کۆنفرانسی ئاسایش لە میونشن، ساڵانە لە مانگی شوباتدا لە میونشنی پایتەختی ویلایەتی باڤاریای ئەڵەمانیا دەبەسترێت. ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1963ەوە هاتۆتە ئاراوە و ئەوسا بە ناوی کۆنفرانسی زانستی سەربازییەوە بووە و سەرەتا ئەڵمانیا و ئەمریکا تیایدا بەشداربوون، بە مەبەستی گۆڕینەوری زانیاری سەربازی، دیاریشە بۆ روبەڕوبوونەوەی سۆڤێتی ئەو سەردەمە بووە. دواتر ناوەکەی گۆردراوە بۆ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ زانستی سەربازی، پاشان بۆ کۆنفرانسی ئاسایش وهاوکاری و ئێستا هاوکارییەکەشی لێبۆتەوە.
بە گوێرەی ناوەکەی بێت، کۆنفرانسەکە گرنگی ئەدات بە مەسەلەی ئاسایشی جیهان و بەربەستەکانی بەر سەقامگیری ئاسایش و هەنگاوەکانی بەدیهێنانی.
گومانی تیادا نییە گرنگترین بنەمای ژیانێکی ئارام و شایستە لەسەرتاسەری دونیادا، بەرقەراربونی ئاسایشە و نەبوونی گرفتێکی گەورە دروست دەکات بۆ ئاسایی بەڕێوەچوونی ژیان. ئەوەی جێی سەرنجە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەمەوە، رۆژئاوا، ئەمریکا و ئەوروپا، مەبەستیان لە بەرقەراربوونی ئاسایش، ئاسایشی وڵاتەکانی خۆیانە، بەو ناونیشانەی هەرچی جەنگە هەر ئەوان هەڵیانگیرساندووە، یان پاڵ پێوەنەری بوون. هەر لە جەنگی کۆریاوە، تاکو دەگاتە ئێستا. رۆژئاوا هیچ کاتێک جگە لە ئارامی وئاسایش بۆ خۆیان، هیچ کەس وڵاتێکیان لا مەبەست نەبووە، هەموو هەولێکیشیان بۆ ئەوەیە لەسەر حیسابی وڵاتانی تر خۆیان بژێنن و ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری لای خۆیان لە تێکدان و ناسەقامگیری وڵاتانی تردا ئەبینن. جەنگی کۆریا، جەنگی ڤێتنام، جەنگی عیراق وئێران، جەنگی یەکەمی ئەفغانستان، جەنگی یەکەمی کەنداو، شەڕەکانی ئەمریکای لاتین، جەنگی هەڵوەشاندنەوەی یۆگسلافیا، جەنگی دووەمی کەنداو، جەنگی دووەمی ئەفغانستان، جەنگی سوریا، تێکدانی لیبیا، ئەو ئاژاوانەی بەناوی بەهاری عەرەبییەوە چەند وڵاتێکی عەرەبی گرتەوە، وەک هیلاری کلنتۆنی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکاش گوتی، دروست کردنی داعش و پێشتریش قاعیدە، جەنگی یەمەن کە حەوت ساڵە بەردەوامە. هەموو ئەو جەنگ و شەڕانە ماڵوێرانی وکارەساتی گەورەی بەدواوە بووە و بە بیانوی جیاجیا هەڵگیرسێنراون، هەرهەموشیان رۆژئاوایان لە پشتەوە بووە. بۆیە سەیرە رۆژئاوا باس لە ئاسایش و ئارامی بکات لە کاتێکدا کە مەبەستەکە تەنها و تەنها ئاسایشی خۆیان بێت!