رۆژی 10 /10/2021 عیراقییه‌كان له باكووره‌وه تا باشوور به كورد و عه‌ره‌به‌وه به سوننه و شیعه‌و نەتەوە و پێکهاتە مەزهەبییە جیاجیاکانەوە، سه‌ره‌ڕای گله‌یی و گازانده‌كانیان، نیگه‌رانییه‌كانیان، خۆیان ئاماده‌كردووه بۆ ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران.
له بارودۆخێكی سیاسی و ئابووریی فره ئاڵۆز و ناله‌باردا، پێده‌چێت ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسی عیراق دوای 2003 دیاری بكات، به‌وه‌ی ئایا ده‌توانێت درێژه به ژیان و مانه‌وه‌ی خۆی بدات یان نا؟ به تایبه‌تی كه هه‌ڵبژاردنه‌كه به یاسایه‌كی نوێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌لی سه‌ركه‌وتنی حزب و لایه‌نه بچووكه‌كانی تێدا كه‌متره و زۆر لایه‌ن و پێكهاته‌ی عیراق ئاڵنگاری گه‌وره‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
زۆرێك له ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پیشانده‌ده‌ن كه شتی كتوپڕ و چاوه‌ڕواننەكراو روو نادات له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، به‌ڵكو حزب و لایه‌نه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی خۆیان نمایش ده‌كه‌نه‌وه به شێوه‌یه‌كی تر، به جیاوازییه‌كی كه‌م له زیادبوون یان كه‌م بوونی چه‌ند كورسییه‌ك له فراكسیۆن و قه‌واره سیاسییه‌كانیاندا.
دابه‌شكردنی بازنه‌كان
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا
به‌هۆی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌وه، كه عیراقی دابه‌شكردووه بۆ (83) بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا ئه‌وه رێگریی ده‌كات له دروستبوونی قه‌واره‌ی گه‌وره له رووی ژماره‌وه، ته‌نانه‌ت وا لێكده‌درێته‌وه كه 40 كورسی له ده‌ست هێز و لایه‌نه شیعه ته‌قلیدییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه، كه پێشتر خاوه‌نی 184 كورسی بوون، زۆر قورسیشه بزانرێت ئه‌و كورسییانه بۆ چ لایه‌نێكی سیاسی یان پێكهاته‌یه‌كی تر ده‌ڕوات به‌تایبه‌تی تر كه هه‌ردوو لایه‌نی حكومی و تشرینییه‌كان به‌شداریی ناكه‌ن له هه‌ڵبژاردن، به‌مجۆره‌ی لێره‌دا باسی ده‌كه‌م .
به‌شداری نه‌كردنی سەرۆکی حكومه‌ت
یه‌كه‌مجاره له عیراقی نوێی دوای ساڵی 2003 سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن واته سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق خاوه‌نی لیستی هه‌ڵبژاردن نییه و پاڵپشتی هیچ لیستێكی به‌شداربوو یان حزب و لایه‌نێكی سیاسی ناكات، كازمی ئه‌و باره قورسه‌ی نه‌خسته سه‌ر لایه‌ن شیعه سه‌ره‌كییه‌كان كه خۆی نمایش بكات وه‌كو هێزێكی سیاسی نوێ كه ركابه‌ری و ململانێی ئه‌وان بكات، له پشكه‌كه‌ی ئه‌و حزب و لایه‌نانه پشكی خۆی ببڕێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی له هه‌ڵبژاردنی پێشووی ساڵی 2018 كردی، كه لیستی نه‌سری دامه‌زراند، هه‌رچه‌ند خۆیشی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی بوو، به‌ڵام به‌وه‌وه نه‌وه‌ستا و لیستێكی نوێی راگه‌یاند، به تایبه‌تی ده‌نگده‌ری عیراقی مه‌یل و سۆزی زیاتره بۆ ئه‌و هێزانه‌ی كه له ده‌سه‌ڵاتدان یان له ده‌سه‌ڵاته‌وه نزیكن، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه خزمه‌تگوزاریی یان كاری باشی كردبێت بۆ خه‌ڵك، هه‌رچه‌نده ئه‌زموونی كازمی ماوه‌كه‌ی كه‌م بوو، به‌ڵام هه‌وڵ و كار و چالاكییه سیاسی و دیپلۆماسیه‌كانی كازمی له ناوچه‌كه‌دا بۆ ئاشته‌وایی و به تایبه‌تی نێوه‌ندگیری نێوان ئێران و سعودیه و ئاكامه پۆزه‌تیڤه‌كانی بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی ناوچه‌كه مایه‌ی خۆشحاڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه، هه‌رچه‌نده دۆخه‌كه سه‌قامگیری و ئاشته‌واییه‌كی كه‌می به خۆیه‌وه بینیووە، ئه‌وه‌ش باشتره له‌وه‌ی به‌ره‌و خراپتر بڕوات.
رۆڵی تشرینییه‌كان
ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانیی زۆره بۆ خه‌ڵكی عیراق و پشتیوانانی خۆپیشاندانه‌كانی تشرین، ئاماده‌نه‌بوونی به‌شی زۆری ده‌سته‌بژێر و سه‌ره دیار و بزوێنەرە چالاكه‌كانی ئه‌و شۆڕشه جه‌ماوه‌رییه به‌رینه‌ن كه قوربانیی زۆریاندا له پێناوی ئازادی و دادگه‌ری و سه‌روه‌ربوونی یاسا، كه جێگه‌ی داخه نه‌یانتوانی خۆیان رێكبخه‌ن وه‌كو قه‌واره و لیستی سیاسی كارا بۆ به‌شداربوون له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش لە ئاكامی دابه‌شبوون و یه‌كڕانه‌بوونیان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی گونجاو، کە وایكرد كه نه‌توانن وه‌كو هێزێكی ئۆپۆز‌سیۆنی نیشتمانی گونجاو ببنه نوێنه‌ی خه‌ڵكی ناڕازی له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا، كه گه‌لی عیراق وێڵه به‌دوای هێزێكی ئه‌ڵته‌رنا‌تیڤدا بۆ به‌شێك له‌و هێز و لایه‌ن سیاسییه تائیفییە شكستخواردووانه‌ی كه له ساڵانی رابردوودا نه‌یانتوانی خزمه‌تی گه‌لی عیراق بكه‌ن و شكستیان هێنا له به‌ڕێوه‌بردنی سامان و كارگێڕیدا.
تشرینیه‌كان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌شیان كرد، كاتێك به‌شێكیان بڕیاری بایكۆتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 10/10/2021 دا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش راده‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كه زۆر كه‌م ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش بواری زیاتر به حزب و لایه‌نه تائیفییه‌كان ده‌دات كه پێگه‌ی خۆیان به‌هێزتربكه‌ن، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر رێژه‌ی به‌شداریكردن له پرۆسه‌كه‌دا لە ٪25 كه‌متربوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه بایكۆتی تشرینییه‌كان گۆڕه‌پان بۆ خێڵه‌كان چۆڵ ده‌كات له پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاست كه كورسی زیاتر به‌ده‌ستبهێنن، چونكه ئه‌م یاسا نوێیەی هه‌ڵبژاردن بوارییان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێت كه كورسی زیاتر به ده‌ستبهێنن له جیاتی كه‌سایه‌تییه رووناكبیر و پێشكه‌وتنخواز و سیكۆلاره‌كان.
مه‌رجه‌عیه‌تی سیستانی و
هه‌ڵبژاردنی تشرین
مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌کان كه خۆی له كه‌سایه‌تی سه‌ید عه‌لی سیستانی‌دا ده‌بینێته‌وه، بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه هانی خه‌ڵكی عیراق ده‌دات به‌شداریی فراوان بكه‌ن له پرۆسه‌كه‌دا بەشێوەیەکی بێلایه‌نه به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان، چونكه پێشتر وه‌كو له بیرمانه كه هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه هه‌بوو، خۆیان وا پیشانده‌دا كه سیستانی پیشتیوانیانه و فەتوای پشتگیریی بۆ ده‌ركردوون، به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌یه‌ك مه‌ودا به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان وه‌ستاوه و داوای چاكسازیی ده‌كات و پشتیوانیی داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و تشرینیه‌كان ده‌كات، هۆشداری توند ده‌دات له به بنبه‌ست گه‌یشتنی دۆخه‌كه، هه‌روه‌ها سیستانی له‌و بڕوایه‌دایه كه تا ئێستاش ئومێد هه‌یه له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه چاكسازی بكرێت و هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی پێشووی پرۆسه‌ی سیاسی راست بكرێنه‌وه، له هه‌مانكاتدا هه‌ست به نیگه‌رانی زۆر ده‌كات له‌سه‌ر ئاینده‌ی عیراق و سه‌قامگیرییه‌كه‌ی، له‌به‌ر هه‌موو ئه‌وانه، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه رووی ده‌می ده‌كاته هاووڵاتیان كه په‌ندو عیبره‌ت له ئه‌زموونه‌كانی رابردوو وه‌ربگرن و ئاگاداری به‌های ده‌نگه‌كانیان بن له رۆڵی نه‌خشه‌كێشانی ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌یاندا.
كورد و هه‌ڵبژاردنی تشرین
كورد له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ی وای نییه، چونكه كورسییه‌كانی دیاریكراوه و له بازنه‌كانی خۆی و هه‌ر حزبه‌ی ناوچه‌ی هه‌ژموون و پێگه‌ی خۆی هه‌یه، ئەگەری هەیە گۆڕانكاریی وا نه‌یه‌ته ئاراوه، ئه‌گه‌ر لایه‌نێك چه‌ند كورسییه‌كی زیاد یان كه‌م بكات، كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی نابێت.
ناوچه جێناكۆكه‌كان
ئه‌وه‌ی گرنگه ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیدارەی هه‌رێمی كوردستانه كه گوشاری زۆریان له‌سه‌ره و هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافی تێدا ده‌درێت، سەبارەت بەمەش هاوپه‌یمانی كوردستان له نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پێكهێنراوه كه گرنگی خۆی هه‌یه بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تریش، لێکتێگه‌یشتنیش له‌گه‌ڵ هه‌ندێك لایه‌نی تر كراوه، كه مایه‌ی ئومێدی باشی لێده‌كرێت.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ئومێدی زۆری له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه و مه‌یدانی ململانێی سه‌ختی نێوان ركابه‌ره‌كانه، مه‌ترسی به‌رده‌میشی بایكۆت و چه‌كی ده‌ستی میلیشیاكان و هه‌وڵی گزی و ساخته‌كاریی ئه‌نجامه‌كانه، بۆیه گۆڕانكاریی به رێكاری یاسایی و ده‌ستووری كارێكی قورسه له هاوكێشه‌ی چه‌ك و پاره و هێزدا، هیوادارم پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بێت، عیراق به‌ره‌و ئارامی و سه‌قامگیریی و گۆڕانكاری بنه‌ڕەتی بڕوات.