پێشڕەو مەلا وەیسی

رووداوەكانی عیراق و پەرتەوازەیی ناو ماڵی کورد

  2021-12-06 19:19      69 جار بینراوە        کۆمێنت

حزب و لایەنە سیاسییەكانی عیراق لە هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدان، ئەمەش لە كاتێكدایە ناڕەزایی شەقامی عیراق و كشانەوەی هێزە جەنگاوەرەکانی ئەمریكا و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی بە روونی لەناو سیاسەتی عیراقدا بەدی دەكرێت.

ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق هەروا ئاسان نابێت، لە ئەگەری پێكهێنانیشیدا لە دایكبوونی ئەو كابینەیە وەرگرتنی پشكی حزب و لایەنە مەزهەبی و نەتەوەییەكان هەروا ئاسان نابێت.

لە كاتێكدا كابینەی نوێی حکومەتی عیراق پێكدەهێنرێت چەندین دەستی دەرەكی لە ناوچەكەدا رۆڵ دەگێڕن، تا زۆرترین دەسەڵات لای حزب و مەزهەب و نەتەوانە بێت کە دڵخواز و نزیكی خۆیانن و هەموو توانایەكی خۆشیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەو مەبەستە.

هەقە بپرسین حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئێستا لە كوێی ئەو گەمە و مانۆڕە سیاسییانەی عیراقدان بۆ پێكهێنانی ئەو کابینەیە؟ ئایا كورد توانیوێتی یەكدەنگیی نیشتمانیی دروست بكات تا لە بەغدای پایتەخت مافە دەستورییەكانی خۆی بەدەستبهێنێت؟

بێگومان نەخیر، چونكە هیچ كات كورد هێندەی ئێستا پەرتەوازە نەبووە، ئاماژە سیاسییەكانیش ئەم راستییە پیشان دەدەن، پێدەچێت وەرگرتنی ئیستیحقاقەکانی گەلی كورد و هەرێمی کوردستان لەم كابینەیەدا لە هەموو كابینەكانی تر قورستر بێت، كابینەكانی پێشوو لەسەر بنەمای رێكەوتنی نێوان لایەنی سیاسیی و نەتەوەیی پێكدەهێنرا، ئەوەش تا ئاستێك دەتوانرا برابەش پۆستەكان دابەش بكرێت، هەرچەندە لەو كاتانەشدا كورد وەك پێویست مافی یاسایی و دەستووری خۆی پێنەدراوە.

وا شیاوتر بوو حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە دوای نووسراوەكەی موقتەدا سەدر- ەوە هەموو كێشە ناوخۆییەكانیان وەلا بنایە و بە یەك گوتاری سیاسییەوە لەگەڵ لایەنە براوەكانی عیراق لەسەر مێزی دانوستان شەڕی بەدەستهێنانی مافی گەلەكەیان بكردایە، چونکە ئەوەی موقتەدا سەدر بۆ لایەنە ساسییەكانی عیراقی نووسی و كۆبوونەوەكەی بەجێهشت و دەڵێت (لاشرقية‌ ولا غربية‌ حكومة اغلبية‌ وطنية‌) پەیامێکە و مانای خۆی هەیە.

ئەگەر ئێمەی كورد لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی شەراكەتدا نەمانتوانیبێت مافەکانی خۆمان وەك پێویست وەربگرین كە لە كاتێكیشدا بووە، تا رادەیەكی باش حزبەكانی هەرێم یەکهەڵوێست بوون، ئاخۆ دەبێ‌ لەم كابیەنە نوێیەدا حاڵی كورد چی بێت و چ چارەنووسێكی نادیار چاوەڕوانی بكات؟

كشانەوەی ئەمریكا و جووڵەكانی گروپی تیرۆرستی داعش و توندڕەوەكان، رووداوە خێراكانی ناوچەكە لە هەموو كات زیاتر دەخوازێت حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هەرچی زووە كێشە و ململانێ ناوخۆییەکانیان وەلابنێن، شوێن بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی میللەتەكەیان بكەون، ئەگەرنا بەم پەرتەوازەییەی ئێستای ناوماڵی كوردەوە بچنە ناو پڕۆسەی دانوستانەوە كە هەریەكە و خاوەن گوتارێكی سیاسییە، ئەوا چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێی هەرێم دەكات و دەرگای چەندین ئەگەری خراپ بە رووماندا دەكرێتەوە، كە لە كۆتاییدا ئۆباڵی هەر زیانێك بۆ ئەم هەرێمە لە گەردنی ئەو لایەنانەدا دەبێت كە بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەخەنە پێش بەرژوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانەوە.

بۆیە لە ئەگەری ئەم پەرتەوازەییەی ئێستای ناوماڵی كورددا نەك دەستكەوت بەدەست نایەت بۆ هەرێم، بەڵکو مەترسی لە دەستدانی دەستكەوتەكانی پێشووتریش دێتە ئاراوە، لەبەرئەوە پێویستە بە زووترین كات حزب و لایەنەكانی هەرێم لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە یەكگوتاری روو بكەنە بەغدا و شەڕی دەستووری و مافەكانی گەلەكەیان بكەن.

وتاری زیاتر




یەكێتی حزبی خەڵـكە‬ پێشڕەو مەلا وەیسی
2021-12-13 21:45      77 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو