مستەفا محەمەد

پەیامی پشت هێرشەکەی ئەمریکا عيراق رووەو کوێ دەبات؟

  2021-07-03 17:03      77 جار بینراوە        کۆمێنت

بەئامانج گرتنی هێز و میلیشیاکانی عیراق لەلایەن ئەمریکاوە دەروازەیەکی تری بۆ دەرخستنی مەبەست و مرازی ئیدارەکەی بایدن لە لێدانی راستەوخۆی بەرژەوەندییەکانی ئێران لەناوچەکەدا واڵاکرد و ئەمە بە گوێرەی تێڕوانینی واشنتۆن «وەستانەوەیە بەڕووی ئەو مەزەندەیەی کە تاران بۆ پڕچەککردنی باڵە موالییەکانی خۆی لەناو حەشددا پەیڕەویی لێدەکات».

هێرشەکەی ئەم دواییەش بۆسەر کەتیبەی «سید الشهدا‌و» کە باڵێکی حەشدی شەعبیە لەسەر سنووری سوریا و خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار، ئەوە دەخەنەڕوو کە هێشتا ئەمریکا لە جەنگێکی کراوەدایە لەگەڵ ئێراندا.

بە گوێرەی تێڕوانینی واشنتۆن هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی لە عیراق و ناوچەکە تارانیان لە پشتەوەیە و میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لەوان شەڕی بەوەکالەت لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن. هەموو هەوڵێکی لەو شێوەیەش بێگومان وەڵامی خێرای بەدوادا دێت و دۆخەکە بەرەو تۆنێلێکی تاریک دەبات کە ئەوسەری دیارنییە.

ئەم پێشهاتە دووبارە لە ناوخۆی عیراقدا تەنگژەیەکی زۆری ئەمنی و سیاسی بەشوێن خۆیدا دەهێنێت، بەجۆرێک کە رەنگە حکومەتی کازمی دەرەقەتی نەیەت و بگرە لە ئاستیشیدا لاواز دەربکەوێت، جگە لە پڕۆتستۆکردن و دەربڕینی ناڕەزایی هیچی تری لەدەست نەیەت، ئەمەش بێگومان پێشهاتی مەترسیدارتر دەخوڵقێنن و ئەوەی چاوەڕوانکراوە ئەوەیە کە لە چەند رۆژی داهاتوودا، دیسانەوە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەهەر کوێیەکی عیراقدا بێت «جا چ لەبەغدا بێ یا لەهەولێر» بکرێتەوە ئامانجی «گروپە وەلائییەکان».

ئەمە پێشبینیەکی سەرپێی نییە لەلایەن ئەمریکاییەکانەوە، بەڵکو بە خوێندنەوەی ستراتیژیی باڵە توندئاژۆکانی ناو حەشد بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو هێزانە نیگەرانییەکی سامناک دایگرتوون و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە لەڕێی دامەزراوە یاساییەکانی وەک پەرلەمانەوە ناتوانرێت بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هەژموونی هاوپەیمانەکانی لەعیراقدا قاوبدرێ و حکومەتیش ئەو دامەزراوە بەهێزە نییە بتوانێت ئەرکی وەدەرنانی هێزە بیانییەکان لە عیراقدا بگرێتە ئەستۆ، بۆیە واشنتۆن پێیوایە کە لەحاڵێکی وادا گروپەکانی بابەتی «حزبوڵڵا» و کەتیبەکانی « سید الشهدا‌و « و هەموو ئەوانەش کە وەک ئەوان بیردەکەنەوە لەخۆ گورجکردنەوەدان بۆ هێرشی چڕی سەربازیی پێچەوانە و هەنگاوی یەکەمی پلانەکەشیان بە کێشانەوەی چەکدارەکانیان لە خاڵە سەربازییەکانی سەرسنوور و بڵاوەپێکردنیان لەناوجەرگەی شارەکاندا دەستپێکردووە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو گروپانە ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە کە رۆژانی ئایندە بۆ ئەمریکا گران دەبێت، بێ جیاوازیی ئەوانیش و هاوپەیمانەکانیشیان « تەنانەت ئەگەر لەناو حکومەتی عیراقیشدا بن» دەکرێنە ئامانج و لەدەستیان قوتار نابن! هەموو ئەو پێشهاتانەش تەحەددیەکی گەورە دەبن بۆ ئایندەی رەوتی سیاسی لە عیراقدا و دەبنە مایەی ونبوونی رەوشێکی لەبار بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە رێگەی ئاشتی و دیموکراسی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا، بەتایبەتی لەم سەروبەندەدا کە پێداگریی زۆرێک لە لایەنەکان دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە کاتی خۆیدا و هەندێک لایەن بانگەشەی ناڕاستەوخۆشی دەستپێکردووە.

ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمەوە بۆ کورد هەڵەیەکی ستراتیژی دەبێت ئەگەر خۆی بخزێنێتە ئەو شەڕەوە، گرنگتر لەهەر هەنگاوێک، دەبێت ئەولەویەتی دەستەبژێری سیاسی و پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەت، دوورخستنەوەی ئاگری ئەو جەنگە بێت لەسەر کەشی سەقامگیریی شارەکانی هەرێم، بەتایبەتی پایتەخت، دەبێت لایەنگیریی لە هیچ بەرەیەکی ناکۆک نەکەن چونکە لە قازانجیدا نییە، بەڵکو هەرچی زووە سیستمی ئەمنی و سەربازیی پێویستە رێکبخرێتەوە و سیستمی بەرگریی پێشکەوتوو بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکان بنیاتبنرێت، لەپاڵ ئەوەشدا بەکردەیی ئەو لیوا سەربازییانەی بە هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عیراقدا پێکهێنراون، ئەرکی خۆیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا ببینن و تا دەشکرێت مەترسیەکان لەسەر هەرێم دووربخرێنەوە.

وتاری زیاتر


عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      49 جار بینراوە





















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      445 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      480 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      438 جار بینراوە

کاتێ بانگەشە پـێچەوانەیە‬ مستەفا محەمەد
2018-05-02 14:08      350 جار بینراوە


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو