گۆران قادر

‎یەكڕیزیی كۆڵەكەو بنەمایەكی گرنگی نیشتمانیی

  2021-11-29 21:02      75 جار بینراوە        کۆمێنت

یەکڕیزی ئەو بەستەرەیە كە تاك و رۆڵەكانی یەك نیشتمان پێكەوە دەبەستێتەوە و بە شێوەیەكی گشتی دەربڕی خۆشەویستیی تاكەكانە بۆ نیشتمان و پێوەری وابەستە بوونیانە پێوەی و ئامادەیی بەرگریكردنیشیانە لێی دژ بە هەر هێزێكی دەرەكی كە بیەوێت زیانی پێبگەیەنێت یان هەژموونی خۆی بەسەردا زاڵ بكات، لە هەمان كاتدا یەكڕیزییی رۆڵەكانی نیشتمانێك گردو كۆدەكاتەوە لەسەر كۆمەڵێك پڕەنسیپ و بیروباوەڕ و دابونەریتی هاوبەش لە چوارچێوەی رووبەری ئەو نیشتمانەی كە تێیدا دەژین. ‎

بوارەكانی یەكڕیزیی
‎هەندێك بواری گرنگ هەن كە لە رێگەیانەوە دەتوانرێت پەرە بە یەكڕیزیی بدرێت كە ئەوانیش بوارەكانی: ‎ خێزان ‎لە گرنگترین دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانە لەناو كۆمەڵگەدا كە بەرپرسیارێتی یەكەمین قۆناغی پەروەردەكردنی تاكەكانی لەئەستۆدایە وەك ناساندنی بەها باڵا باشەكان و رەنگڕێژكردن بۆ پێكهاتنی ویژدانی پەروەردەیی و رۆشنبیریی لەلای تاك، هەر لە خێزانیشدا تاكەكان بنەماكانی ئاكارە گشتییەكان و پیرۆزییە كۆمەڵایەتییەكان فێر دەكرێن كە پێویستە رێزیان لێبگیرێت و بەهەند وەربگیرێن، هەر لەناو خێزانیشەوە تاكەكان بە ئەلف و بێی خۆشەویستی نیشتمان گۆش دەكرێن و شانازیی بە نیشتمانەوە دەکەن.

ئایین و یەکڕیزیی
ئایینەكان بە هەموو جیاوازییەكانیانەوە جەخت لەسەر بنەماكانی ئاشتی و وابەستەبوون بە نیشتمان و سوود گەیاندن بە كۆمەڵگە دەكەنەوە، بە هەموو توانا رۆحی و چوارچێوە هزرییەكانییەوە هەوڵی تێكەڵبوونی تاك دەدەن، بە تەونی كۆمەڵایەتی و نیشتمانیی بە جۆرێك لە خزمەتی یەكێتیی نیشتمانیی دا بێت و هەوڵی گەشەسەندنی بدات لەگەڵ هەوڵی پێشخستنی كۆمەڵگە و پاراستنی لە هەر هەڕەشە و زیان و گرفتێك كە دووچاری ببێت، ئەمەش لە رێگەی چەسپاندنی بنەماكانی خێر و بەخشین و دادگەریی و یەكسانی نێوان مرۆڤەكان، لە دەروونی تاكەكانی كۆمەڵگەدا بە هەموو جیاوازیەكانیانەوە.

رۆڵی ‎راگەیاندن و میدیا
‎رۆڵی میدیا و راگەیاندنی بینراو و بیستراو و نووسراو، بە ئاشكرا دەردەكەوێت وەك هۆكارێكی كاریگەر لە یەكخستن و یەكانگیرکردنی ریزەكانی نەتەوە و كۆمەڵگە، بەتایبەتی لەكاتی سەرهەڵدانی كێشە و قەیرانەكاندا، كە ئەمەش رۆڵێكی گەورەیە لە بەدیهێنانی یەكێتیی نیشتمانیی و گردبوونەوەی كۆمەڵانی خەڵك لە دەوری نیشتمان و دەسەڵات و سەروەریی دەوڵەت و پاراستنی پیرۆزییەكانی، لە هەمان كاتدا میدیا و راگەیاندنی بەرپرس و راستگۆ و خاوەن هەڵوێست مینبەرێكی كارایە بۆ ئاراستەكردنی گەنجان و هۆشیاركردنەوەیان لەم رووەوە.

پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن ‎
دامەزراوە پەروەردەیی و فێركارییە جۆراوجۆرەكان ئەركیان چاندنی بەها نیشتمانییەكانە لە ناخی تاكەكانی كۆمەڵگەدا و راهێنانیانە لەسەر دڵسۆزی و وابەستە بوون بە نیشتمانەوە، تا لە داهاتوودا دەستبگرن بە ناسنامە نیشتمانییەكەیانەوە و پابەندیی تەواویان هەبێت بۆی. ‎بەم شێوەیە راگەیاندن و میدیا، رۆڵەكانی كۆمەڵگە هاندەدات بۆ بەشداریكردنی چالاكانە لە بنیادنانەوەی وڵاتدا لە رێگەی ئامادەبوونیان لە سەرجەم پڕۆژە و دەستپێشخەرییە كۆمەڵایەتی و بۆنە نیشتمانییەكان، كە ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئەم بەها باڵایانە لە مێشك و دەروونیاندا بە جۆرێك كە هەمیشە شانازیی بەخۆیانەوە بكەن. ‎گرنگیی یەكڕیزیی – یەكخستنەوەی هێز و تواناكان دژبە هەر هەوڵێكی دوژمنكاریی دەرەكی و ناوخۆیی و هەر هەڕەشەیەكی تیرۆرستی یان توندڕەوی.

كەمكردنەوەی كێشە و گرفتە ناوخۆییەكان و ئاسانكردنی دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان، هۆكارە بۆ پێشخستنی سێكتەرە جیاوازەكانی دەوڵەت و دانانی پلانی هاوبەش بۆ حكومڕانیی و بەڕێوەبردن و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی.

هەروا دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ناكۆكی و هەڵمژینەوەی رق و كینە و وەلانانی پەڕگیریی و تایفەگەریی، هۆكارە بۆ زاڵ كردنی گیانی لێبوردەیی و برایەتی و پێكەوە ژیان. ‎

ئەنجامەکانی یەكڕیزیی
‎لە ئەگەری هاتنە ئارا و دامەزراندنی یەكڕیزییی نیشتمانیی، ئەوا ئەنجامەكانی بریتی دەبن لە: لە گۆڕنانی دووبەرەكی و ئاشووبی ناوخۆیی و زاڵبوونی زمانی ئاخاوتن و گفتوگۆ بەسەر زمانی چەك و توندوتیژیدا، گەشەسەندنی دامەزراوە نیشتمانییەكان بەهۆی كاری دڵسۆزانەی هەمووانەوە، پێشكەوتن و گەشەكردنی سێكتەری ئابووری و كەمبوونەوە و نەهێشتنی قەیرانەكان و چارەسەركردنیان، كۆكردنەوە و یەكخستنی هێزەكان بۆ پارێزگاری لە نیشتمان لە بەرامبەر هەڕەشەكاندا، گێڕانەوەی شكۆ بۆ هاووڵاتیانی ئاوارە و دروستبوونی هەستی گەڕانەوە بۆ نیشتمان، بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتن لای هاووڵاتیان بەرزکردنەوەی ورەیان و ئامادە كردنیان لە رووی دەروونی كردارییەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشە و دوژمنكارییەك دژ بە نیشتمانەكەیان، كە ئەمەش بەشێكە لە
پێکهاتنی سیاسی.

وتاری زیاتر


نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو