کوردستانی نوێ‌

راستکردنەوەی رێڕەوی ئیدارە

  2021-07-31 11:26      89 جار بینراوە        کۆمێنت
بەو پێیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی حكومڕانە، ئیتر دەبێت میتۆدی كاری حزبی و خیتابە ئیعلامییەكەشی میتۆدێكی حكومڕانانە بێت، چونكە خیتابێك كە هەر بە میتۆدی رەخنە و لەهجەی ئۆپۆزسیۆن بوون بێت بۆ حزبێكی فەرمانڕەوا و شەریك لە ئیدارە تاسەر جائیز و مومكین نییە، لەكاتێكدا یەكێتی پێداگریی لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شەریك و پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتە، دیارە شەراكەت لە حكومڕانیش تەنها ئیمتیازات نییە بۆ كارەكتەرەكانی بواری ئیدارە، بەڵكو جێبەجێكردنی ئەركیشە كە رەنگە ئەگەر هەنگاوە پراكتیكییەكان بارتەقای حزبێكی فەرمانڕەوا نەبێت، ئەوا هێز و سەنگ و دەسەڵاتی ئەو حزبە لە كایە ئیدارییەكەشدا دابەزێت و لەكایە حزبییەكەشدا لە پاشەكشە بدات. هاووڵاتی سادە جا حزبی بێت یان بێلایەن چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو حزبەی فەرمانڕەوایە لانیكەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی پێشكەش بكات، هەر بۆیە هەمیشە كە حزبێك براوە دەبێت لە وڵاتێكدا، لە یەكەم راگەیاندنیدا تەئكید لەوە دەكاتەوە كە ئەوان نوێنەری هەموو دەنگ و رەنگەكانن بە یەكسانی كە لەپێش هەموویانەوە دابینكردنی ئارامی و ئازادیی و نانە لە یەك ئاستی هاوسەنگدا و لاسەنگی لە هەریەكێكیش لەوانەدا دەكاتە لاسەنگبوونی ئەوانی تر، دیارە دابینكردنی عەمەلییانەی ئەو دروشمانەش بە ئیدارەدانێكی تۆكمە و بوێر و نەهێشتنی لاسەنگییەكان دەبێت لە هاوكێشەی حكومڕانیدا. بڕیارەكانی ئەم دواییەی قوباد تاڵەبانی وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئەو زنجیرە گۆڕانكارییەی كە دەستی پێكردووە لە كایەكانی كارگێڕیدا چ بۆ رێكخستنەوە و گەڕانەوەی هەیبەتی یاسا و هەستكردن بە هاووڵاتیبوون لە بەرامبەر یاسا و كۆكردنەوەی دۆخی شپرزە لەزۆر بواری ئیداریی و كۆمەڵایەتیی تر و چەند هەنگاوێكی عەمەلی كە ئێستا بێگومان بۆتە هۆی بێزاربوونی هەندێك ناوەند و مایەی مشتومڕە، بەڵام بە گشتی خەڵكی ئەم ناوچانە پێی دڵخۆشن، چونكە گومانی تێدا نییە ژمارەیەكی كەم لە كەسانی بەرژەوەندیخواز لە چاكسازیی زەرەرمەند دەبن، بەڵام ئەنجامی چاكسازیی ئەگەر بە میتۆدە راستەكە كاری لەسەر بكرێت، زۆرینەی هاووڵاتیان بە حزبی و ناحزبییەكانیشەوە لێی سوودمەند دەبن و ئەمەش ئەركی نوێنەرانی حزبێكی حكومڕانە لەوەی كە خزمەتگوزاریی و كێبڕكێی تەندەر و بواری بازرگانی قۆرغ نەكرێت و بۆ هەمووان بێت و هێزی چەكدار ئەركی پاراستنی ئەمنییەت لە ئەستۆ بگرێت و دەست لە كایەی سیاسی و بازاڕ وەرنەدات، واتە هاووڵاتییان لە هەموو دەنگ و رەنگ و چین و توێژەكان لەبەردەم یاسادا یەكسان بن. ئەگەر بڕیاربێت كە حزبایەتی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی بێت وەك لە هەموو جیهانی دیموكرات و سیستمێكی دیموكراتدا باوە، ئەوا حزبی حكومڕان نابێت لە چاكسازیی بنەڕەتی سڵ بكاتەوە، چونكە ئەركی ئەو گروپەی دەچنە كایەی كارگێڕییەوە جیاوازە لە كایە حزبییەكە، ئەو گروپە دەبێت پێداگریی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە بكەنەوە كە بەپێی میتۆد و بەرنامەی هەڵبژاردن دەنگی پێ كۆكردۆتەوە و بەڵێنی بە كۆمەڵانی خەڵك داوە كە كار بۆ ئەو ئامانجانە دەكات، كە دیارە ئامانجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێكهێنانی حكومەتدا (ئارامی… خزمەت .. هەلی كار) بووە، ئەمەش دروشمێكە بۆ هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هاووڵاتیان نەك تەنها بۆ لایەنگرانی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراو. دەشێت ئەم هەنگاو و بڕیار و جووڵە گەرموگوڕە بە ئاراستەی راستكردنەوەی رێڕەوێك بێت كە ئیدارەی لەم زۆنەدا تووشی داهێزران كردبوو. بەدیوێكی تردا كاریگەریی لەسەر دەزگا حكومییە جێبەجێكارەكان دەبێت كە بەگوێرەی یاسا و رێنماییەكان كاربكەن و هی هەمووان بن و هەست بە دڵنیایی بكەن لەوەی كەس ناتوانێت بە رەمەكی و چاوسووركردنەوە و بەدەر لەیاسا بڕیاریان بەسەردا بسەپێنێت. لێرەوە ئیدی دەنگی كارەكتەرەكانی ناو كایەی فەرمانڕەواییش لەبەرامبەر هەر گروپ و دەستە و تاقمێك زوڵاڵتر دەبێت و دەتوانن جەسوورانەتر پێداگریی لەسەر هەنگاوەكانی چاكسازیی لە كۆی كایەكاندا بكەن و لایەنەكانی تری بەشدار لە حكومەتیش ناچاردەبن دەست بۆ چاكسازیی ببەن و هەمان رێچكە بگرنەبەر لەو رێوشوێنی راستكردنەوەی رێڕەوە ئیدارییەشدا هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان سوودمەند دەبن، جگە لەو كەمینەیەی كە نانیان لە بازاڕی شێواودایە. كوردستانی نوێ
 

وتاری زیاتر












نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو