فەیسەڵ عەلی

سیاسەتی بەرەنگاریی پیسبوونی ژینگە سوودی تەندروستی هەیە

  2021-09-20 18:11      48 جار بینراوە        کۆمێنت

مەزەندەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی وایە، كە هۆكاری مردنی هەشت یەكی جیهان بۆ پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا دەگەڕێتەوە، وێڕای ئەوەی خۆشگوزەرانی و ئابووریی جیهان بە تێچوونێكی زۆر گەورە بار دەكات. پیسبوون و گۆڕانی نەرێنی كەشوهەوا ساڵانە پێنج تریلیۆن دۆلار لەسەر خۆشگوزەرانیی مرۆیی دەكەوێت.

لەگەڵ زیادبوونی دەردانی غازە ژەهراوییەكان و كەڵەكەبوونی لە هەوا و زەریاكاندا، تێچوونەكانی چارەسەركردنی بەرزدەكاتەوە، كە بە بەراورد بە سەرەتای نەوەدەكان چەندین هێندە بەرز بۆتەوە. زیاتر لە (15) دەوڵەت، لەو زیانە تەندروستییانەی بەهۆی دەردانی غازە ژەهراوییەكانەوە كەوتۆتەوە بەرپرسن، كە دەكاتە (4 %)ی كۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانە. واتە بە تێپەڕبوونی كات لێچوونی (نزیف) بەردەوامی دەرامەتەكان لەگەڵ پیسبوون و گۆڕانی نەرێنیی كەشوهەوا لە هەڵكشاندا دەبێت. لەبەرئەوە، شارەزایان رایان وایە، پێویستە تێچوونی كاریگەرییە نەرێنی و سودە ئەرێنییەكانی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا لەناو پلانی ئابووری و توێژینەوەكانی جەدوای ئابووری داخل بكرێن. زۆری ئەو توێژینەوانە ئاماژە بۆ ئەو سودە زۆرە دەكەن، كە كۆمەڵگەی مرۆیی، لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتانەی بۆ بەرەنگاری پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا، بەتایبەتیش لە بواری تەندروستی، دەیچنێتەوە.

سودی سیاسەتەكانی پاراستنی ژینگە
سودەكانی ئەو سیاسەتانەی بۆ بەرگری لە پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا دەگیرێنەبەر، لە میانی مەزندەكردنی ژمارەی گیانی ئەو كەسانەی رزگار دەكرێن، هەروەها سودی ئەو هەوا و ژینگە پاكە، كە كۆی كۆمەڵگە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتانە بەدەستی دێنن، دەخەمڵێندرێت. لەبەرئەوە پێویستە لە رێگەی كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەی توێژینەوە و زانیاری لەسەر رەوشی ژینگە و پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا، كۆمەڵگە لەبارەی پرسەكانی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا هوشیار بكرێنەوە. باشتروایە جەخت لەسەر سودی سیاسەتەكانی پاراستنی ژینگە و ئەو زیانانەی لە چالاكییەكانی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوادا دەكەوێتەوە، بكرێتەوە، ئەمەیش لە پێناوی كۆكردنەوەی پشتیوانیی بۆ ئەو سیاسەتانە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی و بەهانەی ئەو تێچوونانەی كە گرتنەبەری ئەو سیاسەتانە دەیخوازێت. زۆری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و شارەزایانی كەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە، رایان وایە، سودی سیاسەتەكانی بەرەنگاریی دەردانی غازە ژەهراوییەكان و پیسبوونی ژینگە زۆر لە تێچوونەكانی زیاترە، چونكە ئەو تێچوونانە بەهانەی خۆی هەیە و سودی گەورە بە كۆمەڵگە دەبەخشێت، بەتایبەتیش لەو دەوڵەتانەی كە زۆرترین زیان بە ژینگەیان دەكەوێت، نمونەی چین و هیندستان.

لێهاتوویی بەكارهێنانی دەرامەتەكان
تەندروستی رۆڵێكی ئێجگار گەورە لە گرتنەبەری سیاسەتەكانی بەرەنگاریی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا دەگێڕێت، ئەو سیاسەتە گرنگانەی بۆ بەرەنگاریی مەترسییەكانی كاریگەرییەكانی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا پەیڕەو دەكرێن، جەخت دەكەنەوە لەسەر لێهاتوویی بەكارهێنانی دەرامەتەكان، وەبەرهێنان لەو ژێرخانە ئابوورییەی بەكاربردنی كاربۆن كەم دەكاتەوە، پەرە بەو تەكنەلۆجیایە دەدات كە بەكاربردنی كاربۆن كەمدەكاتەوە. زۆربەی شارەزایانی بواری ژینگە، لەو بڕوایەدان، كە ئەو سیاسەتانەی ئێستا لە زۆربەی دەوڵەتانی جیهان پەیڕەو دەكرێت، بۆ پەرەدان و بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای كەمكردنەوەی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا وەك پێویست نین، بەجۆرێك بەرهەمهێنەرانی كاڵا و خزمەتگوزارییەكان بەرپرسیارێتیی هەڵگرتنی بەشێكی تێچوونی دەردانی غازە ژەهراوییەكان ناگرنە ئەستۆ. لەبەرامبەریشدا، هاندەر و پشتیوانیی پێویستن بۆ ئەو بەرهەمهێنەرانەش نییە كە ئاستی دەردانی غازە ژەهراوییەكانیان كەمكردۆتەوە، ئەمەیش بایەخی پێداچوونەوە بەو سیاسەتانەی هەیە بەرز دەكاتەوە و پێویستی دووبارە داڕشتنەوەی هەیە تا لەگەڵ كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكاندا بێتەوە.

بەگشتی ئەو سیاسەت و تێچوونانەی بۆ بەرگری لە پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا پەیڕەو دەكرێن، وەك پێویست پشتیوانیی جەماوەرییان نییە، وێڕای ئەوەی حزبە سیاسییەكانیش هێندە بە تەنگییەوە نین، چونكە تێچوونەكەی بەرزە و لەهەمان كاتیشدا ماوەیەكی دوور و درێژی دەوێت تا سودەكەی بەرجەستە دەبێت، ئەمەش هەوڵێكی زۆرتر و چڕتری پشتیوانانی ئەو سیاسەتانە دەخوازێت بۆ خستنەڕووی ئەو سودە تەندروستی و ژینگەییانەی كە كۆمەڵگە لە كەمكردنەوەی دەردانی غازی ژەهراوی بەدەستی دەهێنێت، كە بەدوایشیدا خەرجییەكانی تەندروستییش كەمدەكاتەوە كە دەبێ حكومەتی دەوڵەتان لە ئەستۆی بگرن، كە دەكرێ ئەوە پارەیە بۆ بوارێكی تری كۆمەڵایەتی تەرخان بكەن.

سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، تێچوونی چاودێریی تەندروستیی كە بەهۆی پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەواوە دەكەوێتەوە، یەكسانە بە نیوەی تێچوونی كاریگەرییە نەرێنییەكانی لەسەر ئاستی جیهان. شارەزایان رایان وایە، دانانی نرخ بۆ دەردانی كاربۆن بۆ هەوا، بەشێوەیەكی روون كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی مردن دەبێت كە پیسبوون و گۆڕانی كەشوهەوا هۆكارەكەیەتی، وێڕای ئەوەی تێچوونی چاودێریی تەندروستیش كەم دەكاتەوە.

سیاسەتی نرخاندنی كاربۆن پەیڕەو بكرێت
هاندانی كەرتی تایبەت لە وەبەرهێنان لەو كەرتانەی بەكارهێنانی كاربۆن كەمدەكاتەوە، گرتنەبەری سیاسەتێك دەخوازێت، كە بەرپرسانی دەردانی غازە ژەهراوییەكان تێچوونی پاككردنەوەی لە ئەستۆ بگرن، هانی ئەوانەش بدرێن كە تەكنەلۆجیای گونجاو بۆ كەمكردنەوەی دەردانی غازەكان پەیڕەو دەكەن. بۆ گرتنەبەری ئەو ئەركە گرنگە، دەكرێ سیاسەتی نرخاندنی كاربۆن پەیڕەو بكرێت تا بەرپرسانی دەردانی ئەو غازانە ناچار بكرێن تێچوونەكەی بدەن، پشتیوانی دارایی ئەوانەش بكرێن كە تەكنەلۆجیای نوێ بۆ كەمكردنەوەی دەردانی غازەكان بەكاردەهێنن. زۆربەی شارەزایان پشتیوانیی سەپاندنی باجی دەردانی غازە ژەهراوییەكانن، دەكرێ داهاتی ئەو باجە بۆ كەرتی تەندروستی خەرج بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی بەرز بكاتەوە. ئەگەر ئەو جۆرە باجە سەپێنرا، دەبێ لەگەڵ پرنسیپەكانی دادوەریی كۆمەڵایەتییدا بێتەوە، بەجۆرێك هەژاران و خاوەن داهاتە كەمەكان نەگرێتەوە، دەكرێ بەشێكی داهاتی ئەو باجە بۆ ئەمانە تەرخان بكرێت تا بتوانن وزەی پاك بەكاربهێنن.

سیاسەتەكانی پشتیوانیكردنی بەكاربردنی كاربۆن، ئاستی پیسبوونی ژینگەی بەرزكردەوە، هاوكاتیش مەترسییەكانی گۆڕانی كەشوهەواشی زیادكرد. بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی بەكاربردنی كاربۆن، دەبێ دەستبەرداری سیاسەتەكانی پشتیوانیكردنی بەكاربردنی ببین. سیاسەتەكانی چاكسازیی سیستمی وزەی ئەندامی، ناڕەزایی بەرهەمهێنەران و بەكاربەرانی لێكەوتەوە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا بۆ كەمكردنەوەی دەردانی غازە ژەهراوییەكان گرنگە. دەكرێ ئاسەوارەكانی گرتنەبەری چاكسازی لە سیاسەتەكانی بەكاربردنی وزەی كاربۆن كەمبكرێتەوە، ئەویش لەڕێی تەرخانكردنی داهاتی ئەو سیاسەتە، لە جێی ئەو باج و رەسمانەی كە دەشێ دژ بە خاوەن داهات كەم و هەژارەكان بێت، یان بۆ كەرتی تەندروستی و خوێندن و بەكارهێنانی وزەی پاك خەرج بكرێت، كە ئەمەش سودی بۆ كۆی كۆمەڵگە دەبێت.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

وتاری زیاتر

كاروانی مەعریفە و گەشەپێدان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-23 16:55      15 جار بینراوە


سامانی ئاو ژیان و ململانێیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-10-09 18:46      36 جار بینراوە






مێژووی نووسین و ئاسۆی ئایـندەی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-26 11:00      101 جار بینراوە

فاشیزمی راستەقینە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-22 16:25      94 جار بینراوە



پرسیاری ساڵی پار‬ فەیسەڵ عەلی
2021-08-07 17:28      50 جار بینراوە


سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابووری‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-31 14:33      96 جار بینراوە

خراپ بەکارهێنانی تەكنەلۆجیا‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-23 15:31      107 جار بینراوە


دیپلۆماسییەتی سایبرانی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-07-03 20:01      119 جار بینراوە


زمان دەروازەی مێشکە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-14 16:34      82 جار بینراوە



دیوەكەی تری دراوی گریمانەیی‬ فەیسەڵ عەلی
2021-06-02 16:19      70 جار بینراوە

وێنە کۆنەکان‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-31 23:40      76 جار بینراوە

خوێندن و بازاڕی كار ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 21:30      120 جار بینراوە

زانكۆ وەك مەنزومەیەكی كاركردن‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-29 13:50      72 جار بینراوە

خەون و پەرەسەندنی مرۆڤ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-14 15:54      108 جار بینراوە


دووپشکیش سوودی خۆی هەیە‬ فەیسەڵ عەلی
2021-05-03 21:14      223 جار بینراوە

گەنجی بکوژ‬ فەیسەڵ عەلی
2021-04-26 23:18      91 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو