بارزان شێخ عوسمان‌

مامۆستا برایم ئەحمەد، چەپێك بۆ هەژاران، پێشكەوتنخوازێك لەپێناوی كوردایەتییدا

  2022-04-08 15:25      141 جار بینراوە        کۆمێنت

مانگی نیسان لەم هەواری كوردستانەدا هەمووی مانگی بەهارو گوڵە نەسرین نەبوو. خەزانی  تەمەنی چەندین  ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی تێكۆشان و لابردن و سڕینەوەی ستەمی چینایەتیی و نەتەوەیی گەلی كوردستان بوو. خەزانی تەمەنی دەیان هەزار مناڵ و ژن و پیاوی كوردستانی عیراق بوو  لەشاڵاوەكانی ئەنفالی بەدناو، خەزانی هەڵۆ سوورەكان بوو كە رۆژی بەغدایان لەداڵ و دڕندەكانی بەعس كردبووە شەوی تارو شەویشیان لێ كردبوونە دۆزەخ. هەر لەم مانگەشدا بوو كە تێكۆشەرانی رێگای نەجات كاردۆ گەلاڵی و عەلی هەژار بێ ساڕوهشوێن و گۆڕ غەریب كران، هەڤاڵێكی تریشیان مامۆستا رەسوڵ مامەند كەوەك ئەوان سەر راست بوو هەر لەم مانگە خەزان ئاسایە ماڵئاوایی كرد.
كەسایەتییەكی گەورەی وەك مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كە دەیان هەزار تێكۆشەرو روناكبیری وەك ئەوانە ناوی  پیرۆزیانمان هێنا، لەسەر دەستی خۆی یا بەفیكرو رێبازە ئاوەدانەكەی ئەو پێگەیشتن، تا باسی مەدرەسە فیكریە سیاسیی، ئەدەبیی، روناكبیریی، رۆژنامەگەرییەكەی بكەین كۆتایی نایەت. هەر كاتێك لە وتارو شیعرو چیرۆكەكانی مامۆستا برایم ورد ئەبینەوە، پەی بەو راستییە دەبەین كە هەر پارێزەر نەبووە بۆ داكۆكیكردن لەوانەی  ستەمێكیان لێكراوە، بەڵكو پارێزەری چینی كرێكارو رەنجدەرانی بیرو بازووش بووە، بۆیە لەڕێگەی بیری چەپ و رێبازی  سۆشیالیزم چینی چەوساوەی وریا كردۆتەوە لەو ستەمە زۆرو زەواندانە ئەو سەردەمی دەرەبەگایەتییەی كە باڵا دەست بووەو ئێستاش هەر ماوەو كۆمەڵ هەر لەبازنە دواكەوتووەكەی ئەو دەورانەدا ئەخولێتەوە لەهەموو رووەكانەوە، هەر بۆیە مامۆستای هەمیش زیندومان بەردەوام پەردەی لەسەر ناشرینییەكانی دەرەبەگایەتیی (فیئودالی Feudalism)، چیرۆك و وتارو شاكارە ئەدەبییەكانیشی رەنگدانەوەی ئەو بیرو تێزە چەپەیە.
سەبارەت بەكوردایەتیی و خەباتی نەتەوایەتیش، ئەم رۆڵە هەڵكەوتووە بلیمەت و زانایەی گەلەكەمان بەگژ شۆڤێنیزمی نەتەوەیی و دابڕان لەنەتەوەكانی، بەڵكو بەبیرێكی پێشكەونتخوازییەوە رۆڵەكانی گەلی راهێناو بووە سەر مەشق و رێنیشادەرێكی كارامەی كوردایەتیی پێشكەوتوخواز، بووە ئیلهام بەخش بۆ ئەوەی رۆڵەكانی نەتەوەكەی بەهاوخەباتیی و سود وەرگرتن لەخەباتی گەلان و خۆش ویستنی هەموو رەنگ و پێستەكان لەسەر بنەمای مرۆڤایەتیی،بۆیە كوردایەتیشی بەئەركێكی مرۆڤایەتیی ناودەبرد. ئەو بیرو تێزەی كوردایەتیی بەگیانی پێشكەوتنخوازیی بووە بناغەو رەگی داكوتا كە تا ئێستاش بەردەوامە. هەزاران درود بۆ گیانی مامۆستا برایم ئەحمەدی سەركردەو پێشەوای كایەی روناكبیریی، پارێزەریی، ئەدیبیی، شاعیریی و رۆژنامەگەریی. هەر زیندوبێت رێبازو مەدرەسە فیكرییەكەی.
بارزان شێخ عوسمان

 

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو