ئاڵۆزیی دۆخی ئەمنی و دۆسێی تیرۆرکردنی رێکخراو لەعیراقدا روو لە هەڵکشانە، ئەگەر لە رابردوودا کوشتنی چالاکانی مەدەنی و رێکخەرانی خۆپیشاندان و رۆژنامەنووسانی کردبێتە ئامانج، ئەوا ئێستا ئەم تیرۆرە رێکخراوە رووە و هێزە ئەمنییەکان و بۆ بە ئامانجگرتنی کەسانی تایبەتمەند لەناو دەزگا هەواڵگرییەکاندا سەردەکێشێت.
چەکدارە نەناسراوەکان هەر رۆژەی دەرفەت لە ئەفسەرێک دەهێنن و دوای دوورخستنەوەیان لە پۆستەکانیان، پاکتاوی جەستەییش دەکرێن، لەم چەند مانگەی رابردوودا بەتایبەتی لەدوای جووڵەی دەزگا هەواڵگرییەکان بەرامبەر هێز و میلشیا چەکدارەکان و دەستبەسەرکردنی هەندێ سەرکردەی ئەو گروپانە، ئەم پاکتاوانە زیادیان کردووە، دوایین کەیسیش رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، تیرۆرکردنی ئەفسەرێک بوو لە دەزگای هەواڵگریی بە پلەی عەقید کە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژرا.
ئەم کردەوانە پێشهاتی مەترسیدار و زەقن کە دەرخەری ئەوەن هێزە ئەمنییەکان و دەزگا تایبەتمەندەکان لە بەرامبەر خواست و ئەجێندای جووڵە پێکراوی میلیشا و هێزە توندڕەوەکاندا دەستەوسانن و توانای زاڵکردنی هەژموونی یاسا و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکەیان نییە، بەڵکو ئەوەی بەناوی جێبەجێکردنی یاسا و دەستگیرکردنی داواکراوانەوە دەبیندرێت، تەنها مانۆڕێکی بێ ئەنجامە.
ئەگەری هەیە هەموو ئەو پێشهاتانە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر هەڵبژادنە پێشوەختە چاوەڕوانکراوەکە هەبێت و بەدووریش نازانرێ کە ببنە هۆکاری پەکخستنی هەنگاوەکانی ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەچوونی لەو وادەیەی کە بۆی دیاریکراوە، چونکە بەدڵنیاییەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکەدا، پێشبینی دەکرێت دۆخەکە زیاتر بەرەو ئاڵۆزیی بچێت و دووریش نییە کار بگاتە ئەوەی کە بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشەی ئەو میلشیا چەکدارانەوە کە دانوویان لەگەڵ پڕۆسەی هەڵبژاردندا ناکوڵێ، دەنگدەران لە بەشداریی لە هەڵبژاردن ساردبکەنەوە و گومانیش بخەنە سەر بەدروستی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و پەکخستنی تەواوەتیی هەڵبژاردن لە هەندێک پارێزگادا.
لەحاڵەتێکی واشدا گەرەنتی هەڵبژاردنێکی خاوێن ئەگەرێکی دوور و چاوەڕوان نەکراو دەبێت.