مستەفا محەمەد

هاوپەیمانیی نوێ بۆ پرسی یەکڕیزیی نیشتمانی

  2021-10-23 20:31      63 جار بینراوە        کۆمێنت

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، ئەگەرچی راگەیەندراوە، بەڵام وەک کۆمسیۆن دەڵێت ئەنجامی کۆتایی هێشتا نزیک بە دوو هەفتەی تری پێویستە.
واپێدەچێت لەنێوان قبووڵکردن و رەتکردنەوەدا ئەنجامەکان ببنە مایەی سەرئێشە بۆ پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و پێشهاتی سیاسی وا بخوڵقێنن کە هەنگاوەکانی راستەڕێبوونی یەکەم کۆبوونەوەی نوێنەران بۆ دیاریکردنی گەورەترین قەوارە سەخت و ئاڵۆز بن.
گرنگتر لەوەش چاوەڕوانیی شەقامی عیراقە کە دەیەوێت ئەم هەڵبژاردنە بە گۆڕانکاریی ریشەیی و هاتنە ئارای قۆناغێکی نوێ هەنگاوەکانی دەستپێبکات و بە گوشاری دەنگی سەربەخۆکان بتوانێت فۆڕمێکی تر لە خزمەتکردنی ئایندەی ژیانی هاووڵاتیانی عیراق بەجێبگەیەنێت.
سەرۆکی رەوتی سەدر کە سوودمەندی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەیە، بەم ئەنجامانە دڵخۆشە، بەڵام دەزانێت کە کورسییەکانی ئەو واقیعەی بۆ دەستەبەر ناکات کە مەبەستی بوو، بۆیە هەنگاوەکانی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی گەورەترین قەوارە وەک دەڵێت «لەسەر بنەمای نیشتمانی و دوور لە تێڕوانینی تائیفی» خستۆتەگەڕ کە بە تاکە زامنی پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاریی دەبینێت، بەڵام پێناچێت ئەو حەماس و تێڕوانینەی سەدر لە نێو شەقامدا پێشوازیی لێبکرێت و هەر زووش هەندێک لایەن کەوتوونەتەخۆ بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکان و هەڕەشەی جووڵاندنەوەی شەقام و سەرهەڵدانەوەی شەقامیان نەشاردۆتەوە.
لە نێو ئەو رەوشە نادیار و ئاڵۆزەدا پێموایە لایەنی کورد کە هێشتا خۆی رێکنەخستۆتەوە و کارنامەیەکی رۆشنی یەکگرتووی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی زۆرینەی کێشەکانی لەگەڵ عیراقدا ئامادە نییە، هێندەی تر جێی هەڵوێستە لەسەرکردنە، چونکە هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەیەک ئەندازە نایانەوێت ئەو راستییە قبووڵ بکەن کە دوا خاڵی چارەسەر خۆگونجاندن و بەبایەخ سەیرکردنی حکومەتی ناوەندە لە کۆی پرسە هەڵواسراوەکاندا لە پێشیشیانەوە مادە دەستوورییەکان کە مەترسییە جدییەکە دەبێ لەم خولەدا رووبەڕوومان دەبێتەوە، بەبێ ئەو روئیایەش هەر دوورکەوتنەوەیەک لە بەغدا یا فەرامۆشکردنی رۆڵی حکومەتی ناوەند لە ناوخۆی هەرێمدا، تەنها ئەنجامێک کە دەیچنینەوە بێ ئەرزشکردنی رۆڵ و نەخشی کوردە لە داڕشتنی سیاسەتی ئاییندەی عیراق و رێگریکردن لەو نیاز و مەرامانەی کە بۆ گۆڕینی بەند و مادە دەستوورییەکان دێنەپێش.
کەواتە ئەوەی ئێستا وەک هەنگاوی کوردستانییانەی دوای هەڵبژاردن بۆ کوردستان گرنگە، یەکڕیزیی و تەبایی سیاسییە کە روانگە و بۆچوونەکان وتار و گفتوگۆکان، چوونە ناو هاوپەیمانییەکان وەک یەک تیمی کوردستانی کاری لەسەر بکەن و هەر بەو فۆڕمەش رێکەوتنی سیاسی لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەن کە گەرەنتی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و چارەسەری ریشەیی شایستە نەتەوەییەکانمان دەکەن.

وتاری زیاتر






عیراق وەک ئەفغانستانی لێدێت؟‬ مستەفا محەمەد
2021-08-19 10:56      70 جار بینراوە






















بڕیارەکەی دادگاو لێکەوتەکانی‬ مستەفا محەمەد
2018-06-27 10:56      472 جار بینراوە

پەرلەمانتارێک هەرگیز نەخەوت!‬ مستەفا محەمەد
2018-06-20 11:57      508 جار بینراوە

سەرکـەوتـنی یەکێتی قبوڵ بکەن‬ مستەفا محەمەد
2018-05-16 10:07      461 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو