سەرەنجام خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا کۆتایی هات و ئێمانوێل ماکرۆن بۆ خولێکی تر هەڵبژێردرایەوە بە 58،5 % دەنگ، بەرامبەر بە 41،5 % بۆ ماری لۆپێنی رکابەری، سەرۆکی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی یاخود بەرەی نیشتمانی، لە هەڵبژاردنێکدا کە 71،99 % بەشداربوون و 28،1 % بەشدار نەبوون.
بەپێی ئەو رێژانە، ماکرۆن 18،779،641دەنگ و لۆپین 13،297،760دەنگیان هێناوە.
ئەم ئەنجامە یەکەم جارە بەم شێوەیە بێت ئەویش لەبەر ئەو دەنگە زۆرەی بەرەی نیشتمانی راستڕەوی توندڕەو هێناوێتی کە بەرنامەیەکی پێچەوانەی پارتەکەی ماکرۆن و زۆربەی پارتەکانی تری فەرەنسا و ئەوروپاش هەیەتی.
ئەم رێژە زۆرەی دەنگ کە ئەو پارتە هێناوێتی هەم زەنگی خەتەرە بۆ ماکرۆن و فەرەنسا هەم بۆ ئەوروپاش، ئەمە لەکاتێکدایە دەبێ باش بزانین کە بەشێکی باشی دەنگەکانی ماکرۆن هی ئیسلامەکانی فەرەنسا و ئەو کۆچبەرانەیە کە ئێستا رەگەزنامەی فەرەنسییان هەیە، هەروەها دەبێ ئەوەش بزانین کە پارتەکەی ماری لۆپێن لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی ئەوروپا کورسی لە پارتەکەی ئیمانوێل ماکرۆن زۆرتر هێنا.
بۆ فەرەنسا و ماکرۆن لە داهاتوودا لە پەرلەمان رەنگ دەداتەوە لە زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارتە توندڕەوە و پارتە بچووکە هاوپەیمانەکانی کە دەبنە رکابەرێکی سەرسەختی پارتەکەی ماکرۆن و ئەوانی تر لە مەسەلەی دژایەتی کۆچ و ئیسلام و سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا و خودی یەکێتییەکەش. بۆ ئەوروپاش دەبێتە هاندەرێکی گەورە بۆ لایەنگرانی پارتە راستڕەوە توندڕەوکان، ئەمەش هەم لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپادا، هەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاشدا رەنگ دەداتەوە .
پارتە راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا کە دژی کۆچبەران و ئیسلام و یەکێتی ئەوروپان و نەتەوە پەرستن، لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا گەشەی بەرچاویان کردووە و لە هەندێ وڵات بوونەتە رکابەری سەرسەختی پارتەکانی دەسەڵات و لە هەندێ وڵات بەشداریی دەسەڵاتیان کردووە .
ئەم پارتە راستڕەوە توندڕەوانە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، دانیـمارک ، سوید، نەمسا، یۆنان، ئیتالیا، هۆلەندا، هەنگاریا، بەریتانیا ، هەن و ئامادەیی باشیشیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا لە ساڵی 2019 ەدا، ژمارەی کورسی پارتە راستڕەوە توندڕەوەکان بووە 115 کورسی، چاوەڕوانیش دەکرێت لە هەڵبژاردنی ئایندەدا ئەم ژمارەیە زیاتر ببێت ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا دروست دەکات، چونکە هەموو ئەو پارتانە جگە لەوەی دژی ئیسلام و کۆچ وکۆچبەرانن، دژی یەکێتی ئەوروپان و بڕوایان وایە کە دەبێ ئەو یەکێتییە هەڵبوەشێتەوە!