فەیسەڵ عەلی

ئابووریی كەشوهەوا و مەترسییەكانی

  2021-09-11 14:56      39 جار بینراوە        کۆمێنت

بەشێوەیەكی گشتی كەشوهەوا كاریگەریی دیاری لەسەر گۆڕاوە ئابوورییەكان هەیە، یۆنانییەكانی كۆن باسیان لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان كەشوهەوا و چالاكی ئابووری و گەشەپێدان كردووە، ئیبن خەلدونیش لە كتێبە بەناوبانگەكەی (المقدمە) باسی لە گرنگیی كەشوهەوا بۆ ژیانی ئابووری كردووە. پلەی گەرما، تێكڕای باران بارین و پلەی شێ و با و رەشەبا، ئاست، جۆر و قەبارەی زۆری چالاكییە ئابوورییەكان دیاری دەكات.

تەكنەلۆجیا كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەشوهەوا هەیە
گۆڕانی كەشوهەوا كاریگەریی بەهێزی لەسەر بەرهەمی كشتوكاڵی، پیشەسازی، بەرهەمداریی كرێكاران، خواست لەسەر وزە، تەندروستی، تێكڕای تەمەن و گەشەی ئابووریی هەیە. هەروەها كەشوهەوا رۆڵێكی گەورەی لەسەر قەبارەی وەبەرهێنان و جۆرەكەیشی هەیە، كارەساتە سروشتییەكان پڕۆژەكانی ئابووری وێران دەكات و چالاكییە ئابوورییەكان پەكدەخات، بە ئاستی قەبارە و توندی ئەو كارەساتانەی دەكەونەوە.

تەنانەت كاریگەرییەكانی كەشوهەوا كار لە تەكنەلۆجیای بەكارهێنراو و ئاستی پەرەسەندنیشی دەكات، لەبەرامبەریشدا، تەكنەلۆجیا كاریگەریی نەرێنی لەسەر كەشوهەوا هەیە.

زۆر لە توێژەران رایان وایە، پەیوەندییەكی پێچەوانە لە نێوان داهات و تێكڕای پلەی گەرما هەیە، واتە تێكڕای بەرزی داهات لەو دەوڵەتانەیە كە پلەكانی گەرمای نزمە، لە كاتێكدا لەو دەوڵەتانەی پلەی گەرمییان بەرزە داهات پاشەكشێ دەكات. بۆ پشتیوانی ئەم بۆچوونە، زۆربەی ئەو دەوڵەتانەی داهاتیان نزمە، ئەگەر هەمووشیان نەبن، دەكەونە ناوچە گەرمەكان لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریكای لاتین، تەنانەت لەسەر ئاستی كیشوەرەكانیش، جیاوازییەكان بە پلەی گەرماوە پەیوەستە، تێكڕای داهاتی باشووری كێشوەری ئەوروپا كە پلەی گەرمییان بەرزترە تێكڕای داهاتیان نزمترە لە باكووری ئەو كیشوەرە كە پلەی گەرمی نزمە. وەك زانراوە، بەگشتی تێكڕای داهاتی تاك بە هەڵكشانی بەرهەمداریی كرێكار بەرز دەبێتەوە.

هەندێك لە پسپۆڕان ئەو جیاوازییە بۆ پلەی بەرزی گەرما دەگەڕێننەوە، بەشێوەیەك لە پلەی بەرزی گەرمادا، كرێكاران زیاتر ماندوو دەبن، چونكە دەبێ هەوڵێكی زیاتری جەستەیی یان عەقڵی بدەن. هەستكردن بە ماندووبوون لە ناوچە گەرمەكان بۆ نزمبوونی چڕی ئۆكسجین بەراورد بە ناوچە ساردەكان دەگەڕێتەوە. لەم سەردەمەدا، پەرەسەندنی تەكنەلۆجیا كاریگەریی نەرێنی پلەی گەرمای لەسەر ئاستی بەرهەمداریی كرێكاران بەتایبەتیش لە شوێنی كاری داخراودا كەمكردۆتەوە.

خۆگونجاندن لەگەڵ پلەی گەرمی
توێژینەوە تازەكان دەریانخستووە، پەیوەندیی پێچەوانە لە نێوان بەرزی پلەی گەرما و تێكڕای داهاتی تاك لە دەوڵەتە جیاوازەكاندا هەیە. هەندێك لە توێژینەوەكان هەوڵی پێوانەكردنی كاریگەریی زیادبوونی گەرمایان لەسەر تێكڕای داهاتی تاك داوە، هەندێكیان بۆیان دەركەوتووە، لەكاتی داشكانی تێكڕای پلەی گەرما بە یەك پلە تێكڕای داهاتی تاك بە ئاستێكی باش بەرز بۆتەوە. لە هەندێك توێژینەوەی تردا دەركەوتووە، جیاوازیی نێوان تێكڕای داهاتی تاك، تەنانەت لەناو یەك دەوڵەتدا بۆ جیاوازیی پلەی گەرما دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەو جیاوازییە كەمترە لەوەی لە نێوان دەوڵەتاندا هەیە. پلەی گەرمیی زۆر بەرز یان زۆر نزم و سارد تێچوونی بەرهەمهێنانی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان بەرز دەكاتەوە، ئەمەیش توانای ئەو ناوچانە لە كێبڕكێ لەگەڵ ئەو ناوچانەی پلەی گەرمیی تێیاندا مامناوەندە لاواز دەكات.

خۆگونجاندن لەگەڵ پلەی گەرمیی زۆر بەرز یان زۆر نزم بڕێكی ئێجگار زۆری وزەی پێویستە تا زەمینەیەكی لەبار بۆ گوزەران و كار و بەرهەمهێنان بڕەخسێنرێت، هەروەها پێویستی بە بونیاتنانی بونیادێكی بنچینەیی تێچوو بەرز و ئاڵۆزتری گەرەك دەبێت، وەك لەوەی ناوچەكانی پلە مامناوەند پێویستیانە. ئەمەیش هۆكاری نزمی چڕی دانیشتوانە لە ناوچە زۆر گەرم و ساردەكاندا، لەكاتێكدا چڕی دانیشتوان لە ناوچەكانی پلە مامناوەند بەرزترە بەوەی زیاتر گونجاوە بۆ نیشتەجێبوون و كاركردن. ئەمەیش بە رۆڵی خۆی هۆكاری كەمی ژمارەی دانیشتوانی ناوچەكانی بیابان و ناوچەكانی بەستەڵەكی باكوور و باشوورمان بۆ شیدەكاتەوە.

بوونی ئاو
پلەی گەرما تەنها گۆڕاوی پەیوەست بە كەشوهەواوە نییە، ئاو پەیوەندییەكی پتەو و گرنگیی بە كەشوهەواوە هەیە. بوونی ئاو رۆڵێكی گەورەی لە پەرەسەندنی شارستانی و جێگیریی دانیشتواندا هەبووە و هەیە و دەبێت. لای كەس شاراوە نییە كە زۆربەی ئەو ناوچانەی مرۆڤ تێیدا جێگیر بووە، بە بوونی ئاوەوە پەیوەست بووە، زۆربەی دانیشتوانی جیهان لەو ناوچانە دەژین كە بە ئاو دەوڵەمەندن، بەتایبەتیش حەوزی رووبارە گەورەكانی زۆربەی ناوچەكانی جیهان. زۆربەی شارستانییە كۆنەكانی وەك بابلی و میسری و هیندی و چینی لە نزیك حەوزەكانی ئاو دروستبوونە. زۆربەی ئاوی رووبار و جۆگە و كانییەكان بەهۆی رووداوەكانی كەشوهەواوە پەیدابوونە.

گۆڕانكاریی كەشوهەوا
لەلایەكی تریشەوە، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، كارەساتی مرۆیی و سیاسی و ئابووری بەدوای خۆیدا هێناوە و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی داشكاندووە. كارەساتی كەشوهەوا هۆكاری قوڵبوونی قەیرانی سیاسیی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای پاكستانی لێكەوتەوە، بەدوایشیدا خۆرهەڵاتی پاكستان جیابووەوە و لە ساڵی 1971 بەنگلادیش راگەیەنرا. نەهێشتنی شوێنەوارەكانی كارەساتەكانی كەشوهەوا، بودجەیەكی ئێجگار گەورەی پێویست دەبێت، كە زۆربەی جار ئەو دەوڵەتانەی زەرەرمەندبوون توانای دابینكردنیان نابێت و بەناچاری پەنا بۆ یارمەتی و قەرزی دەرەكی دەبەن، ئەمەیش بە رۆڵی خۆی دەیانخاتە ژێر گوشار و مەرجەكانی دەوڵەتانی بیانییەوە.

جیهان رووبەڕووی مەترسی گۆڕانكاریی كەشوهەوا بۆتەوە، زۆربەی شارەزایانی بوارەكەش بۆ چالاكیی مرۆیی دەیگەڕێننەوە. لەم ماوەیەی دواییدا، تێبینی ئەوە كراوە، كە هەڵكشانی پلەی گەرما و گۆڕانكاریی توندی كەشوهەوا، زریان و رەشەبا، دواتریش ئاگركەوتنەوە و سوتانی دارستانەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هەندێك جاریش گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە هەندێك دەوڵەتدا ئەرێنییە، وەك بەرزبوونی پلەی گەرمای ناوچە ساردەكان یان زیادبوونی باران بارین لەو ناوچانەی بەدەست كەمی بارانەوە دەناڵێنن.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر

كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      15 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      36 جار بینراوە






مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      102 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      95 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      50 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      96 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      107 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      119 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      82 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      71 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      76 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      120 جار بینراوە

زانكۆ وەك مەنزومەیەكی كاركردن‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 13:50      72 جار بینراوە

خەون و پەرەسەندنی مرۆڤ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-14 15:54      108 جار بینراوە


دووپشکیش سوودی خۆی هەیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-03 21:14      223 جار بینراوە

گەنجی بکوژ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-04-26 23:18      91 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو