هیوا محەمەد

بۆ هاوپەیمانیی کوردستان، هەوڵبدەین هەموو، دەنگبدەین هەموو

  2021-09-13 14:13      33 جار بینراوە        کۆمێنت

لەجیهاندا، لەهەر کوێیەک حکومڕانییەکی رێکخراو هەبێت، یان لەهەر یانەو سەندیکایەکدا، لە ناوخۆی هەموو رێکخراو و حزبێک، بۆ نوێبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبردن، پرۆسەیەک بەناوی هەڵبژاردن هەیە و تێیدا چەندین کەس خۆیان کاندید دەکەن تا ئەو کورسیانە ببەنەوە کە دیاری کراوە.

ئەگەر لە شوێنێکدا بە گریمان تەنها هەزار کەس دانیشتوانی بێت، لەو هەزارە کەمتر لە نیوەشی بچنە دەنگدان و بەشداری بکەن، ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە شەرعیەتی خۆی هەیە و دەتوانن ئەوانەی دەردەچن ئەو بەرپرسیارێتییە لە بەڕیوەبردن و نوێنەرایەتی کردن بگرنە ئەستۆ.

لە هەڵبژاردندا ناکرێت لە نێوانی ئەو هەموو کاندیدە کە سەر بە چەندین حزبی جیاجیا لە بیروباوەڕ بەشدار دەبن و کاندیدیان دەبێت، بەڵام کەسێک بڵێت من باوەڕم بە هیچیان نییە، ئەو بێ باوەڕییە لەوەوە نەهاتووە کە بەراستی هیچ کام لەو لایەنانە و کاندیدەکانیان بەکەڵک نایەن، بەڵکو لە لەرزۆکی و بێباوەڕ بەخۆبوونەوە دێت، دەنا ناکرێت تواناو هەوڵەکانی یەکێک لەو دەیان کاندیدە جێگەی رەزامەندیمان نەبێت.

بەشدارینەکردن لەدەنگدان، بێباوەڕییە بە سیستمی دیموکراسی و ستەم لەخۆکردنە وەک تاکێکی کۆمەڵگە، کە نەهێڵیت دەنگت کاریگەریی هەبێت لەسەر گۆڕینی رەوتەکە.

وامەزانە بە دەنگنەدان سزای هەڵەکانی حکومەت دەدەیت، ئەگەر دەنگنەدان لە بێ هیوایی و بێزاریی و باوەڕ نەبوون بە دەسەڵاتەوەیە، دەکرێت دەنگ بدەیت بە یەکێک لەو کاندیدانەی کە بەلاتەوە دڵسۆزترە لەوی دیکەیان، ناکرێت پەنجەکانی دەست هەموویان وەک یەک بن و هەموو کاندیدەکانیش وەک یەک باش بن یان هەڵگری یەک سیفەت بن، دەبێت باوەڕیشمان بە گۆڕانکاریی هەبێت، دەکرێت ستافێک لەوەی دیکە باشتر بێت.

ئەوانەی پێیان وایە کە بە بەشدارینەکردنیان رێگە لە پرۆسەکە دەگرن و سەرکەوتوو نابێت هەڵەن لەم بۆچوونەدا، چونکە رێژەی بەشدار بوو شەرعیەت نادات بە ئەنجامی هەڵبژارن بەڵکو بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بە شێوازێکی دیموکراسی و دوور لە تەزویر سەرکەوتوویی پرۆسەکە دیاری دەکات و شەرعیەتی پێدەدات.

بەدرێژایی ساڵانی دوای راپەڕین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێستا بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بە ناوی هاوپەیمانیی کوردستانەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، هەوڵی داوە بۆ بنیاتنان و ئاوەدان کردنەوە و سەروەر بوونی یاسا چەندی توانیبێتی، ئەوەی کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین دەرئەنجامی هەوڵەکانی ئەم حزبەیە(بە هەموو کەموکووڕتییەکانەوە کە بەدەست هاتووە) چونکە هیچ لایەنێک ناتوانێت لەدوای چەندین ساڵ وێرانەیی و کوشتن و جینوساید و ئەنفال دەسەڵات بگرێتە دەست و وڵات بگەیەنێتە لووتکە، تەنها ئاوەدان کردنەوە و بازاڕ گەرمی نابێتە نیشانەی پێشکەوتوویی وڵاتێک، بەڵکو بنیاتنانی تاک و گۆڕینی ئەو خەسڵەتەی کە لە پێش راپەڕینەوە لەسەری دروست بووە، لە پێش هەر شتێکی دیکەوەیە، کە تائێستاش دەبێت بەردەوام کاری لەسەر بکرێت، ئەوە خەتای یەکێتی نییە کە بەرپرسێک دەکەوێتە داوی گەندەڵییەوە لە فەرمانگەکەی و درەنگ ئاشکرا دەبێت، ئەوە تاکی کۆمەڵگەکەمانە کە هێشتا دروست نەبووە یان بە چەوتی خۆی دروست دەکات.

ئەندامان و لایەنگرانی هاوپەیمانیی کوردستان تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی خۆمانن، زۆرینەی خەڵکی سیاسیی ئەم دەڤەرە پێک دێنن، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لە بری ململانێ و پاشقول لەیەکتر گرتن، هاوپەیمانیی کوردستان بە یەک گوژم و یەک هەوڵ دەچنە پێش و هەرچەند زۆرتر دەنگ و کورسیی بەدەست بێنن، هێندە داکۆکیکار لە مافەکانمان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زۆرتر دەبێت.

ئەم هەڵبژاردنە بۆ عیراقە و واتایەکی سیاسیی لای عیراقییەکان هەیە، کەوایە هەوڵدان بۆ زۆرکردنی کورسییەکانمان و لەدەست نەدانی ئەو رێژەیەی بۆمان داندراوە تەفسیری ئەو مانا سیاسییەمان دەکات، با بەقەدەر سەنگیی خۆمان لە بەغدا بین، ئێمە لەبەغدا دەتوانین داکۆکی بکەین لە مافەکانی هەرێم، ئەویش لەرێگەی ئەو کورسیانەوە کە بەدەستی دێنین، هیچ بیانوویەک نییە کە وامان لێبکات دەنگ نەدەین، هیچ بیانوویەکیش نییە بۆ ئەوەی دوورمان بخاتەوە لە دەنگدان بۆ لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، ئەو هاوپەیمانێتییەی کە ئارامی بەخشیوە بە کەشی هەڵبژاردن و ئاسوودەیی داوە بە خەڵکی هەرێم بەتایبەتی لە زۆنی سەوزدا.

ئەمەیە کاری پێکەوەیی کە لە لیستیی هاوپەیمانیی کوردستاندا خۆی کۆکردووەتەوە، نابێت گلەیی و گازندەی کۆنی کەسێتییەکان وامان لێبکات، ئێمە دەزانین کە هیچ کات نابینە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڵام دەتوانین بەو رێژەیە لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکە رێککەوتن بکەین بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات بۆ هەرێم. ، دەبێت خەڵکانی سیاسیی ئەم دەڤەرە( بە تایبەت ئەندامانی ئەم دوو حزبە) هەوڵی زیاتری لێکنزیک بوونەوە بدەن تا رادەی یەکگرتنەوە، ئەمە خەیاڵ پڵاوی نییە بەڵکو واقیعە و کارێکی قورس نییە تەنها دڵسۆزیی راستەقینەی دەوێت، چونکە پێچەوانەی هاوپەیمانێتی و یەکگرتنەوە، تەنها حەز و ئاواتی هەندێک دێنێتە دی کە لە هەموو قۆناغێکدا هەر لە ژێرەوە منجەمنجیان بووە بۆ لێک دوورکەوتنەوە و لێکترازان، دەنائەمە خزمەتە بەخەڵکی کوردستان بەتایبەتی زۆنی سەوز.

با کێشەکانی ناوماڵی کورد لەناو خۆمان چارەسەر بکەین، با لە رێگەی ئەنجامی باشی هەڵبژاردنەوە پێیان بڵێین: ئێمە روو لە ئێوە تەنها تۆزێکیش لە مافەکانمان خۆش نابین و دەمان بینن چۆن دەنگمان یەکخستووە.
ئەنجامی باشی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت کار بکاتە سەر هەموو ئەو حزب و لایەنە عیراقییانە و بەپێی قورساییمان بۆمان بڕوانن، لەم روانگەوە واتا لە هەستێکی نەتەوەییەوە دەنگ دەدەین بە لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، خەڵک بێ هیوا مەکەن لەژێر وتاری ئاگردار و هەڵدانەوەی چاڵە کۆنەکان.

بەو هیوایەی کاندیدەکانی ئەم لیستە ببنە داکۆکیکاری سەرسەختی ئەم چەند ساڵەی داهاتوو، بتوانن گۆڕانکاریی بدەن بەو دۆخە خراپەی کە لە نێوان ئێمە و بەغدا هەیە، بتوانن بەمانای وشە بیسەلمێنن کە هەرێمی کوردستان لە ناو عیراقدا لە سیستمێکی فیدڕالیدایە، دەمانەوێت کاندیدەکانمان بە کار و پلانی باش هیوا بگەڕێننەوە بۆ خەڵک.

وتاری زیاتر

کاندیدە براوەکان دەبێ چی بکەن؟‬ هیوا محەمەد
2021-09-19 17:14      28 جار بینراوە



بەدەنگت رەش و سپی جیا بکەرەوە‬ هیوا محەمەد
2021-09-16 09:35      31 جار بینراوە

قەدی دارەکە شەرتە نەک لقەکانی‬ هیوا محەمەد
2021-09-11 17:22      45 جار بینراوە






نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو