جەمال ئارێز

با یەكێك وەڵام بداتەوە

  2021-10-23 18:41      30 جار بینراوە        کۆمێنت

هەڵبژاردن تەواو بوو، دەستبەجێ چەند گرفتێك هەڵتۆقی ‌و كەسێكی تایبەتمەندیش لەو بوارانەدا وەڵامێكی موقنیع بە خەڵك ناداتەوە، وەك ئەوەی دیسانەوە كەس ‌و لایەنێك هەبێت بیەوێت هاووڵاتیان بوروژێنێت و خەڵك بهێنێتە سەر شەقام.

* لە 25ی مانگی رابردووەوە دەستكرا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10، بەڵام وەك ئەوەی دەستێك لەپشت تووڕەكردنی خەڵكەوە بێت، لە سەروبەندی كۆتاییهاتنی مووچەدا ‌و لەكاتی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازیی ‌و مەدەنیدا، پرۆسەی دابەشكردنەكە بەجۆرێك خاوكرایەوە كە هەندێك كەس رۆژانە لەبەیانی زووەوە نۆرەیان دەگرت تا نیوەڕۆ دوو كیسەی عەلاگە پارە دەهێنرا ‌و بەشی 40-50 كەسی دەكرد ‌و دەیانووت پارە نەما، سبەی وەرنەوە. وەلحاڵ دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان زیاتر لە 10-12 رۆژی خایاند.

* لەپڕ نرخی بەنزین ‌و غاز ‌و نەوتی سپی ماڵان بەرزبوونەوەیەكی بێ مانای بەخۆوە بینی، بەشێك لەو بەرزبوونەوەیە لە چەند ناوچەیەك زۆر بڕەكەی زیاتر بوو لە هەندێك ناوچەی تر، بۆ ئەوەش هیچ كەسێكی بەرپرسی باڵای ئەو بوارە وەڵامێكی گونجاوی پێ نەبوو، چونكە ئەگەر بەرزبوونەوەی نرخەكان پەیوەستە بە دۆخی نرخی جیهانیی سوتەمەنی ‌و موشتەقاتەكانییەوە، دەبێت خەڵك بزانێت ئاخۆ ئەو جیاوازییە چییە كە لە نێوان نرخەكاندا شارێكەوە بۆ شارێكی دیكە هەیە؟!

گریمان نرخی ئەو شتانە لەسەر ئاستی جیهان بەرزبۆتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە ئاخۆ حكومەت وەك چۆن لە كاتی دابەزینی نرخی نەوتدا لەسەر ئاستی جیهان پشتیوانیی سوتەمەنی بڕی لە لایەنەكانی كە پەیوەستن بە شەئنی گشتی، وەك پاس ‌و موەلیدە ئەهلییەكان ‌و ئاخۆ بۆچی ناتوانێت ئەو پشتیوانیی نرخە دەستپێبكاتەوە لە كاتێكدا نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان بەو شێوەیە بەرزبۆتەوە كە بەبەراورد بە كاتی بڕینی پشتیوانییەكە نزیكەی چوار هێندەیە؟

هێشتا خەڵك هەموو دەیانەوێت لەو هاوكێشەیە تێبگەن كە ئاخۆ هەرێم پابەند بووە بە رادەستكردنی پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە بەغدا بە نرخی سۆمۆ «بەگوێرەی رێكەوتنەكەی كە كرا»، ئەگەر كراوە بۆچی بەردەوام بەغدا هەڕەشەی بڕینی 200 ملیار دینارەكە دەكات و بە رەسمی وەڵامی نادەنەوە؟ ئەگەر نەشكراوە هۆكاری نەكردنەكەی چییە بۆچی بۆ هاووڵاتییانی روون ناكەنەوە؟

یەكێكی تر لە بڕگەكانی ئەو رێكەوتنە ئازادكردنی هەرێم بوو لەوەی لەو بڕەی كە لەسەروو 250 هەزار بەرمیلەكە بۆ كرێی كۆمپانیاكان و كرێی بۆری ‌و سكیوریتی و…هتد هەناردەی دەكات ، مەرجە كە بڕێك بۆ پاڵاوتن بۆ ناوخۆ بەرهەم بهێنێت، ئەی كوا ئەو بڕەی كە بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیە؟ بۆچی هەمیشە ئەوە دەكەینە مانشێت ‌و سەردێڕی هەواڵەكان كە عیراق بڕی (س) نەوتی سپی دەنێرێت ‌و بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت؟

هاووڵاتیان دەیانەوێت لەوە تێبگەن كە ئاخۆ ئەم جۆرە بێ باكی ‌و بێدەنگییە لەبەرامبەر ئەو گرفتە رۆژانەییەی هاووڵاتیان بۆ ورووژاندنی شەقامە، یان بێ ئاگایی بەرپرسانی باڵای ئەو بوارەیە؟

دیارە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی كاریگەریی لەسەر زۆرێك لە سێكتەرەكان دەبێت، بەو پێیەی بابەتێكی گشتییە، چونكە هێشتا بەشێك لە كارەبا پەیوەستە بە موەلیدە ئەهلییەكانەوە، هاتوچۆی خەڵك چ فەرمانبەران چ خوێندكاران ‌و مامۆستایان بە پاس ‌و بە تەكسییە، جا وەك هێڵی گشتی بێت، یان ئەوانە بێت كە بەتایبەتی هەر كۆمەڵە فەرمانبەر و مامۆستا ‌و خوێندكارێك خۆیان بەسەربەخۆ دەیگرن ‌و هاتوچۆی پێ دەكەن، ئاخۆ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنییەكانی وەك گاز ‌و بەنزین كاریگەریی بۆسەر نرخی ئەوانە نابێت؟ ئایا بەرزبوونەوەی كرێی پاس ‌و تەكسی و موەلیدەكان كاریگەریی لەسەر گیرفانی هاووڵاتیی كەم دەرامەت نابێت؟ ئاخۆ ئەوە بەگشتی كاریگەریی لەسەر دواكەوتن ‌و غیاباتی فەرمانبەر ‌و مامۆستا ‌و خوێندكار نابێت؟

* لە مەسەلەی هاتوچۆ و موەلیدە گرنگتر، مەسەلەی دروستبوونی كاریگەریی ئەو دۆخەیە لەسەر نرخی نان ‌و سەمون كە بابەتی سەرەكیی بژێویی هاووڵاتیانە، كە ماوەیەك لەمەوبەر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردەوە قەیرانێكی لێكەوتەوە، كە گریمان ئەوەیان پەیوەست بوو بە وشكەساڵی ‌و دەوترا بەرهەمی گەنم ‌و ئاردی ناوخۆ توانای پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆی نییە ‌و ئاردی دەرەوەش بەپێی بەرزیی نرخی دۆلار بەرزبۆتەوە، بەڵام ئێستا وەڵامی بەرپرسان چی دەبێت لەكاتی بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی لەسەر نانەواخانە و سەمونخانەكان؟ چۆن ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر دەكەن؟

* لەبەر دەم هەموو ئەم ئەگەر و پرسیارانەشدا پرسیارێكی تر قوت دەبێتەوە كە ئایا سەرەڕای نەبوونی پشتیوانیی بۆچی هەر ناوبەناو بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی دووبارە ‌و چەندبارەی دەكاتەوە كە ئەگەر 200 ملیارەكەی بەغدا نەیەت، مووچە بە لێبڕینەوە دابەش دەكرێت؟ چونكە ئەم هەویرە ئاو زۆر دەكێشێت و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای پرسیارەكە كە ئاخۆ حكومەتی هەرێم پابەندبووە بە مەرجەكانی رێكەوتنەكەی لەگەڵ بەغداوە ؟ ئەگەر پابەندە بەغدا چۆن دەتوانێت ئەو بڕە نەنێرێت كە لەسەری رێكەوتوون، ئەگەر پابەندیش نییە هۆكارەكەی چییە؟ كێ بەرپرسیارە؟

* دیسانەوە لێرەدا پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات كە ئایا لەكاتێكدا نرخی نەوت لە ئۆپێك 40 بۆ 50 دۆلار بووە، مووچە بە لێبڕینەوە دابەشكراوە، پێش ئەو بڕینانەی كە لە مووچە وەهمییەكاندا كرا، ئەی ئێستا كە نرخی نەوت لە سەروو 80 دۆلارەوەیە بۆچی ناتوانرێت مووچە بە تەواوەتی دابەش بكرێت دوای ئەوەی كە راگەیەندرا گوایە هەزاران مووچەی بندیوار ‌و دووبارە ‌و ناهەق بڕراوە و لەدوای گرتنەبەری ئەو رێوشوێنە چەند ملیار دینارێك بۆ گەنجینەی حكومەت گێڕدراوەتەوە؟ ئەمانە و چەندین پرسیار ‌و بەدواداچوونی تر، تكایە بەرلە وروژانی هاووڵاتیان یەكێك وەڵام بداتەوە.

وتاری زیاتر



بە سیاسیکردنی هەموو کایەکان‬ جەمال ئارێز
2021-11-05 10:13      47 جار بینراوە



بانگەشەو یاریكردن بەهەستی خەڵك‬ جەمال ئارێز
2021-09-18 19:40      47 جار بینراوە

دەنگیش بدە و گلەییش بکە‬ جەمال ئارێز
2021-09-16 12:58      69 جار بینراوە


هونەری گوێ نەگرتن‬ جەمال ئارێز
2021-08-14 14:34      63 جار بینراوە


کۆدی لێکتێگەیشتن دۆزرایەوە‬ جەمال ئارێز
2021-04-24 16:03      137 جار بینراوە




لێدوان، یان هەریەک لە ئاوازێک؟‬ جەمال ئارێز
2021-02-06 19:00      132 جار بینراوە






ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2018-01-17 10:22      286 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-12-12 15:45      371 جار بینراوە

ئەم هەفتەیە‬ جەمال ئارێز
2017-11-21 13:32      454 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو