بورهان شێخ رەئوف

شایی‌ بگێڕین یان شین؟

  2021-12-19 17:31      105 جار بینراوە        کۆمێنت

له‌ 1921 تا 2021 سه‌ده‌یه‌كه‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق دامه‌زراوه‌، ئه‌گه‌رچی‌ سه‌ره‌تا كوردستان به‌شێك نه‌بوو له‌و ده‌وڵه‌ته‌، به‌ڵام دواتر و له‌ ساڵی‌ 1925 كوردستانی‌ باشووریش به‌ ده‌ر له‌ خواستی‌ خۆی‌ به‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ لكێنرا، كه‌ ئه‌مه‌ش هۆكار‌ی‌ زۆری‌ هه‌بووه‌، لێره‌دا بواری‌ ئه‌وه‌ نییه‌ باسی‌ بكه‌م.

عیراق هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ دروستبوونیه‌وه‌ به‌ ده‌ر نه‌بووه‌ له‌ قه‌یران و كێشه‌و ململانێی گه‌وره‌، ئه‌و كێشانه‌ش سه‌رچاوه‌ی‌ ئه‌وه‌ بوون كه‌ ئه‌م وڵاته‌ سه‌قامگیریی‌ و ئارامی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، ته‌نها ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م نه‌بێت.

سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌
سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تی‌ 1921-1958 ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌بووه‌ و له‌ ژێر ئینتیدابی‌ به‌ریتانیادا بووه‌و كۆمپانیا مۆنۆپۆڵه‌كان چاوی‌ ته‌ماعیان تێبڕیووه‌ و خێرو بێره‌كه‌یان بۆ خۆیان بردووه‌ و كه‌مێكیان لێ‌ داوه‌ته‌ عیراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی‌ دروستكردنی‌ داموده‌زگای‌ ده‌وڵه‌ت دراوه‌، هه‌ر له‌ دروستكردنی‌ سوپا و پۆلیس و وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و حكومه‌ت، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین جار له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران متمانه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌ درێژی‌ له‌ مێژووی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ عیراقی عه‌بدولره‌زاق حه‌سه‌نی باسكراوه‌، كه‌ له‌و ماوه‌ی‌ 37 ساڵه‌ی‌ سه‌رده‌می‌ پاشایه‌تیدا ده‌یان كابینه‌ی‌ حكومی‌ پێكهێنراوه‌ و هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ به‌ رێكاری‌ یاسایی‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، خاڵێكی‌ گه‌شی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ نه‌بوونی‌ جیاوازی‌ ئیتنیكی‌ و تائیفی‌ و نه‌ته‌وه‌ییه‌، چه‌ندین جار كورد و شیعه‌ و سوننه‌ و پۆستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرییان وه‌رگرتووه‌، پێگه‌ گرنگه‌كانی‌ سوپا و ده‌وڵه‌ت به‌ده‌ستی‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ بووه‌ تا پاسه‌وانی مه‌لیكیش .

سه‌رده‌می‌ كۆماری‌
سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ سه‌ربازی‌ 1958-2003 ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ كوده‌تای‌ سه‌ربازی‌ 14 ته‌مموزی‌ 1958 ده‌ست پێده‌كات و دواتر كوده‌تای‌ 8 شوباتی‌ 1963ی‌ به‌عسییه‌كان بۆ جاری‌ یه‌كه‌م و كوده‌تای‌ 17 ته‌مووزی‌ 1968 به‌عسیه‌كان بۆ جاری‌ دووه‌م، كه‌ به‌عسییه‌كان له‌وه‌ به‌ دوا ته‌واوی‌ جۆمگه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراقیان كۆنترۆڵكرد، هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ژیانی‌ حزبایه‌تیان له‌ عیراقدا قه‌ده‌غه‌كرد، ئه‌گه‌رچی‌ به‌یانی‌ 11 ئازاری‌ ساڵی‌ 1970یان بۆ چاره‌سه‌ری‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد ده‌ركرد له‌ ژێر گوشاری‌ شۆرشی‌ كورد دا، به‌ڵام دواتر كاتێك به‌هێز بوون په‌شیمان بوونه‌وه‌ و ئۆتۆنۆمییه‌كی‌ كارتۆنیان بۆ كورد راگه‌یاند.

ئه‌م سه‌رده‌مه‌ به‌ ره‌شترین سه‌رده‌مه‌كانی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ عیراق هه‌ژمار ده‌كرێت، كه‌ پڕه‌ له‌ گۆڕی‌ به‌ كۆمه‌ڵ، جینۆساید ، به‌كارهێنانی‌ چه‌كی‌ كیمیاوی‌، وشكردنی‌ هۆڕه‌كانی‌ باشوور، ئه‌نفالی‌ كورد، جه‌نگی‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دراوسێكان، به‌ تایبه‌تی‌ بۆ كورد و كه‌مینه‌كان و ئاینزای‌ شیعه‌ش، عیراق له‌م سه‌رده‌مه‌ تووشی‌ شه‌ڕی‌ درێژخایه‌نی‌ ده‌ره‌كی‌ بوو له‌ گه‌ڵ ئێران كه‌ هه‌شت ساڵی خایاند، هه‌روه‌ها داگیركردنی‌ كوه‌یت و ئابڵووقه‌ی‌ ئابووری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ سه‌ر عیراق بۆ ماوه‌ی‌ سیازده‌ ساڵ نه‌گبه‌تی‌ گه‌وره‌بوون بۆ گه‌لی‌ عیراق .

عیراقی‌ نوێ‌
سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ سێیه‌م یان عیراقی‌ نوێ‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌كات، سه‌ره‌ڕای‌ ئازادی‌ و دیموكراسی‌ و كرانه‌وه‌ی‌ بێ‌ مه‌رج و كۆت و به‌ند و نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستووری‌ ساڵی‌ 2005 و ده‌نگدانی %85 ی خه‌ڵكی‌ عیراق له‌ سه‌ری، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بوون به‌ ده‌ستووره‌وه‌ كێشه‌ی‌ گه‌وره‌تری‌ له‌وانه‌ی‌ پێش خۆی‌ بۆ عیراق و عیراقییه‌كان خووڵقاند، ئه‌مه‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ بیروباوه‌ری‌ توندڕه‌وی‌ و رێكخراوی تیرۆریستی وه‌ك ئه‌لقاعیده‌ و داعش و دروستبوونی‌ گروپ و تاقمی‌ میلیشایی‌ چه‌كدار كێشه‌ی‌ گه‌وره‌تری بۆ عیراق دروستكرد و توندوتیژی‌ و به‌ریه‌كه‌وتنی‌ سامناكی‌ لێكه‌وته‌وه‌ .

له‌ كۆتاییدا ده‌پرسین، دوای‌ 100 ساڵ له‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عیراق، ئایه‌ عیراقییه‌كان شین بگێڕن یان شایی‌، بۆ ئه‌م هه‌موو مه‌رگه‌سات و جینۆساید و قڕكردنه‌؟

ئایا كاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ دڵسۆزان و بیرمه‌ندانی‌ ئه‌م وڵاته‌، له‌ دوای‌ سه‌د ساڵ له‌ نه‌هامه‌تی‌ بیرێكی‌ جدی‌ له‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌ بكه‌نه‌وه‌ ؟

ئایا جگه‌ له‌ دانوستان و دایالۆگ و لێبوردن و یه‌كتر قبوڵكردن رێگه‌یه‌كی‌ تر هه‌یه‌؟

ئایا له‌ هه‌موو شوێنێكی‌ ئه‌م جیهانه‌ جیاوازی‌ و فره‌ ره‌نگی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ هێز و توانا نه‌بووه‌ ، ئه‌دی‌ بۆ له‌ وڵاتی‌ ئێمه‌ پێچه‌وانه‌یه‌؟

وتاری زیاتر































نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو