بۆ بەشداری پرۆسەیەكی وەك هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ناو چەندین لیست و قەوارە و كەسایەتیدا، جگە لە مێژووی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە گۆڕەپانی سیاسیدا كە دوو حزبی جەماوەرین و خەباتیان بۆ گشت چین و توێژ و پێكهاتەكانی كوردستان بووە و لەسەر ئاستی عیراقی دوای روخانی دیكتاتۆریش رۆڵ و پێگەیان لەسەر دەستی هەردوو رەوانشاد سەرۆك مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لەم دەوڵەتە تازەیەدا چەسپاوە.
مادام هەردوو حزب لە كوردستان و لە عیراقیشدا خاڵی هاوبەشیان زیاتر بووە بۆ خزمەتی گەل و وڵات و خەباتی دیبلۆماسی، بۆ بەهێزكردنی زیاتری ئەو پێگەیە، زەرورەتی ئەم لیستە، لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بووە ئامرازی پێكەوە كاركردن، هەم بۆ بەشدارییەكی كارا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هەمیش بۆ رەسمكردنی ئایندەیەكی نوێ لە هەرێمی كوردستاندا.
ئەم هاوپەیمانییە، ئەم پێكەوەییە، هێز بەخشینێكە بە هەرێمی كوردستان و بۆ عیراقییە دیموكراسیخوازەكان، بۆیە دەكرێت ئەم هاوپەیمانییە لە ئایندەدا ببێتە چەترێك نەك تەنها بۆ داكۆكی لە مافەكانی گەلی كوردستان، بەڵكو ببێتە داكۆكیكار لە مافەكانی هاووڵاتیبوونێكی شایستە لە ناوەڕاست و باشووری عیراقیش، ئەویش لە رێگەی سەركەوتن و چوونی نوێنەری زیاتری لیستی هاوپەیمانیی كورددستان بۆ پەرلەمان كە لە رۆژی 10 ی 10 دا ئەو سەركەوتنە تۆمار دەكەین.
بۆیە كە دەوترێت لیستی هاوپەیمانی كوردستان بۆچی؟ ئەوانە بەرنامە و كاری ئەم لیستەی كوردستانە بەڵام لە نێو پارلەمانی عێراقی فیدڕاڵدا پێداگیرییان لەسەر دەكات .
ئەم لیستە، لیستی هاوپەیمانیی كوردستان كە دروشمی (بەیەكەوە بەهێزترین)ی بەرزكردۆتەوە جیاوازیەكەی لەوەدایە كە بێ هاش و هوش و خەڵك بێزاركردن لە سۆنگەی بڕوابوون بە دیموكراسیەوە بانگەشە بۆ بەرنامەی خۆی دەكات و كاری بە تەشهیر و تەخوینی كەس نییە. چونكە هەردوو حزبی پێكهێنەری لیستەكە ئەزموون و شارەزاییەكی ئەوتۆیان لەم خەباتەدا هەیە و هەناسەیەكی درێژ و یەك ئاراستەیان هەیە بۆ پارێزگاری لەو مافانەی بەدەستهاتوون و هەوڵدان بۆ ئەوانەشی تا ئێستا جێگیر نەبون.
لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بە رۆژ بە شان و باڵی عیراقی فیدراڵدا هەڵنادات و بەشەو دژی بێت و بۆ مافی داراییەكان دەست پان ناكەنەوە و لە ئیعلامیشدا بڵێن عیراق موفلیسە! لیستی هاوپەیمانیی كوردستان لە سەر ڕێبازی هەردوو رەوانشاد سەرۆك مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و بە یەك ئاڕاستەوە دەیەوێت لە عیراقدا سەنگ و رۆڵی كورد و پێكهاتەكانی تری كوردستان هەبێت و لە رێگەی پەرلەمانەوە گشت مافەكانی هاووڵانیبوون بۆ هەمووان وەك یەك بێت و بەهۆی مزایەدەی سیاسییەوە خەڵك و هاوڵاتی باجی گرژی و ئاڵۆزی نەدات و ڕوبەڕوی سزادانی ئابووری نەبێتەوە.
كەواتە لیستی هاوپەیمانیی كوردستان بۆ ئەوانە و زۆر خاڵی تر هەم لە عێراق و هەم لە كوردستان پێكهاتووە، بۆیە دەنگدانمان بەم لیستە و كاندیداكانی هەموان پێكەوە بە بەهێزتر دەمێنینەوە.