تێگەیشتنی پەرت پەرتبوونی هەبوو بۆ ئەوەی کە ئایا پرۆسەی حوکمڕانی چۆن دەبێت، یان چۆن حوکمڕانی دێتە دی. 
بۆئەوەی حوکمی خۆمان بکەین، دەبێت ئێمەیەک دروست بکەین. دەبێت ئەو ئێمەیە بزانێت خۆی کێیەو چۆن لەگەڵ خۆی دونیادا مامەڵە دەکات. پاشان دەبێت کۆمەڵگا دروستبکەین، هاوشان حوکمرانی وەک کۆدەزگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەپێناوی خۆدا. ئێستا حوکمڕانی میکانیزم و ئامراز نییە، بەڵکو ئامانجە. ئەوە خەڵکە حوکمدەکرێن بۆئەوەی حوکمرانی بەڕێوەبچێت، کەچی دەبێت بەپێچەوانەوە بێت. 
مرۆڤی ئێمە ناتوانێت بەئاسانی وێنای حوکمڕانی بکات وەک هونەرێک کە تیایدا بەڕێوەچوون بەرهەمدێت نەک حاکم و حاشییە. بڵاوترین وێنەی حوکمداری لەئاگایی گشتی ئێمەدا باوکە. ئەمە دەرخەریی ئەوەیە کە ئێمە هێشتا لەسەردەمەکانی پێش مۆدێرنەداین. 
هەموو وڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێت حوکمی ئێمە بکەن. پرۆسەی حوکمداری ئەوان لەهەناو کۆمەڵێک پرۆسەدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە لەپەراوێزی کۆمەڵێک ناوەنداین، وەک ئیمپراتۆرییەتەکانی پێشوو ئەم ناوەندانە لەمیانەی دروستکردنی درز، گرژی، دژایەتی، دۆست و دوژمن، هەموو بنەماکانی حوکمرانی ئێمە لەهەناو خۆماندا دادەڕێژن. ئەمە هۆکاری هەرە سەرەکی نەبوونی ئێمەو خۆمان و حوکمرانییە. ئەمە ئەمڕۆ لەڕێگای تەکنەلۆژیاوە باشترو ئاسانترو خێراتر بەڕێوەدەچێت. 
کوردەکان دوژمنی یەکترن. چێژ لەدوژمنایەتی یەکتر دەبینن. بەمەش ئەو پێداویستیی و زەخیرانە دابین دەکەن بۆئەوەی کەسێکی تر حوکمیان بکات دژ بەخۆیان.

وتاری زیاتر

قەیرانەکانی خێزانی کوردی‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-16 13:36      50 جار بینراوە

ناین ئیلێڤن ٩١١‬ د.سەردار عەزیز
2021-09-11 17:27      34 جار بینراوە


کۆمیونیزم و جیهادیزم لەگوند‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-27 11:18      35 جار بینراوە

کەوتنی کابول ‬ د.سەردار عەزیز
2021-08-16 19:04      59 جار بینراوە



تڕەکەڵەکی کازمی‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-24 15:40      87 جار بینراوە

تارماییەکانی مەکگۆرک‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-17 19:27      117 جار بینراوە


ئەردۆگان و یاریی کورد‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 17:15      72 جار بینراوە

پاش ئەوروپا‬ د.سەردار عەزیز
2021-07-10 10:08      92 جار بینراوە


بایدن و ئەردۆگان پاش دیدار‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-18 13:53      71 جار بینراوە

بایدن و ئەردۆگان‬ د.سەردار عەزیز
2021-06-09 10:10      99 جار بینراوە



جەمشیدو مەعریفەی بێ رێچکە‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-31 14:48      127 جار بینراوە

نەفرەتی بێدەوڵەتیی!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-29 17:57      78 جار بینراوە

ئایا مەترسی لەئارادایە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-22 17:55      79 جار بینراوە


دەستوورێک بۆ هەرێم؟!‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-10 14:31      124 جار بینراوە

سەما لە سەردەمی بازاڕدا‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-03 15:14      86 جار بینراوە

بایدن و جینۆسایدی ئەرمەنی؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-05-01 16:30      66 جار بینراوە

قەیرانی گەشە لە کوردستان‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-26 18:41      104 جار بینراوە



رەخنە چییە؟‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-12 18:56      150 جار بینراوە

بایدن و مافەکانی مرۆڤ‬ د.سەردار عەزیز
2021-04-05 14:36      179 جار بینراوە

کچانی کۆبانێ‬ د.سەردار عەزیز
2021-03-29 22:59      195 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو