فەرید ئەسەسەرد

ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ فراكسیۆنی سەدر

  2022-06-14 15:25      104 جار بینراوە        کۆمێنت

هەرچەند پێشتر چەندجارێك ئاماژەی بە كشانەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران كردبوو، بەڵام ئەو ئاماژانە بەهەند وەرنەگیران. ئێستا دەركەوتووە كە سەدر گاڵتەی نەدەكرد ‌و وەك كارتی فشاریش ئەو هەڕەشەیەی بەكارنەهێناوە.
بەرلەوەی باسی لێكەوتەكانی ئەم هەنگاوەی سەدر بكەین، سێ خاڵ هەیە پێویستە دەربارەی ئەم بابەتە بیزانین: یەكەم، ئەوەیە كە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتاران لە ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە زۆرینەی دەنگ نییە ‌و پێشكەش بە ئەنجومەن ناكرێ. بەڵكو پێشكەش بە سەرۆكایەتییەکەی دەكرێ، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانیش مافی راگرتن ‌و رەتكردنەوەی نییە. دووەم، بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەوانەی جێی دەستلەكاركێشاوەكان دەگرنەوە، ئەوانەن كە لە ریزبەندیی دەنگەكاندا، پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە. سێیەم، دەستلەكاركێشانەوە یەكجارەکییە، بەو مانایەی كە لەگەڵ پێشكەشكردنی داوای دەستلەكاركێشانەوە، پەرلەمانتار بە دەستلەكاركێشراو دەژمێردرێ ‌و چیتر ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.
بەدڵنیاییەوە دەستلەكاركێشانەوەكان نابنە هۆی پەكخستنی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبنە هۆی گۆڕینی پێكهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران، چونكە هەموو ئەوانەی جێی دەستلەكاركێشاوەكان دەگرنەوە، لە چوارچێوەی هەماهەنگی ‌و سەربەخۆكان دەبن، ئەمەش ئەو دەرفەتە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دەڕەخسێنێ كە بتوانێ بە تەنها یان لەگەڵ هەندێ لە دۆستەكانی، فراكسیۆنە گەورەکە پێكبهێنێ ‌و دواتریش كابینەی تازە پێكبهێنێت.
سەدر هەر لە سەرەتاوە دەیتوانی خۆی لەو بژاردەیە لادا ‌و بە كەمتر رازی بێ ‌و پلەی یەكەم هەر بۆخۆی بهێڵێتەوە، بەڵام پێدەچێ میتۆدی بیركردنەوەی سەدر میتۆدێكی ئاڵۆز بێ ‌و دژی ساتوسەودا بێ. دروستە كە سەدر بەم هەنگاوە سەلماندی كە ئەو گوێی لە پلە ‌و پایە نییە ‌و لەخۆی رادەبینێ هەموو بڕیارێكی قورس بدا، بەڵام ئەو لە بەرەنجامی كۆتاییدا پیاوی سیاسەتە، سیاسەتیش بردنەوەی تەواو و دۆڕاندنی تەواو نییە. سەرەڕای هەموو شتێك، سەدر ئازادە لە بڕیارەكانیدا. لە ئێستادا ئەستەمە هەنگاوەكەی بە باش یان بە خراپ هەڵبسەنگێنرێ.
گومان لەوەدا نییە كە گەورەترین دۆڕاو خودی فراكسیۆنی سەدرە، دۆڕاوە بچووكەكانیش هاوبەشەكانین لە هاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەدا كە لێكەوتەكانی كشانەوەی سەدرییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرتر ئەوان دەگرێتەوە ‌و لێرە بەدواوە دەبێ بە نەرمییەكی زۆرتر هەڵسوكەوت بكەن ‌و رایەڵەكانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنەكانی تر چالاك بكەنەوە، بە رەچاوكردنی ئەوەی كە هێشتا زووە رادەی كاریگەریی كشانەوەی سەدر لەسەریان دیاری بكرێ.
پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە كە هەنگاوی داهاتووی سەدر پاش كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی چییە؟ هەرچەند زۆرینەی پێشبینییەكان بەلای ئەوەدا دادەشكێنن كە دەشێ كار بۆ وروژاندنی شەقام دژی كابینەی داهاتوو بكرێ، بەڵام مەرج نییە پرسەكەش هەر بەو ئاكامە بگات، چونكە سەدر هیچ قازانج لە شكستی پڕۆسەی سیاسی ‌و زیادكردنی كێشەكانی عیراق ناكات. ماوەی پاش هەڵبژاردنیش دەریخست كە شەقام قۆرخكراوی یەك لایەنی دیاریكراو نییە، كردنی شەقام بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان، قازانجی بۆ كەس نابێ. ئەمجارەش وروژاندنی شەقام بە ئاسانی تێناپەڕێ ‌و تەنانەت ئەمجارە رەنگە شەقام بە ئەستەم بوروژێنرێ، بە تایبەتی كە شكستهێنان لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی پاكانە بۆ بەكارهێنانی شەقام لە ململانێ سیاسییەكاندا ناكات.
دەشێ كشانەوەی سەدرییەكان لە پڕۆسەی سیاسی بە گەورەترین هەڵەی سیاسی بژمێردرێ، بە تایبەتی كە دەبێ بەو چاوە سەیری ئەو كشانەوەیە بكرێ كە لەدەستدانی دەرفەتی سەركردایەتیكردنی وڵاتە. لە هەڵبژاردنی 2021 دا سەدرییەكان زۆرترین كورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا ‌و گەورەترین هاوپەیمانیشیان لەگەڵ گەورەترین فراكسیۆنی كورد ‌و سوننە پێكهێنا، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە كۆتاییدا، تەنانەت بەبێ رەزامەندیی هاوبەشەكانیان، لە پڕۆسەی سیاسی كشانەوە. بەهۆی ئەمەوە، سەدرییەكان بەم كشانەوەیە دەرفەتی گرەوكردنیشیان لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو لەدەستداوە، چونكە هیچ شتێك گەرەنتی ئەوە ناكات كە سەدرییەكان پاش سێ ساڵی تر ئەنجامی باشتر بەدەستبهێنن، هەروەك هیچ شتێك گەرەنتی ئەوەش ناكات كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، پێش یان پاش هەڵبژاردن، بتوانن هاوپەیمانیی سیاسی دروست بكەن. كشانەوەی سەدرییەكان لە پڕۆسەی سیاسی، بەبێ لێكەوتەی خراپ لەسەر ئایندەی سیاسییان تێناپەڕێ ‌و ئەم كشانەوەیە زۆر لەسەریان دەكەوێ.

وتاری زیاتر







یاریكردن بەكارتی حزبی بەعس‬ فەرید ئەسەسەرد
2021-02-22 19:15      187 جار بینراوە



عەللاوی و كابینەكەی‬ فەرید ئەسەسەرد
2020-02-17 17:54      409 جار بینراوە







كوردو په‌یمانی ناتۆ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-11-11 18:05      433 جار بینراوە







ئیسرائیل بەرەو پاشاگەردانی ‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-09-23 16:50      401 جار بینراوە



نەوت و قەرزەكان‬ فەرید ئەسەسەرد
2019-07-29 16:07      326 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو