تارق جەوهەر سارمەمی

رێکارە دەستووری و یاساییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە عیراقدا

  2022-01-15 17:32      113 جار بینراوە        کۆمێنت

مێژووی سەرۆک کۆمار لە عیراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1958 کە بەهۆی کودەتای سەربازییەوە سیستمی حوکمڕانی لە پاشایەتییەوە بۆ سیستمی کۆماری گۆڕدرا، ژەنراڵ عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵنەبژێردراو لەعیراقدا. دوای کودەتای بەعسییەکانیش لە 1963 چەندین سەرۆک کۆمار بەبێ هەڵبژاردن خۆیان بەسەر ئیرادەی گەلانی عیراق فەرز کرد، هەریەک لە (عەبدول سەلام عارف) و (عەبدولرەحمان عارف)ی برای و پاشانیش ئەحمەد حسن بەکر و ئینجا سەدام حسێن بوون بە سەرۆک کۆماری عیراق. هەموو ئەوناوانەی هێنران دەسەڵاتێکی رەها و فراوانیان هەبوو و خۆیان لە سەرووی یاساوە دەبینی. هەمووشیان عەرەب بوون و بۆ ماوەی جیاجیا حوکمڕانیان کرد کە تەمەنی حوکمڕانییەکەی سەدام لە هەموویان زیاتر بوو 23 ساڵ بوو، بەڵام جگە لە عەبدولرەحمان عارف، خاڵی هاوبەشی هەموویان ئەوەبوو، کە هیچ کەسێکیان بەمردنی خۆیان نەمردن یا کوژران یا سووتان یان لەسێدارەدران.

خولی یەکەم2005
لەدوای 2003و رووخانی رژێمی سەدام، قۆناغێکی تازە هاتە پێشەوە، سەرۆک کۆمار لە پۆستێکی پڕ دەسەڵاتەوە بۆ پۆستێکی پڕۆتۆکۆڵی و تەشریفاتی گۆڕدرا. بەدەستوور دەسەڵاتەکانی دیاریکران، بەڵام هێشتا ئەو پۆستە چاوی زۆری لەسەرە، هەرچەندە وەک عورفێکی سیاسی چوار دەورەیە لەلایی کوردە، بەڵام هەندێکجار عەرەبی سوننەش تامەزرۆی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە دەکەن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر.

لە دەستپێکی هەر خولێکی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران عیراقدا، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەپێی رێکارە دەستوورییەکان، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، هەنگاوی دووەمی پرۆسەی سیاسییە بۆ پێکهێنانی هەر حکومەتێکی نوێ. ئێستا زۆربەی چاوەکان لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارە، کە لەوەتای رووخانی رژێمی سەدام بەتایبەتیش لە 2005، پشکی کوردبووە، لە نێو کوردیش بەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، جگە لە خولی یەکەم کە لە 6ی نیسانی 2005 بەڕێوەچوو، تیایدا سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا بە 227 دەنگ، لە کۆی 257 دەنگی ئەنجومەنی نیشتمانی هەڵبژێردرا.

لەهەمان پرۆسەشدا دوو جێگرەکەی سەرۆک کۆمار(عادل عەبدول مەهدی و غازی یاوەر)بوون، بەیەک پاکێج لەگەڵ سەرۆک کۆمار هەڵبژێردران، بەڵام لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک مام جەلال و خولەکانی دواتریش، هیچ جارێک پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق بێ کێشە و گرفتی سیاسی و هاتنە پێشەوەی زیاد لە کاندیدێک بەڕێوەنەچووە.

خولی دووەم 2010
بەهۆی ئەوەی داواکاری سوننەکان لەلایەن لیستی هاوپەیمانیی شیعەکانی عیراق پشتگوێ خرابوو، کە داوای هەڵگرتنی ناوی چەند کەسایەتییەکی سوننەیان دەکرد کە یاسای ریشەکێشکردنی بەعس بەسەریاندا جێبەجێ نەکرێ، کە شیعەکان ئەم داوایەی سوننەکانیان پشتگوێ خست، پێشتریش داوایان کردبوو پۆستی سەرۆک کۆمار بدرێتەوە سوننە و سەرۆکی پەرلەمان بدرێتە کورد ئەوەشیان بۆ نەچووبووە سەر، بۆیە وەک پەرچەکردار(ئوسامە نوجەیفی) کە سەرۆکی پەرلەمانی خولی دووەمی عیراق بوو، لەگەڵ ئەندامانی لیستی العراقیە، پێش هەڵبژاردنی مام جەلال بە سەرۆک کۆمار چوونە دەرەوە و بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد، ئەوەبوو قوسەی سوهەیل کە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بوو، ئیدارەی دانیشتنەکە و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کرد، خولی دووەمی هەڵبژادرنی سەرۆک کۆمار لە 11ی تشرینی دووەمی 2010 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا تاکە نوێنەری کورد کە سەرۆک مام جەلال بوو، لە خولی یەکەمدا 216 دەنگی لە کۆی 325 دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بۆیە لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەدا، مام جەلال لەکۆی 255 ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنەکە 198دەنگی بەدەستهێنا و بۆ جاری دووەم بە سەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرایەوە.

خولی سێیەم 2014
دوای هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی عیراق لە 30ی نیسانی 2014 بەڕێوەچوو، لەم خولەدا لەناو یەکێتی جگە لە د.فواد مەعسوم زیاد لە کاندیدێک هەبوون لەوانە د.بەرهەم ساڵح و د. نەجمەدین کەریم، بەڵام دواجار د.نەجمەدین خۆی کێشایەوە وەک پارێزگاری کەرکوک مایەوە، رکابەریەکە لەنێوان د.بەرهەم ساڵح و د. فواد مەعسوم مایەوە، دواجار لەناو لیستی کوردستانیدا د.فواد مەعسوم دەنگی زیاتری هێنا و بووە کاندیدی لیستی کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق.

لە رۆژی 24ی تەمموزی2014 لەناو دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا، جگە لە د.فواد مەعسوم چەند کاندیدێکی دیکەی عەرەب هەبوون، لەوانە:حەنان فەتلاوی(37) دەنگ و حسێن موسەوی(3) دەنگ و فائق شێخ عەلی(10)یان هێنابوو، بەڵام حەنان و فائق شێخ عەلی خۆیان کێشایەوە لە جەولەی دووەمدا حوسین موسەوی وەک رکابەری د.فواد مەعسوم مایەوە، بەڵام تەنیا 3 دەنگی هێنا.

د.فواد مەعسوم وەک نوێنەری کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 211 دەنگ لە کۆی 275 دەنگی ئامادەبووی دانیشتنەکەدا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا بەسەرۆک کۆماری عیراق هەڵبژێردرا. بووە دووەمین سەرۆک کۆماری کورد لە مێژووی عیراقدا.

خولی چوارەم 2018
بەهۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە ساڵی 2018 کورد نەیتوانی لەسەر کاندیدێکی یەکگرتوو رێکبکەوێ، چونکە بۆ یەکەمجار پارتی دیموکراتی کوردستان داوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری کرد، بۆیە یەکێتی و پارتی هەریەکەیان بەکاندیدێک چوونە مەیدانەکە، یەکێتی بە د.بەرهەم ساڵح و پارتیش بە د.فواد حسێن چوونە ناو هۆڵی دانیشتنی پەرلەمان، جگە لەمانیش چەند کاندیدێکی تری کورد و غەیرە کوردیش هەبوون، لەجەولەی یەکەمی پرۆسەی هەڵبژادرنەکەدا د.بەرهەم 160 دەنگ و د.فواد حسێن 48 دەنگی هێانبوو، بۆیە هیچ کام لە بەربژێرەکانی یەکێتی و پارتی نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن، کە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانیان پێویست بوو، بۆیە پێویستی بە خولی دووەمی هەڵبژادرن هەبوو، هەرچەندە پارتی کاندیدی خۆی کێشایەوە، بەڵام ئەو کێشانەوەیە لەلایەن سەرۆکایەتی رەتکرایەوە و پرۆسەکە بەرکابەری لە نێوان د.بەرهەم و د.فواد بەڕێوەچوو و تیایدا کاندیدەکەی یەکێتی کە د.بەرهەم ساڵح بوو توانی 219 دەنگی لەکۆی 302 دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی دانیشتنەکە بەدەستبهێنێ. هەرچی کاندیدەکەی پارتی بوو د.فواد حسێن تەنیا 22 دەنگی بەدەستهێنا، بەمەش نێوماڵی کورد زیاتر لێکترازان و یەکهەڵوێستی کورد زیاتر پەرتەوازە کرد.

خولی پێنجەم2022
هێشتا دیارنییە کێ دەبێتە پێنجەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردرا و لە عیراقدا، بەڵام ئەوەی روونە یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم پۆستە ناکۆکیان هەیە، یەکێتی بە رەسمی تا ئێستا هیچ کاندیدێکی یەکلا نەکردۆتەوە، بەڵام پارتیش چاوی لەو پۆستە بڕیوە.

فازل میرانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دوو هەفتە لەمەوبەر بەمیدیاکانی راگەیاندبوو، کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار موفاجەئەشی تێدا دەبێ!. بۆیە رەنگە لە دوا چرکەساتدا، یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێکبکەون، بەڵام بژاردەی خراپ ئەوەیە کە دیسان وەک ساڵی 2018 هەردوولا بە دوو کاندیدی جیاواز بچنە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق، شەرەفی یەکلایکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بدەنەوە دەست هێزە سونی و شیعییەکان.

هەرچەندە پۆستی سەرۆک کۆمار؛ پۆستیکی تەشریفاتییە و دەسەڵاتێکی پرۆتۆکۆڵی دیاریکراوی هەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتە زۆرەکانی سەرۆک وەزیراندا. بەڵام هەم لە دەستوور، هەمیش لەیاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012 یاسای ئەحکامی خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار، کۆمەڵێک رێکاری دەستووریی و یاسایی هەیە کە پێویست دەکات هەڵوەستەیان لەسەر بکەین، چونکە کاریگەریی راستەوخۆیان بە دیاریکردنی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە هەیە، بۆیە بەپێویستی دەزانین لێرەدا ئاماژەیان پێبکەین:

1- بەپێی مادەی 2 لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012 یاسای ئەحکامی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سێ رۆژ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رادەگەیەنرێ.

2- هەر کەسێک لەخۆی راببێنێ و مەرجەکانی مادەی 1 تێدابێ، لە ماوەی سێ رۆژدا، بەنووسراو داواکاری خۆ کاندیدکردن و کورتەیەکی ژیاننامەکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.

3- پاشان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو کەسانە رادەگەیەنێ کە مەرجە یاساییەکانی خۆ کاندیدکردنیان هەیە.

4- ئەوانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە مافی یاسایی خۆیانە ناڕەزایی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار بکەن.

5- لەماوەی سێ رۆژدا دادگای فیدڕاڵی داواکە یەکلایی دەکاتەوە.

6- پاشان ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیەنێ کە دادگای فیدڕاڵی پەسەندی کردوون.

7- پێش تەواوبوونی ماوەی دەستووری کە 30 رۆژە، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەنێو ئەو پاڵێوراوانەی کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە.

8- بەپێی مادەی 7ی یاساکە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کە لەخولی یەکەمدا بتوانێ دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بێنێ.

9- ئەگەر هیچ کام لە پاڵێوراوەکان لە خولی یەکەمدا، نەیانتوانی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بهێنن، هەڵبژاردنەکە دووبارە دەکرێتەوە و لەم حاڵەتەدا هەرکامیان توانی دەنگی زیاتر بێنێ دەبێت بەسەرۆک کۆمار.

10- ئەگەر یەک پاڵێوراو هەبوو توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بێنێ دەبێتە سەرۆک. بەپێچەوانەوە دانیشتنەکە بەردەوام دەبێت و ئەو کەسە دەبێتە سەرۆک لە دەنگدانی دووەمدا بتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێ.

11- سەرۆک کۆمار لەبەردەم پەرلەمان و سەرۆکی دادگای فیدراڵی سوێندی یاسایی دەخوات.

12- ماوەی سەرۆک کۆمار بۆ چوار ساڵ دەبێت، لە رۆژی سوێند خواردنییەوە، بۆی هەیە یەکجاریش خۆی کاندید بکاتەوە و نابێ لە هەشت ساڵ زیاتر بێت.

13- ئەرکی گەورەی سەرۆک کۆماری لەدوای هەڵبژاردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بریتییە لەوەی کە پێویستە لە ماوەی 15 رۆژدا نوێنەری کوتلەی زۆرینەی پەرلەمان رابسپێرێ بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا ناوی پێکهاتەی کابینە نوێی حکومەت پێشکەش بە پەرلەمان بکات.

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو