لەیلا عومەر

له‌باره‌ی گرنگی پرسی ژینگه‌وه‌

  2021-11-22 15:50      49 جار بینراوە        کۆمێنت

پرسی ژینگه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ئه‌مڕۆ یه‌كێكه‌ له‌ پرسه‌ گرنگه‌كان. هۆكاره‌كانیش زۆرن، له‌ نموونه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی زه‌وی، كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی دارستانه‌كان، وشكبوونی هه‌ندێك له‌ ده‌ریاچه‌ گه‌وره‌كان، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی شیرین، ئه‌م بابه‌ته‌ دوو لایه‌نه‌یه‌. یه‌كەم، مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تان له‌گه‌ڵ ژینگه‌، دووەم، مامه‌ڵه‌ تاكه‌كان له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی چوارده‌وریان، سه‌باره‌ت به ‌رۆڵی ده‌وڵه‌تان ئاشكرایه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تان له‌ناوخۆی خۆیاندا یاخود له‌ چوارچێوه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا چاودێری ره‌وشی ژینگه‌ی زه‌وی ده‌كه‌ن. هۆكاری ئه‌م گرنگی پێدانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گۆڕانی كه‌شوهه‌وای زه‌وی به‌هۆی كاروچالاكییه‌ زانستی، سه‌ربازی و پیشه‌سازییه‌كانی كارگه‌و كۆمپانیا گه‌وره‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ پرسی ژینگه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا تێكه‌ڵی ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان ده‌وڵـ‍ﻪتان بووه‌، به‌دیاریكراوی وڵاته‌ زلهێزه‌ پێشكه‌وتووه‌كان، ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌نی زۆرترین كارگه‌ی پیشه‌سازین و زۆرترین بڕی پاشه‌ڕۆی كیمیایی زیانبه‌خش فڕێده‌ده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌م وڵاتانه‌ پشكی گه‌وره‌یان به‌رده‌كه‌وێ له‌ پیسكردنی ژینگه‌ی زه‌وی، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینرێت ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كانیش له‌چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسی پیسبوونی ژینگه‌ی زه‌وی به‌هه‌مان میكانیزم و بایه‌خه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا ناكه‌ن. بۆ نموونه‌، ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك چین یاخود هیندستان هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپی گرنگی به‌ پرسی ژینگه‌ ناده‌ن، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ خاوه‌نی دانیشتوانێكی زۆر و كارگه‌ی پیشه‌سازی گه‌وره‌ و بچووكی زۆرن، به‌شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت له‌سه‌ر ئاسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه‌ ژینگه‌پارێزییه‌ جیهانییه‌كان بكه‌ن، به‌م هۆیه‌شەوە ده‌بینین ژینگه‌ی زۆرێك له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانیان پیسه‌. ئاشكرایه‌ ژینگە و كەشوهەوای باش واتا شار و باخچە و سەیرانگەی جوان و شەقامی پاكوخاوێنمان هه‌بێت، مروڤ لە دۆخی وادا لەلایەكەوە رۆحی ئارامە و لەلایەكی دیكەشەوە تەندروست دەبێت، دووریش دەبێ لە سەدان دەرد و نەخۆشی كە بەهۆی ژینگە و ئاوهەوای پیسه‌وە تووشی دەبن، ساڵانێكه‌ له‌ هەرێمی كوردستان هه‌وڵه‌كان خراونه‌ته‌گه‌ڕ به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردنی ره‌وشی ژینگه‌ی كوردستان. وه‌ك ده‌بینین، ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌مان رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و پیستر ده‌چێت كه‌ هۆكاره‌كه‌شی دیاره‌، به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌ شێوازی مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێكیشی په‌یوه‌ندی به‌ ره‌فتاره‌كانی هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌وا له‌خه‌می ژینگه‌كه‌یاندا نین. ئه‌وه‌ی ئه‌رك بێت و له‌سه‌ر شانی حكومه‌تی هه‌رێم بێت بریتییه‌ له‌ پشتیوانیكردنی هه‌وڵه‌كانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆ پارێزگاریكردن له‌ ژینگه‌، وه‌گه‌ڕخستنی پلانێكی په‌روه‌رده‌یی تۆكمه‌ له‌ قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانه‌وه‌، په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان له‌چۆنێتی رێزگرتن له‌ ژینگه‌ی خۆیان، پاشان هه‌ڵمه‌تی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ پیسنه‌كردنی ژینگه‌ی كوردستان، له‌ رێگه‌ی تیمی گه‌ڕۆكه‌وه‌ به‌ نێو گه‌ڕه‌كانی شار، ناوبازاڕ و شوێنه‌ گشتییه‌كان و پاركه‌كان، ئەوەی مه‌به‌ستمانه‌ ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین، گرنگه‌ لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كانیش پێكه‌وه‌ سیاسەتێكی ژینگەیی دوورمەودامان هەبێت بەشێوەیەك بەردەوام هەست بەباشتربوونی دۆخی ژینگەییمان بكەین، سیاسەتی ژینگەیی كە ئامانجی دروستكردنی ئاوهەوا و ژینگەیەكی پاك و خاوێنە پێویستی بە زۆر شت هەیە، روونتر بڵێم ئەرك دەخاتە سەر هەموومان، بەڵام بەرپرسیارێتی و ئەركەكان دەگۆڕێن، ئەركداری یەكەمیش بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی پاك حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بۆ نموونه‌، ناكرێت دامەزراندنی كارگەكان و پیشەسازی ببنە هۆی زیاتر پیسكردنی ژینگە، بەڵكو لەگەڵ گرنگی پیشەسازی پێویستە رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر تاكو ژینگەی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كارگه‌كه‌ی لێ دامه‌زراوه‌ بپارێزێت، ئەمەیان ئەركی سەرەكی ئێمەیە لە حكومەتی هه‌رێمی كوردستان بتوانین پلانی ورد دابنێین بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ ئەوەی له‌لایه‌ك گه‌شه‌ به‌ كەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان بده‌ین، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، خزمەتی ژینگەی كوردستانه‌كه‌مان بكه‌ین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سووریشین لەسەر ئەوەی دەرفەتی كاری زیاتر بڕەخسێنین بۆ گەنجانی وڵاتەكەمان، ده‌كرێت له‌م رووه‌وه‌ سوود له‌ ئه‌زموونی زانكۆكانمان وه‌ربگرین، پشتیوانیان بین له‌ چالاكی زانستی هاوشێوه‌ی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی، بانگهێشتكردنی كه‌سایه‌تی و رێكخراوه‌ ژینگه‌پارێزییه‌ ناوداره‌كان، سوودبینین له‌ئه‌زموونیان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ناوخۆیی خۆمان هه‌وڵه‌كانمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ تاكو ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بپارێزین.

* جێگری پارێزگاری سلێمانی

وتاری زیاتر

فەرەنساو دوو وێنەی جیاواز‬ لەیلا عومەر
2021-11-29 15:58      32 جار بینراوە

کۆچ و گەڕانەوەی ناچاری‬ لەیلا عومەر
2021-11-15 18:25      77 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو