ستران عەبدوڵڵا

لە سەد كۆبوونەوەی لوتكەدا (بافڵ جەلال تاڵەبانی) عیراقییەكان كۆدەكاتەوە

  2022-09-04 11:53      253 جار بینراوە        کۆمێنت

لەو پەڕی ئاڵۆزی و بەریەككەوتن، لەناو گێژاوی كێشمەكێشی نێوان هێزەكان، هەموو دەرگا داخراوەكان بەڕووی (بافڵ جەلال تاڵەبانی)دا كرابوونەوە، ئەو هەم بە شوێن نەریتەكەی سەرۆك مام جەلالدا خوانی سیاسیی بۆ ئاشتەوایی دەڕازاندەوەو هەمیش وەك دەركەوتەیەكی نوێ لەسەرو چاوەڕوانییەكان نیشانیدا كە ئەو نەوە تازەیە دەتوانێ‌ كەیس و دۆسیەی گەورە یەكلایی بكاتەوە، دواجاریش بە زیاتر لە سەد كۆبوونەوە بەشێك لە گرێكوێرەكانی ناو پرۆسەی سیاسی عیراقی كردەوە و كوردستانییەكی چاكەویست بوو بۆ ئەوەی عیراق لەشەڕ و ململانێیەكی قوڵتردا ریسی دیموكراسییەكەی نەبێتەوە بە خوری.
لەماوەی چەند مانگی رابردودا سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر لە سەد كۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتی و سەركردە و هێزە عیراقییەكان ئەنجامداوە، كاتێك بۆ یەكەمجار بەسەرۆكایەتی وەفدێك روویكردە بەغداد بە ناونیشانی یەكێتیبوون و كوڕە نۆبەرەكەی مام جەلال لەلای دەستەبژێری سیاسی عیراق نەدەناسرایەوە، كەچی پاش چەند مانگێك و زیاتر لە سەد كۆبوونەوە ئێستا هەر خۆی فیگەرێكی بەهێزی ناو پرۆسەكەیەو بە ئامێزی گەرم و گوڕەوە كۆشكە زێڕینەكەی بەغدادی بە میواندۆستی ئاوەدان كردۆتەوە، هێزەكان تاسوقی خۆشەویستیەكەی مامی تێدا دەبیننەوە و دووربینی و هێمنیی و بەهێزیی ‌و باوەڕە نەگۆڕەكەی بە ڤێرژنی نوێی تەماشا دەكەن، لە پەیامێكیشیدا ناوەڕاستی ئەم مانگە دوپاتیكردبۆوە "ماڵی مام جەلال، ماڵی هەمووانە بۆ دانوستان"، ئەم كاریگەرییە شرۆڤەكاری سیاسی (ئەحمەد خچر)ی والێكردووە لە ووتارێكدا بنووسێت "بافڵ تاڵەبانی، لێوەشاوەییەكەی لە بەڕێوەبردنی ململانێ و دۆزینەوەی دەرچەی چارەسەرییەكان لە هیچ سیاسییەكی تر ناچێت"، راستییەكەشی لەهیچیان ناچێت، چونكە سەلیقەی كۆبوونەوە و پشوودرێژی لە ووردبوونەوەی كەیسەكان لە ئاستە كوردستانییەكەش تایبەتمەندییەكە (بافڵ جەلال تاڵەبانی) پێدەناسرێتەوە.
كۆبوونەوە و دیدارەكانی باڤڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ كارەكتەرە بەهێزەكانی عیراق لە (نوری ئەلمالیكی، هادی ئەلعامری، قەیس خەزعەلی، عەمار حەكیم) و تەواوی نوێنەرایەتی پێكهاتە سەرەكییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عیراق‌و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ (موقتەدا سەدر) پاكێجێكی گشتگیریی نەخشەڕێگای یەكێتی بووە بۆ دەربازكردنی دۆخی بنبەستی وڵات لە بەریەككەوتن و ناكۆكی زیاتر، لەزۆر وێستگەشدا هەنگاوەكان ئەو ئامانجەی پێكاوە و دۆخەكەی هێوركردۆتەوە، سەرەڕای ئەوەی نوێنەرایەتیەكی راستەقینەی خواست و ویستەكانی شەقامی كوردی بووە لە دروستكردنی پەیوەندییەكی جێی متمانە لەنێوان هەرێم و بەغداد.
داكۆكیكردن لە بنەمای سازان
لەدوای هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عیراق و گۆڕانی ئاراستەی هاوپەیمانییەتیەكان، بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان بژاردەی زۆرینە بێ رەچاوكردنی بنەمای سازان لەپێكهێنانی كابینەی نوێ پەسەند دەكەن، لەمبارەوە (بافڵ جەلال تاڵەبانی) پاڵپشت بە نەخشەڕێگای یەكێتی و وەك باوەڕێكی نەگۆڕ بە پرەنسیبی سازان كە هەم عورفێكی سیاسییە و هەمیش بنەمایەكی دەستورییە، لە چركە ساتی یەكەمەوە لەناو هێزە سیاسییەكان سەركردایەتی كەمپینی گێڕانەوەی ئەو بنەمایە دەكات بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، ئەگەرچی ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەو خواستە زۆر بووە، بەڵام سووربوونی لەسەر ئەو دەستكەوتە دیموكراسییە هێزەكانی ناچاركردووە بۆ قۆناغی داهاتووش دەستبەرداری ئەو رێكارە یاسایی و دەستوورییە نەبن، سۆنگەی سەرۆكی یەكێتی دەربارەی بەهای تەوافوق لە بەدەستهێنانی پلەو پۆست نەبووە بۆ یەكێتی، بەڵكو لەروانگەی پاراستنی پایەكانی دیموكراسییەوە سەرچاوەی گرتووە، كە بەهۆیەوە چەندین ساڵە تەواوی ئاراستە‌و بیروباوەڕەكان، پێكهاتە و تەوژمە سیاسییەكان توانیوویانە لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری عیراقیانەدا بەشداربن.
سووربوون و یەكدەستی لە نوێنەرایەتی كوردستانیی
دیدارەكانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ كۆی هێزە سیاسییەكان تەنها رەهەندێكی عیراقی نەبووە، بەڵكو هاوشان لەگەڵ پرسە عیراقیەكان، دۆخی هەرێم ‌و ناكۆكییە سیاسی‌و ئابووری و یاساییەكانی نێوان كوردستان و بەغداد هەمیشە پرسی سەرەكی تیمی یەكێتی بووە تا لەرێگەی دروستكردنەوەی متمانە و رەواندنەوەی نیگەرانی و بەدحاڵیبوونەكان دۆخێكی ئارامتر لە پەیوەندییەكان بێتەدی، ئەمەش لەدانپیانانی هێزە سیاسییەكان بەتەواوی رەنگدەداتەوە، ئەوكاتەی لە پیرۆزبایی سەرۆك و سەركردەكاندا هەموویان شایەدی دەدەن كە (بافڵ جەلال تاڵەبانی) دواجار بە حیكمەت و سەرڕاستی لە پەیوەندییەكان گرێكوێرەی ئاڵۆزییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای كردۆتەوە. مشورخۆری سەرۆكی یەكێتی بۆ پرسە كوردستانییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزبی نەبووە و داكۆكیكردنی لەپرسە كوردستانییەكان پەیوەست نەبووە بە قەڵەمڕەوییە سەوزەكەی یەكێتیەوە، بەڵكو وەك (رەیان كلدانی) ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی بابیلۆن دوپاتیدەكاتەوە "بافڵ  جەلال تاڵەبانی، هێندەی داكۆكی لە هەولێر دەكات، ئەوەندە بەرگری لە سلێمانی ناكات"، ئەمەش مانای ئەوە دەبەخشێت كە لە ستراتیژ و گوتاری سیاسەتی سەرۆكدا كوردستان یەك جوگرافیای سیاسییەو كێشەكانیشی یەك پاكێجی گشتگیرە.
دەست‌و دەمە ئەمینەكەی ناو دەستەبژێرەكەی عیراق
بۆ دروستكردنەوەی كەشێكی جێی متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكان، پرۆسەكە پێویستی بەكارەكتەری بەهێزە، هێزی كەسایەتی سیاسیی لە دەست و دەمی ئەمیندایە، رەنگە ناوبردنی (بافڵ جەلال تاڵەبانی) لەلایەن باڵیۆزی چین (تسوی وی) كە ماوەی رابردوو سەرۆكی یەكێتی بە "دەستە ئەمینەكە" ناودەبات، تەنها ناوبردنی سەرۆكی یەكێتی نەبێت لە ئاستە ناوخۆییەكەی حزبدا، بەڵكو رەنگدانەوەی ئەو سەنگە سیاسی‌و دبلۆماسیەیە كە لە تەواوی وێستگەكانی چەند مانگی رابردوودا لەگەڵ هێزە ناكۆكەكانی عیراق هەیبووە، سەنگ و قورساییەك كە لە گوتاری خێرو چاكە، لێدوانی ئومێدبەخش و دیداری ئارامكەرەوە زیاتر شتێكی تری نەوتووە.
سەرچاوەی ناكۆكییەكانی عیراق ‌و بارگرژییەكان لەزۆربەی قۆناغەكاندا بەهۆی گوتاری بارگاوی بە رق و پەرچەكردار ئاراستەكەی بەرەو خراپی بردووە، بەڵام خەسڵەتی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسە هەستیارانە لەوپەڕی بەرپرسیاریەتیدا بووە و لە پەیوەندییەكانیش (بافڵ جەلال تاڵەبانی) دەمە ئەمینەكەی هێشتنەوەی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی بووەو دەستە ئەمینترەكەی بڕیاریش بووە، چونكە سەختییەكانی دۆخە سیاسیەكە بە ئەندازەیەك ئاڵۆزبووە بڕیاری چارەنووسساز دەستی بەهێزو ئەمینی پێویست بووە و ئەمەش بۆ هێزە سیاسییەكان لە سەرۆكی یەكێتیدا رەنگیداوەتەوە.
ماوەی ساڵێكە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆشكی پڕ بیرەوەری ئاڵتونیی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد وەك خانەخوێیەكی میواندۆست وەفد بە وەفد بۆ خێرو بیری عیراقیەكان و ئاشتی و سەقامگیریی بەڕێدەكات و كۆشك بە كۆشكیش بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەگەڕێت، لەم ماوەیەدا زیاتر لە سەد كۆبوونەوەی لوتكەی لەگەڵ هێزە كاریگەرەكانی عیراق ئەنجامداوەو لەهەموو دانیشتەكان گەڕانەوە بۆ دەستوور و رێزگرتن لە بنەمای سازان، ریفۆرم و چاكسازی و بونیادنانی دەوڵەتێكی سەقامگیریی كردۆتە ئامانجە سەرەكیەكە.

 

وتاری زیاتر

زمان، رێڕەوی غەمگینی نەتەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2023-02-21 18:04      98 جار بینراوە




ئەو شەوەی شەوی پێشمەرگە بوو‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-08-02 22:00      183 جار بینراوە

شنەی شەماڵ بە فیڕۆی دا‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-06-26 12:10      91 جار بینراوە


رۆژی نامەو نامەی رۆژ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-04-23 18:39      232 جار بینراوە

کورت و پوخت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2022-01-10 20:52      237 جار بینراوە

بۆشایی ئەمنی ‌و بۆشایی تریش ‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-12-04 20:52      149 جار بینراوە

زۆر بڵێی و کەم عەمەلی‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-23 22:08      138 جار بینراوە

بەیانیت باش مام جەلال‬ ستران عەبدوڵڵا
2021-10-03 12:06      172 جار بینراوە














با دوا فه‌رمان بێت ‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-08-03 23:37      304 جار بینراوە


رۆژی دواتر یەک ببینینەوە‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-07-17 18:01      277 جار بینراوە

یان کوردستان یان کوردستان‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-06-28 16:22      293 جار بینراوە

یادی یەكێتی‬ ستران عەبدوڵڵا
2020-05-18 16:14      387 جار بینراوە

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

سۆشیال میدیا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو