كام عێراق ؟ پرسیاری جەوهەری ئەمەیە! ئەو عێراقەی كە لە پێناوی دا كورد بە درێژایی خەباتی چەكداری و سیاسی و مەدەنی هەزاران شەهید و قوربانی داوە، ئەو عێراقەی كە بەدەستی رژێمەكانی كورد و كوردستان دووچاری دڕندە ترین شاڵاوی ئەنفال و كیمیاباران و روخاندنی گوندەكان بووە.
ئەو عێراقەی كە لە پێناوی دا ئابووری وڵاتێك كرایە چەك و تەقەمەنی پەلاماری دراوسێكانی عێراقی پێ دا ؟ ئەو عێراقەی كە بە هەزار دایك و باوك و خوشك و برا لە سەرجەم نەتەوەكانی ڕووبەڕووی زیندان و ئەشكەنجە و لەسێدارە دان و ئەتك كردن و ڕاگواستن كرایەوە ؟ ئەو عێراقەی كە پێشتر كەرامەتی تاك و هاووڵاتی بوون پێشێل كراو دەستوور و یاسا و دادگاكان كران بە ئامراز بۆ لەناو بردنی گەلێك و نەخشەی سیاسی و جغرافی كوردستانی پێ شێوێنرا ئەو عێراقەی كە تێیدا بە بەرنامەیەكی داڕێژراو بە وردی كە شوناسی كورد بوونی و كوردستانی بوونی لەناو بەرێت ؟
نەخێر بێگومان ئەمە ئەو عێراقە نیە كە ئامانجی تەواومان بپێكێت بەڵكو عێراقێكی فیدراڵی كۆكەرەوەی سەرجەم گەلان و نەتەوەو مەزهەب و ئاینەكانی تێدا جێ ببێتەوەو دەستوور و یاسا تێیدا سەروەر بێت و تێیدا عەدالەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و رۆشنبیری تیا بەرپا بكرێت و تێیدا پرنسیپەكانی مرۆڤ بوون و سەردەمی بوونی كلتوری كۆمەڵایەتی ببێت وە رادەست كردنی دەسەڵات بە ئاشتیانە ببێت وە داماڵینی چەك و هێز لەم گروپ و لەو گروپ جگە لە هێزە نیشتمانیەكان و دامو دەزگا ئەمنیەكان هیچی تر جێگەی تێدا نەبێتەوە گێڕانەوەی متمانە بۆ تاك و انتمای نیشتمان بونیاد بنرێتەوە، عێراقێك ساڕێژی ئازار و برینە قوڵەكانی كەس و كار و نەوەی ئەم قوربانیانە بكات و خۆش گوزەرانی و ئاسودەیی و بەرز كردنی ئاستی ژیانی چین و توێژەكان تێیدا بەرز برێتەوە.
نرخی جەنگ جا بە هەر جۆرێك بێت زۆرتر و زیاترە لە نرخی ئاشتی هەر بۆیە بە زمانی گفت و گۆ و زمانی نەرم و زمانی سیاسی لەسەر بنەمای لۆژیك و ستراتیجی و نیشتمانی دەكرێت ئەم عێراقە بونیاد كەینەوە بە داخستنی پەڕەكانی دوێنێ و هەڵدانەوەی پەڕەی نیشتمانی نوێ لەسەر بنەمای ئاشتەوایی گشتی و واژوو كردنی وەپیقەی نیشتمانی كە جارێكی تر ئەم گەلە رووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە و هەرێمی كوردستانیش لەم ئاستە نیشتمانیە بێت بە سوود وەرگرتن لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هێزە عێراقیەكان و هێزە اقلیمیەكان و وڵاتانی خاوەن بڕیار لە عێراقدا لە رێگەی دبلۆماسیەت بیكەین بە وێستگەیەك بۆ ئارامی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمە بەتەنیا بە ئێمە ناكرێ دەبێت قۆڵی لێ هەڵ بكەین و سوود لەو خەرمان و سەروەتە نیشتمانی و نەتەوەیە ببینین كە ببێتە میراتی سیاسی و نیشتمانی و نێو دەوڵەتی بەرەو باشترین، وە گەڕانەوە بۆ هزر و فكر و ئایندەكان بۆ دۆزینەوەی دەرچەی سیاسی و نیشتمانی، بیرمانە كاتێك كە لە سەخت ترین قۆناغەكانی خەباتی شارەو شار و جەنگ و قەیران كە هەمیشە جەنابی مام بە پێ بووایە یان بە هەر وەسیلەیەك بووایە خۆی دەگەیاندە بەرەی نەیاران و ڕكابەران و كۆتری ئاشتی لە شانۆی سەردان دەخرایە سەرجەم ئاماژە نێو دەوڵەتیەكان، وامان پێ دەڵێن كە كورد بەشێكە لە خاكی عێراق و نەخشەی سیاسی عێراق ، كەواتە ئەم هەرێمە دەستوریە و دەستكەوتە دەستوریەكانمان و پاراستنی لە لەناو چوون ئەركی خۆمانە كە لەژێر مەترسی دایە بەبەردەوامی، دەبێت مام چەند صندوقی رەشی دوای خۆی بەجێ هێشتبێت كە كلیلی چارەسەرەكان بێت و نەخشەی دەرباز بوونی تێدا بێت كە ئەویش فلسفە و بیر كردنەوە و بۆچونەكانی مام بۆ ئێمە و ناوچەكە دابڕێندراوەكانی كوردستان، بێگومان تەوافوق یەكەم هەنگاوە بۆ پاراستنی مافەكانی كورد و كورستان و گەلانی عێراق.