كاروان شێخ عوسمان

چەند دێڕێک لە ۳۱ ساڵەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان

  2022-09-10 19:26      292 جار بینراوە        کۆمێنت

چەند دێڕێک  لە ۳۱ ساڵەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان داکە ۲۹ساڵی لەگەڵدا بووم.

لێرەدا زۆر ناچمە ناو وردەکارییەکانی مێژووی دامەزراندنی ئەوکەناڵەی کە لە پاش ڕاپەڕین وەک یەکەمین کەناڵی بینراوی کوردستانی توانی ببێتە سەکۆی تەعبیری راستەقینەی خواستەکانی بینەری ئەو ناوچانەی کە بە چەند قۆناغێک پەخشەکەیان گەیشتێ ،بەڵام بەهۆی فەوتانی بەشێکی زۆری ئەرشیفی بەرهەم و کارەکانی لە ڕوداوەکانی ساڵی ١٩٩٦ دا نەمتوانی چاوێک بەو کارانەدا بخشێنمەوەوئەوە دەهێڵمەوە بۆ بینەرەکانی ئەوکات و سەردەمانە کە شاهیدیی لەسەر بدەن.
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لەماوەی ئەو چەند ساڵەی کارکردنیدا کە هێشتاکرانەوەی تەکنەلۆژیای سەتەلایت و ئینتەرنێت بڵێ‌ونەبوبۆوە هەر هیچی نەکردبێت توانیویەتی بەو توانا کەمە دارایی و تەکنیکیە سادانەوە ڕۆڵێک ببینێت لە ئاگادار بونی بینەران لە ڕوداوە ناوخۆیی و ناوچەیی وجیهانیەکان و وشیارکردنەوەی زیاتری کۆمەڵ لەزۆربەی کایەکانی ژیان و بەخشینی زانیاری گشتی ، لەو میانەیەدا و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بەو پەڕی هەست کردن بە مەسئولیەتەوە بەرامبەر بە کۆمەڵ دور بوە لەهەر هەواڵ و بەرنامەیەک کە ببێتە هۆی مەترسی بڵاوکردنەوەوشڵەژان یان کێشە نانەوەیەک لە ناو چین و توێژەکاندا .
بەڵێ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵێکی ناو دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندن و دواتر مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوە بەڵام هەر لەسەرەتاوە چەندین ڕۆشنبیر و نوسەر و هونەرمەندی بیر و ڕا جیاواز و وەک ئامادەکار و پێشکەشکار و لە بوارەکانی تردا کاریان کردوە و حزوریان هەبوەو ئەمانە توانیویانە بە سود وەرگرتن لە ئەدەبیاتی ڕاگەیاندنی شاخ زمانێکی پاراو لە نوسین و ئاخاوتندا بچەسپێنن و ئەمەش بوە قوتابخانەیەک بۆ زۆر کەناڵی بینراو و بیستراو ونوسراوی تر .
ئەو کاتانەی کە هێشتا بەشی ڕۆژنامەنوسی لە پەیمانگا و بەشی راگەیاندن لە زانکۆکاندا نەکرابۆوە هەر ئەم کەناڵە توانی شتێک لە جێگەی ئەوان بگرێتەوە و بە پێی ئەزمونی کارکردن چەندین کادری میدیایی پێبگەینێت کە ئێستا زۆریان لە کەناڵ یان کۆمپانیا یاخود دەزگا میدیاییەکانی تردا برەو بە کارەکەیان دەدەن .
لەگەڵ هاتنە کایەی کەناڵی (فەزایی) سەتەلایت دا تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لە کاروانەکە بەجێ نەما و شان بەشانی کەناڵە فەزاییە کوردییەکان بەردەوام بوو لە کارکردن و لە کوێ ئەوان حزوریان هەبوبێت پەیامنێر و ڕێپۆرتەری تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانیش حزوری هەبوە .
ململانێ دەرەکی و ناوخۆییەکان هۆکارێک بون بۆ کەمێک وەستانی ئەم کەناڵە لە جێگەی خۆیدا ، بەڵام کادر و کارمەندەکانی لە کار وبەخشش نەوەستان و لە ڕوماڵ و تیشک خستنە سەر زۆر ڕوداوو روژاندنی زۆر هەواڵدا گەلی کوردستان هەر هەنگاوی ناوە نمونەش لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقە کە تیمەکانی ئەم کەناڵە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دا پێشەنگ بون لە چونە ناوچە رزگارکراوەکانی خانەقین و کەرکوک و تەنانەت بەغدای پایتەختی عێراق ، هەروەها لە ڕوبەڕوبونەوەکانی هێزی پێشمەرگە بەرامبەر داعش ئەوە لە بەرچاوی زۆرێک ماوە کە ئەم کەناڵە چ رۆڵێکی هەبوە .
ئێستاش کە ۳۱ ساڵ تێدەپەڕێنێت ، لەهەنگاوناندایە  بەرەو پێکهێنانی تۆڕی گەلی کوردستاندا کە  گۆڕانکارییەکی  چاوەڕوان کراو دەبێت بە سەر ئەو کەناڵەدا . پیرۆز بێت  ساڵیادی  دامەزراندنی ئەوکەناڵەی  کەبەشێکی زۆری تەمەنم لەبوارە جیاجیاکانیدا پێ  بەخشی و لە خۆشەویستیم بۆی زۆر هەلی شەخسیم وەلا نا. لەم یادەدا سەری تەعزیم  بۆ ئەو ئازیزانەی گیانیان تیا بەخشی و ئەوانەشی بۆ ڕۆژانێک جێگە دەستیان تیا دیار بوو .

 

وتاری زیاتر



بۆ ڕۆژی شەهیدی یەكێتيی ‬ كاروان شێخ عوسمان
2022-11-20 18:08      137 جار بینراوە


سەرۆكی چارەنووسساز‬ كاروان شێخ عوسمان
2022-08-29 12:23      97 جار بینراوە

یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوە‬ كاروان شێخ عوسمان
2021-12-21 22:01      204 جار بینراوە




نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو