کارۆخ خۆشناو

ئەمریکا دەمێنێتەوە یان دەکشێتەوە؟

  2021-07-17 17:23      105 جار بینراوە        کۆمێنت

دوای کشانەوەی بەشی زۆری هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، کە چاوەڕوان دەکرێت لە (11س ئه‌یلول/ سێپته‌مبه‌ری 2021) پرۆسەکە تەواو بێت، چەندین پرسیار گەڵاڵە بوون، بۆ نموونە: ئایا كاری له‌پێشینه‌ی ئیداری بایدن گرنگیدانە بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان پێگەی جارانی ماوە لای ئەمەریکا؟ ئایا چارەنووسی عیراق هاوشێوەی ئەفغانستان دەبێت؟ ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق بکشێنەوە، ئایا لەهەرێمی کوردستانیش دەکشێنەوە؟ ئایا هەرێمی کوردستان خۆی ئامادەکردووە بۆ سیناریۆو ئەگەرەکان؟ ئایا چارەنووسمان چی دەبێت لەکاتی کشانەوە یان مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا؟ ئەمانەو چەندین پرسیاری دیكه‌ پێویستە لەخۆمان بکەین تاکو خۆمان بۆ هەموو ئەگەرو سیناریۆکان ئامادە بکەین.
لەم هەلومەرجەدا گرنگە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ 3 سیناریۆ ئامادە بکات: 
1.  سیناریۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق هاوشێوەی ئەفغانستان.
2. سیناریۆی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق.
3. سیناریۆی مانەوە هێزەکانی ئەمەریکا لەهەرێمی کوردستان و کشانەوەیان لەناوەڕاست و خوارووی عیراق.
لێرە دەبێت ئەو راستییە بزانین کەوا پێگەی جیۆپولەتیکی عیراق و ئەفغانستان جیاوازن، بۆیە سیناریۆی یەکەم جێبەجێ ناکرێت، بەڵام سەرکردایەتی کوردستان پێویستە بۆ سیناریۆی دووەم و سێهەم خۆیان ئاماده‌ بکەن و گرەنتی پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکییەکان وەربگرن (بەشێوەیەکی نووسراوی دیکیۆمێنتکراو، لەم چوارچێوەیەدا بڕیارە (مستەفا کازمی) سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی واشنتن بکات و لەڕێکەوتی (26ی ئه‌م مانگه‌) لەکۆشکی سپی لەگەڵ (جۆ بایدن) کۆببێتەوەو گەڕێکی دیكه‌ی دانووستان و گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان (ئەمەریکا و عیراق) بەڕێوەبچێت، ئەم گەڕەی دانووستان لەکاتێکدایە، کەوا بڕیارە دوای دوو مانگ و نیوی دیكه‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەبچێت، (ئەگەر دوانەخرێت) ئەمەریکا بڕیاری داوە بڕی (10) ملیۆن دۆلار هاوکاری پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بکات بۆئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، لەم گەڕەی دانوستاندا (حکومەتی کازمی) لەبەردەم دوو داواکاری سەخت و دژوارە لەلایەن (ئەمەریکاو ئێران)، بەجۆرێک ئەمەریکا داوای چارەسەرکردنی کێشەی میلیشیاکانی نزیك لە ئێران لە کازمی دەکات، بەتایبەت ئەو ملیشیایانەی کە بە "وەلائی" ناسراون، چونکە بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیانەوە بەردەوام هەڕەشەی جددی دەکەنە سەر بەرژەوەندییە دیپلۆماتی و سەربازییەکانی ئەمەریکا، لەبەرامبەردا میلیشیاکانی نزیك لە ئێران داوا لە کازمی دەکەن بڕیاری رۆژی (2020/1/5)ی پەرلەمانی عیراق جێبەجێ بکات، کە تایبەتە بەوەدەرنانی هێزەکانی ئەمەریکاو هاوپەیمانان، مەبەستیان ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عیراقە کە شیعەکان دوای دوو رۆژ لە کوژرانی (قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندس) لەژێر فشاری شەقامی شیعەی "وەلائی" عیراق و ئێران، (بێ بەشداریکردنی کوردو سوننە) دەریانکرد، بەواتایەکی دیكه‌ حکومەتی کازمی کەوتووه‌تە نێوان بەرداشی ئەمەریکاو ئێران، چونکە لەلایەک ئەمەریکا داوای لێ دەکات چارەسەری کێشەی میلیشیا چەکدارەکان بکات و بیانخاتە ژێر چەتری سوپای عیراق، لەلایەکی دیكه‌ میلیشیاکان داوا لە کازمی دەکەن بڕیاری پەرلەمان جێەجێ بکات و هێزەکانی ئەمەریکا لە عیراق دەربکات، حکومەتی کازمیش ناتوانێت هیچ یەکێک لەم دوو داواکارییە جێبەجێ بکات، چونکە نە دەتوانێت رووبەڕووی میلیشاکان بێتەوە، کە "بەردەوام هەڕەشەی گوێ بڕینی لێدەکەن" نە دەشتوانێت دەستبەرداری ئەمەریکا بێت، چونکە عیراق خاوەنی ژێرخانێکی تۆکمە نییە لەبوارەکانی (سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی) تاکو بتوانێت دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا خۆی لەبەردەم هەڕەشەکانی داعش و گروپەکانی حەشدی شەعبی رابگرێت، بەڵام ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کەوا ئیدارەی (بایدن) زیاتر لەحکومەتی ئێران موڕاعاتی حکومەتی کازمی دەکات، بەڵگەش بۆ ئەمە دوای هێرشی درۆن و مووشەکی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر، ئەمه‌ریکا وەڵامی میلیشاکانی سەر بە ئێرانی دایەوە لەناو خاکی سوریاو سەر سنووری نێوان عیراق و سوریا، بەمەبەستی دوورخستنەوەی گۆڕەپانی عیراق لەململانێی راستەوخۆی لەگەڵ ئێران، ئەمەش وەک رەچاوکردن و رێزگرتن لەسەروەری عیراق و دوورخستنەوەی کێشەو ئاڵۆزیی لەگۆڕەپانی عیراق لەقەڵەم درا.
لەبەرامبەردا لەوە ناچێت ئێران وەک پێویست موڕاعاتی حکومەتی کازمی بکات، چونکە هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێک لەگەڵ ئیدارەی (نوێی بایدن) رووینەداوە لەبارەی رێكکەوتنی ئەتۆمی و سووکردنی سزاکانی سەر ئێران، ئەمەش وا لە ئێران دەکات، لەڕێگای میلشیاکانەوە فشار بکاتە سەر ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان و گەڕانەوەی بۆ رێکكەوتنی (5+1)، بەم جۆرە دەتوانین بڵێن کەوا پرسی ئەتۆمی ئێران کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیری عیراق هه‌یه‌.
لەکۆتاییدا پێموایە لەم گەڕەی دانووستانی (ئەمەریکا و عیراق) خشتەیەکی درێژخایەن دادەنرێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بە سێ قۆناغ، ئەم قۆناغبەندییەش چەند ساڵێک دەخایەنێت، كه‌ تا کۆتایی ئیدارەی بایدن ئەمەریکا لە عیراق دەمێنێتەوە، ئەویش بەمەبەستی ریشەکێشکردنی مەترسی داعش و رێگریکردن لەدووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، چونکە بایدن نایەوێت هەمان هەڵەی ئۆمابا دووبارەبکاتەوە، (کاتێک کە هەموو هێزەکانی ئەمەریکای کشاندەوە لەساڵی 2011 ئەمەش بووە هۆی زەمینە خۆشکردن بۆ قاعیدەو داعش و رووداوی کارەساتبار بۆ عیراق و سوریا و ناوچەکە

سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی 
ئەمەریکی-کوردی

وتاری زیاتر

ئەفغانستان وەک پەندو عیبرەت! ‬ کارۆخ خۆشناو
2021-08-15 17:29      90 جار بینراوە

چەکی یەکڕیزی و زانست و ئیرادە!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-20 11:56      110 جار بینراوە


(مرۆڤ)سازی و (نیشتیمان)سازی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-05-11 16:38      103 جار بینراوە




دەستوور فریادڕەسە! ‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-27 00:12      100 جار بینراوە

واژوویەكی مێژوویی!‬ کارۆخ خۆشناو
2021-04-25 14:12      138 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو