بورهان شێخ رەئوف

ئەمریكا و چین بەرامبەر یەکتری

  2021-07-18 14:18      42 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەگەر جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە گەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، لە هەموو سێكتەرەكاندا دژ بە یەك و جیاواز و پێچەوانە بووبن، ئەوا لە مەسەلەی چین- دا هاوڕابوون، بەوەی »پكین دوژمنی پلە یەكی واشنتۆنە.

ئێستاش گریمانەی ناكۆكی و سیناریۆكانی روبەڕوبوونەوە و ململانێكانی نێوان ئەو دوو هێزە گەورە و كاریگەرەی سەر گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، لە هەموو كات زیاترە، لە كاتێكدا حزبی كۆمۆنیستی چینی یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی دەكاتەوە، لەلایەكی ترەوە ئەمریكاش سەرقاڵی تەشقەڵە و جۆشدانی ململانێكانییەتی لە دژی چین لە زۆر بەرەی جیاوازی وەك مەسەلەی تایوان، دۆسییەی مافی مرۆڤ، ئەمە چ جای جەنگ و ململانێی بازرگانی نێوانیان.

چین چۆن پێشكەوت؟
لە دەیەی رابردوودا گۆڕانكارییەكی گەورە هاتە ئاراوە لە دیدوبۆچوونی خۆرئاواییەكان بە گشتی و ئەمریكا بە تایبەتی، بەرامبەر بە دەوڵەت و گەلی چین، چونكە چین ئیتر ئەو ئەسپە هێمن و سەلارە نەما كە تەنها ئابووری جیهان بە دوای خۆیدا رابكێشێت، بەڵكو بوو بە ركابەری سەرەكی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، هەر ئەوەش بوو وای لە (ینس ستولتنبیرگ) ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ كرد بڵێت: چین نزیك دەبێتەوە لێمان لە گەردوونی سیبرانی، لە قوتبی باكوور دەیانبینین، چینییەكان هاوبەشن لە بنیاتنانی ژێرخانی بنەڕەتی ئێمەدا، ئەوكاتە بەسەرچوو كە رستەی (لەچین دروست كراوە) مایەی گاڵتەجاڕی بێت.

دیارترینی ئاماژەكانی گۆڕانكاری لە دیدوبۆچوونی خۆرئاواییەكان لە هەمبەر چین، ئەو كۆشش و تەقەلا زۆر و زەوەندانەیە كە پەیمانگاكانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی و جیۆسیاسی خۆرئاوایی دەستیان داوەتی بۆ ئەوەی لە نهێنی ئەو پێشكەوتنە سەرسوڕهێنەر و ئێجگار گەورانەی چین تێبگەن و بزانن لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا، زۆرێك لە لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانیان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە (دینگ شیاو بینگ) ی سەرۆكی چین لە هەشتاكانی سەدەی پێشوو كە سەركردایەتی ئەو هەستانەوەی وڵاتەكەی كرد توانی چارە بۆ بەربەستی سەرەكی ئابووری سیاسی وڵاتەكەی بدۆزێتەوە. درك بەوە بكات لە چی رێیەكەوە دەتوانێت بەسەركەوتوویی گەشە بە ئابوری وڵاتەكەی بدات، بەبێ‌ ئەوەی دەستبەرداری سەروەری وڵاتەكەی بێت.

چین لێكۆڵینەوەی وردی مێژووەكەی خۆی كردبوو، لایەنە گەش و بەهێزەكانی دیاریكردبوو، كاری بۆ ئەوەكرد دووبارە رووبەڕووی سەدەی دیلێتی و ژێردەستی نەبێتەوە كە لەلایەن ژاپۆن و و خۆرئاواییەكانەوە زۆری بەدەستەوە چەشت بوو .

ئێستاش كە (شی جین بینگ) سەرۆكی چینە، میراتگری ئەو پەیكەر و دامەزراوە ئایدیۆلوژیانەیە كە سەرۆك (دینگ شیاو بینگ) بنیاتی ناوە لە وڵاتەكەی، ئەو پەیكەر و بناغە پتەوە بوونە سەرچاوەی ئەم هەڵوێست و توانا بەهێزەی پكین، ئەمە شتێكی كتوپڕ نەبوو ئاكامی كارو بیر و خەباتی ئایدیۆلۆژی و چاودێری ورد و پاداشت و سزاو زۆر پرنسیبی گەورەی حزبی كۆمۆنیستی چین بوو لەو وڵاتەدا، كە ئێستا خاوەن ئابوورییەكی زەبەلاحی هاوتەریبی ئەمریكایە و تەنانەت هەندێك ناوەند لە ئەمریكاش بە هێزتری دەبینن.

توانای هەردوو وڵات لە رووی سەربازییەوە
(لۆید ئوستن)ی وەزیری بەرگری ئەمریكا لەم رۆژانەدا رایگەیاند، واشنتۆن لە دوو دەیەی رابردوودا خۆی سەرقاڵی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كردبوو، بەڵام چین لە بەرامبەردا سەرقاڵی نۆژەنكردنەوەی هێزە سەربازییەكانی خۆی بوو، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، كە لەمەودوا ئەمریكا پاریزگاری لە سەردەستی توانا سەربازییەكانی خۆی دەكات و هەوڵی بەرزكردنەوەشی دەدات.

تایبەت بەم بابەتە بەردەوام بەرپرسانی ئەمریكا هۆشداری بە كۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوە دەدەن سەبارەت بە مەترسی و هەڕەشەی چین بۆ سەر ئەمریكا، داوای چڕكردنەوەی تواناكانی ئەمریكا دەكەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو هەڕەشانە پەكین بۆ سەر وڵاتەكەیان . لەلایەكی ترەوە زۆرێك لە شرۆڤەكاران كە زۆربەیان ئەمریكی و خۆرئاوایین لەو بڕوایەدان ئەو دیدوبۆچوونانەی باس لە زەبەلاحی هێز و توانای سەربازی چین دەكەن دوورن لە راستیەوە.

هەر دەربارەی ئەو بەراوردەی نێوان هێزی سەربازی چین و ئەمریكا، زانیارییەكان باس لەوە دەكەن جیاوازی نێوان ئەمریكا و چین ئاسمان و رێسمانە، بە جۆرێك ئەمریكا بیست هێندەی چین زیاتر خاوەنی كڵاوەی ئەتۆمییە، لە كەشتی دەریاییشدا ئەمریكا دوو هێندەی چینی هەیە، واشنتۆن 11 فرۆكەهەڵگری هەیە كە بەوزەی ئەتۆم كار دەكەن،لە بەرامبەردا چین تەنها دوو فڕۆكەهەڵگری هەیە و كەمتر پێشكەوتوون .
هێزی ئاسمانی سوپای ئەمریكا 2000 فڕۆكەی پێشكەوتووی هەیە، لەكاتێكدا چین 600 فڕۆكەی جەنگی هەیە، ئەمریكا هێزەكانی بەو چەكانەوە لە 800 بنكەی جیاوازدا لە هەموو جیهاندا بڵاوكردۆتەوە، لەبەرامبەردا چین تەنها سێ بنكەی هەیە لە درەوەی وڵاتەكەی خۆی، بوودجەی سەربازی چین 200 ملیار دۆلارە كە ئەمەش بەبەراورد بە بوودجەی زەبەلاحی ئەمریكا سێیەكی ئەو بوودجەیەیە كە ئەمریكا ساڵانە تەرخانی دەكات بۆ بەرگری.

لەئەگەری جەنگ و ململانێدا كامیان سەردەكەون؟
دوای بەراوردی هێز و توانای ئابوری و سەربازی و چەكداری ئەو دوو جەمسەرە بەهێزە،پێش بوون و سەردەستی ئەمریكا، ئەمریكایەكان متمانەی زۆریان بە خۆیان هەیە و هەروەها بەوەی چین ناتوانێت پەلاماری وڵاتەكەیان بدات و بەسەریاندا زاڵ بێت، خاڵێكی گرنگتر و بەهێزتری خۆیان لەوەدا دەبیننەوە، سیستمی دیموكراسی و مۆراڵی حوكمڕانی ئەمریكا توانای راكێشانی دۆست و هاوپەیمانی زیاترە لە سیستمی تاك حزبی چین. هەر لەو چوارچێوەیەشدا و سیاسەتمەدارەكانی ئەمریكا جەنگ و ململانێكانیان لە گەڵ چین وا وێنادەكەن گوایە بەتەنها ململانێیە لەگەڵ حزبی كۆمۆنیستی چین نەك گەلی چین بە گشتی، هەروەها ئەم ڕوبەڕوبوونەوەیە لە گەڵ چین وا لێك دەدەنەوە، كە ئەمە هەڕەشە و مەترسی چینە بۆ سەر سیستمی ژیانی ئەمریكا، بە تایبەتی و خۆرئاواییەكان بەگشتی.

چین هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمریكا ؟
(ئەڤریل هینز) بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا، لە ئیدارەی بایدن لەم دواییانەدا ریگەیاندبوو (چین ئالەنگاریی ئاسایش و ئارامی و بەهاكانی ئەمریكا دەكات لە زۆر بابەتدا)، ئەمریكیەكانیش كە ئەم لێدوانانە دەبیستن پێشوازی لێدەكەن و بەردەوام ئەم لێدوانانە دووبارە دەبێتەوە لەلایەن بەرپرسی تری ئەمریكیەوە .

لەلایەكی ترەوە راوبۆچوونی پێچەوانەی ئەم لێدوانانەش دەبیستین لەناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و لەلایەن شرۆڤەكارانی پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكا، ئەوان لەو بڕوایەدان ئەم بۆچوونانە دوورن لەڕاستیەوە و چین هیچ ئالەنگاری و بەربەستێك نیە بەرامبەر بە پێشكەوتنی ئابووری ئەمریكا، بەڵكو ئەوە پێشكەوتنی ئابووری ئەمریكایە زەمینەسازی كردووە بۆ ئەوەی ئابووری چین پێش بكەوێت.

لەلایەكی ترەوە ئەو ناوەندانە لەو بڕوایەدان چین هیچ ترس و هەڕەشەیەكی نییە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریكا، ئەمەش بە ئاسانی لە بەراوردی نێوان هێز و توانای ئەو دوو وڵاتەدا دەردەكەوێت، چونكە چین نیازی نییە پەلاماری ئەمریكا بدات، نیازی نییە گورزی ئەتۆمی ئاڕاستەی ئەمریكا بكات، چین هەڕەشە نییە بۆ سەر هەژموونی سەربازی ئەمریكا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەكانی دی لە جیهاندا، بە كورتی ئەوان لەو باوەڕەدان ئەمریكا و چین دوژمنی یەكتر نین.

لە كۆتاییدا ئەگەر:

1- ئەمریكییەكان شانازی بە سیستمی دیموكراسی خۆیانەوە دەكەن، وادەزانن هەموو جیهان ئیرەییان پێ دەبەن، لەبەر دروشمەكانی مافی مرۆڤ و رادەربڕینی ئازاد و دیموكراسی، هەروەها خۆیان وا وێنا دەكەن كە هەر ئەوانن دەتوانن ئارامی و خۆشگوزەرانی فەراهەم بكەن بۆ میللەتان، رەنگە ئەوە خاڵێكی لاواز بێت بۆیان، چونكە لە بەرامبەردا چینیەكانیش ئەزموونێكی تریان پیادەكردووە كە سیستمی تاك حزبیە كە ئابوورییەكەیان هاوشانی ئەمریكایە و توانیویانە خۆشگوزەرانی بۆ گەلەكەیان دابین بكەن كە یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن كەسە، داهاتی تاك لە چیندا بەرزترە لەئەمریكا و وڵاتانی تری خۆرئاوا و كەمتر نییە.

2- هەرچەندە خۆرئاواییەكان سیستمی حوكمرانی چینی بە «دكتاتۆری» ناودەبەن، بەڵام ئەمە نەبۆتە رێگر لە بەستنی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابووری لە نێوان چین و ئەو وڵاتانەدا، بە تایبەت ئەمریكا كە تەنها دوای سەردەمی ترەمپ و بەرپاكردنی شەڕی بازرگانی دژ بە چین ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییە لاواز بوو.

3- هەوڵدانی ئیدارەی بایدن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك لە وڵاتانی دیموكراسی خۆرئاوا بۆ روبەڕوبوونەوەی چین، لەوەیە میكانیزمێكی گونجاو نەبێت بە قەد ئەوەی خەیاڵ بێت، چونكە بەرژەوەندیی ئاراستەی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتان دیاری دەكات نەك ئایدیۆلۆژیا، وەكو سەردەمی جەنگی ساردی نێوان سۆڤێت و ئەمریكا.

وتاری زیاتر










داعش یان داشەهارە؟‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-05-06 10:31      110 جار بینراوە

عیراق نێوەندگیری دەکات‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-05-01 14:55      93 جار بینراوە










نهێنیی بەهێزیی ئەمریكا‬ بورهان شێخ رەئوف
2021-01-29 11:07      140 جار بینراوە




گەشتە ئەوروپییەكەی كازمی‬ بورهان شێخ رەئوف
2020-10-25 15:09      111 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو