لوقمان مستەفا

دادوەر دەبێت فەرمانی جێبەجێکردنی یاسا بکات، نەک داوا بکات

  2021-07-19 21:36      46 جار بینراوە        کۆمێنت

یاسا بۆ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌كرێت، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵات ‌و خودی ئەوانەی کە داڕێژەرانی یاسان و هاووڵاتیانیش بەبێ جیاوازی رێز له ‌یاسا بگرن‌ و پێوه‌ی پابه‌ندبن. لەبەرئەوەی لە جیهاندا سەروەریی یاسا بووە بە بنەمایەکی باو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ لە نێوان وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا. کەچی لەم هەرێمەی ئێمەدا هەموو شتێک پێچەوانەیە، ئەوەی یاسا پێشێل دەکات بەشێکیان لە خودی دەسەڵاتدان، ئەوەی رێز لە یاسانا گرێت، بەشێکی زۆر بەناو یاساناسەکانن، ئەوەی یاسا پەیڕەو ناکات بەشێکیان لە کارەکتەرەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکارن.

زیندووترین نموونە، پەکخستنی پەرلەمان وەک دامەزراوەی شەرعی لە هەرێمی کوردستان، رێگریکردن لە سەرۆکی پەرلەمان و سڕکردنی وەزیر و زۆر کاری نایاسایی تر.

لە وڵاتان بە شێوەیەک رێز لەیاسا دەگیرێت و بەرز رادەگیرێت کە بە بەراورد لەگەڵ لای خۆماندا تووشی شۆک دەبیت، خۆ ئەوانیش هەر مرۆڤن، ئەوەتا لە ویلایەتی میشیگان لە ئەمریکا، دادوەر (رەیمۆند ڤۆیت) ئاگادارییەکی دەرکرد و بڕیاریدا لەناو دادگادا هەڵبواسرێت، کە ئەگەر ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان ببنە هۆی بێزارکردنی دادگا، ئەوا خاوەنەکەی غەرامە دەکرێت، هەربۆیە کاتێک لە کاتی دواین وتەکانی داواکاری گشتیدا مۆبایلەکەی دەنگی لێوەهات، بە 25 دۆلار خۆیی غەرامەکرد، هەربۆیە لە کۆتاییدا دادوەر رەیمۆند ڤۆیت دەڵێت: «دادوەرەکانیش مرۆڤن، خۆ لەسەرووی یاساوە نین، من یاساکەم دەرکردووە، دەبێت یاساکەش جێبەجێبکەم و لەکاتی پێشێلکردنیدا سزاکەشی وەرگرم».

ئەمەیە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە یاسا، لەهەمان کاتدا فێرمان دەکات، چۆن دەبێت یاسا جێبەجێبکرێت.

ھەموو بەرپرسێک لە سەرۆک وەزیرانەوە بگرە تا دەگاتە پۆلیس یان فەرمانبەرێکی ئاسایی کۆکەرەوەی باج، ھەمان بەرپرسیارێتیان ھەیە وەک ھەر ھاووڵاتییەکی تر لەبەرامبەر ھەر کردەوەیەکدا کە دەکرێت بەبێ بوونی پاساوێکی یاسایی.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا راپۆرتەکان پڕن لەو حاڵەتانەی کە تیایدا بەرپرسان پەلکێشی بەردەم دادگا کراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە -وەک تاکەکەس- لە ئەنجامی ئەو کارانەی کە کردوویانە بە سیفەتی رەسمی کە تیایدا دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆیان بەزاندووە».

هەر لەسەر رێزگرتن لە یاسا و سەروەربوونی یاسا، ئەو چیرۆکە غەمناکە راستەقینەیە دەخەمەوە یادتتان، کە لەساڵی 1791 یەکێک لە دادوەرەکانی فەرەنسا لە باڵکۆنی ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو بۆ وەرگرتنی ھەوایەکی فێنک، لەناکاو دەبینێت لەخوار ماڵەکەیەوە دوو کەس دەبێت بە شەڕیان، لە ئاکامدا یەکێکیان بە سەختی بریندار دەبێت و ئەوی دیکەیان رادەکات، پاشان دادوەرەکە لە باڵکۆنەدا ھاووڵاتیەکی دیکە دەبینێت، ھەوڵی رزگارکردنی کەسە بریندارەکە دەدات، بەپەلە دەیگەیەنێتە نەخۆشخانە، بەڵام بەداخەوە بریندارەکە لە نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

پۆلیس کەسی رزگارکەر دەکات بە بکۆژی کەسەکە، کە ھەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسەی داوە و لە نەخۆشخانە گیانی سپاردووە، لە دادگا ئەو کەسەی دادگایی کەسە رزگارکەرەکە دەکات ئەو دادوەرەیە کە بەچاوی خۆی لە باڵکۆنی ماڵەکەیەوە راستییەکانی بینیووە، بەڵام بەداخەوە یاسای فەرەنسی بە قسە باوەڕ بە شت ناکات و پێویستی بە بەڵگە و شایەت ھەیە، بۆیە دادوەر حوکمی لە سێدارەدان دەدات بەسەر کەسە رزگارکەردا. ھەر لەبەر ئەوەشە کە دادوەران لەو رۆژەوە تا ئێستاش لە تەواوی جیهاندا جلی رەش لەبەردەکەن.

بەڵێ یاسا لە وڵاتە پێشكەوتو و دیموكراتەکاندا، لەوپەری لوتکەدایە، هاوکات زامنی یەكسانی‌ و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی‌ و سیاسییە و لە سەروو هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسییەوەیە تا دەگاتە سەرۆك‌ و تەواوی دەسەڵاتەکانی تر، بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا، یاسا زۆر شێواوە، هەندێکجار تەنها بۆتە قەڵغان بۆ پاراستن‌ و مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی، بۆ پێشكەوتنی ژیانی ئاسایی ‌و كۆمەڵایەتییش بە ئارەزووی چەند کەسانێک هەڵدەسوڕێت.

بە داخەوە بۆ نەگبەتی میللەتەکەی ئێمە هەندێک لە دادوەرەکانیش پیشە پیرۆزەکەی خۆیان لەبیر کردووە و بوونەتە بەشێک لە کایە سیاسییەکە و لەژێر هەژموونی دەسەڵاتی جێبەجێکردندان.

یاسا وەک دەق هەیە، بەڵام هەندێک لە دادوەران، لەبری ئەوەی فەرمان بکەن بە جێبەجێکردنی یاساکە، کەچی تکا دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی یاساکان! بۆیە داوەر دەبێت فەرمانی جێبەجێکردی یاسا دەربکات، نەک داوای جێبەجێکردنی بکات.

*پارێزەر

وتاری زیاتر

گەندەڵیی یاسایی‬ لوقمان مستەفا
2021-07-28 18:56      35 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو