لە دوو سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2021، بەهۆی بارانی بە لێزمەوە، دوو جار لافاوی گەورە و پڕ زیان لە شاری هەولێر روویاندا، لە یەکەمیاندا زیانی زۆری ماڵان هەبوو، لە دووەمیاندا بەداخەوە هەم لە گیاندا هەم لە ماڵدا زەرەرێکی زۆر هەبوو، رۆژانەش وەک هەر وڵاتێکی تر، بەهۆی ئاگر کەوتنەوە و رووداوی هاتوچۆ و رووداوی کار زەرەری مادی و گیانیش دەبێ.
دەشێ لە دەستدانی ماڵ و موڵک بەجۆرێک لە جۆرەکان قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام گیان لەدەستدان هیچ کاتێک قەرەبوو ناکرێتەوە و هەروەها هەندێ زەرەری جەستەیش، بەڵام لە زۆر وڵات، چارەسەرێک بۆ زەرەری جۆری یەکەم و سێیەم دانراوە و تا رادەیەکیش بۆ گیان لەدەستدانیش! ئەویش بە تەئمینی ژیان و گیانی مرۆڤەکان، بە تەئمینی ماڵ و موڵک و بازرگانی و کشتوکاڵ و پرۆژەکان..هتد.
ئەم تەئمین و بیمە و زامن کردن و دابینکردنە، لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێمان هەن و لە بەشێکی زۆری وڵاتانی دونیاشدا هەن، تەنانەت لەسەردەمی رژێمی روخاوی بەعسیشدا هەبوو، ئەم پڕۆسەیە گەر ببێ، زەرەر و زیانی رووداوەکان زۆر کەمدەکاتەوە یان هەر نایهێڵێ، بۆ نموونە گەر کەسێک کە ئوتومبێلی هەیە و بیمە یان تەئمینی بکات و مانگانە یان ساڵانە بەپێی سیستمی بیمەی ئەو کۆمپانیایەی لای تەئمین دەکات، برێک پارە بدات، لەهەر رووداوێکی هاتوچۆدا تووشی زەرەر بێ و پاش لێکۆڵینەوەی کۆمپانیا و دڵنیابوون لەوەی رووداوەکە بە مەبەست و ئەنقەست نەبووە، خاوەنی ئوتومبێلەکە قەرەبوو دەکرێتەوە، ئەم حاڵەتە بۆ خانوبەرە، کۆمپانیا، کشتوکاڵ، باخ، موڵکی هەمەجۆر.. هتد، راستە.
ئەو کۆمپانیایانەی ئەم ئەرکە دەگرنە ئەستۆ، لە زۆربەی وڵاتان کۆمپانیای کەرتی تایبەتن، دەشکرێت حکومی بن، یان تێکەڵ بن، گرنگیشە لە حاڵەتی دروستبوونی ئەم جۆرە کۆمپانیایانەدا، خەڵک متمانی پێیان هەبێ و دەوڵەت زامنی ئەوە بکات، کاتێک خەڵک پارە دەدات بەو کۆمپانیانە، دڵنیابێ لەکاتی پێویستدا قەرەبوو دەکرێتەوە.
هەر کاتێک ئەم کۆمپانیانە دامەزران و خەڵک دڵنیابوون لە کارەکانیان، هەم ژمارەیەکی باش کار بۆ خەڵک دابین دەبێت، هەم ئەوانەی پارەی بیمە دەدەن بەو کۆمپانیانە بەو هۆکارانەی سەرەوە ئاماژەمان پێداون، قەرەبووی هەر زەرەر و زیانێکیان بۆ دەکرێتەوە.
بە دڵنییاییەوە کارکردنی ئەو جۆرە کۆمپانیانە شێوازی تایبەتی خۆی و رێ و شوێنی خۆیان هەیە و دەکرێ خەڵکانی پسپۆر وردەکاری و شێوازی کارکردنیان و جۆری سوودمەندبوونی خەڵک لێیان روونبکەنەوە و حکومەت هاندەر و پاڵنەری دروستبوونی ئەو کۆمپانیایانە بێت و یاسای پێویست، یان رێنمایی بۆ دەربکرێت، گەر ئەمە بکرێت، بەشێکی زۆری زەرەر و زیانەکان قەرەبوو دەکرێنەوە.