دیداری یەكێتی یەكێكە لەوێستگە گرنگەكانی مێژووی حزبەكەمان و داهێنانێكی نوێشە لەمێژووی حزبایەتی لەكوردستان. بۆ یەكەمجارە لە كوردستان حزبێك دەیەوێت بەبەشداری هەموو كادرو ئەندامەكانی پێداچوونەوە بەسەرلەبەری سیاسەتەكانیدا بكاتەوەو رۆئیاو پلان و سیاسەتی نوێی سەردەمیانە دابڕێژێتەوە كە بگونجێت لەگەڵ خواست و داواكارییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
ئەم دیدارە بەرهەمی شەش مانگ كاری بەردەوام و زیاتر لە ١٣٠ كۆبوونەوەو ١٤ لیژنەی تایبەتمەند لەبوارە جیاوازەكان و بەشداری كاراو چالاكانەی زیاتر لە ١٢ هەزار كادری یەكێتییە.
بەدڵنیاییەوە یەكێتی دوای دیدار جیاواز دەبێت لەیەكێتی پێش دیدار، چونكە ئامانج و فەلسەفەی دیداری یەكێتی گەڕانەوەی رۆڵی پێشەنگایەتییە بۆ یەكێتی، بەڵام ئەمجارەیان پێشەنگایەتی لەچاكسازی و پێشەنگایەتی لەدروستكردن و بونیادنانی حكومڕانی تەندروست ئامانج و ستراتیژی یەكێتی دەبێت.