بارزان شێخ عوسمان‌

یانزدەی سێپتامبر/ئەیلول و ،یادەکانی

  2022-09-11 17:07      204 جار بینراوە        کۆمێنت

رەنگە لەمڕۆژەدا یادی زۆر گرنگتر هەبن لە رۆژژمێری مێژودا.بەڵام بەندە ئاگاداری سێ یادم ئەوانێش شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلولی  خەباتی دیموکراسیی رزگاریی گەلی کوردستان ، دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و پەلاماری تێرۆریستان بۆ سەر هەردو تاوەری سەنتەری بازرگانیی جیهان لە نیویۆرک .
شۆڕشی مەزنی ئەیلول کە هەڵسەنگاندن و روانینی جیاجیای لەبارەوە کراوە و دەکرێت ،روانین و بۆچونەکان  جیاوازن لەسەری ،وەرچەرخانێکی گرنگ بو لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵک بە رابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان  بۆ وەدەستهێنانی مافە مرۆیی و دیموکراسیی و نەتەوەییەکانی .هەرچەندە  فاکتەری شۆڕشەکە   شەڕی دەرەبەگایەتیی بو لەگەڵ حکومەتێک بە ناوەڕۆک دەرەبەگ و بەرواڵەت بۆرژوازیی ،بەڵام بیانویەکی باش بو تا خەباتگێڕانی ئەوێ رۆژێ   رەوتەکەی بگۆڕن  و ببێتە شۆڕشێکی رزگاریخواز(ئەوەش بۆچون و لێکدانەوەی زۆری لەبارەوە کراوە و دەکرێت کە ئایا وەختی شۆڕش بو؟! ئایا رێبەرانی پ د ک هەمویان کۆک بون لەسەر وادەی هەڵگیرساندنەکەی ).بەگشتی شۆڕشەکە تاکە  بزوتنەوەی چەکداریی -جەماهیریی بو کە لەو قۆناغەدا بتوانێت لانی کەمی مافەکانی گەلی کوردستان بە حکومەتە یەک  لە دوایەکەکانی  عێراق  بسەلمێنێت ،جارێک بە لامەرکەزیی  جارێکی تریش بە ئۆتۆنۆمیی،تاکە بزوتنەوەش بو کە کوردی بەشەکانی تریش هیوای لەسەر هەڵبچنن.  هەرچەندە شۆڕشەکە   لە وێستگەیەکدا کۆتایی هات ،بەڵام ماکی شۆڕشەکە بەزیندویی مایەوە و جارێکیتر شۆڕش هەڵگیرسایەوە.ئەمجارەیان بەرابەرایەتی ی ن ک   و دواتر هێزە رەسەنەکانی تر ،کە درێژخایەنیی شۆڕشەکە بوە فاکتەری  بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان لە نێو دەستوری عێراقی نوێدا کە ئەویش تا ئێستا نەخەمڵیوە .
دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانیش بە دەستپێشخەریی ی ن ک لە دوای راپەڕینی ئازار-مارس/١٩٩١ وەرچەرخانێکی گرنگ بو لەسایەی ئازادیی تازە بەدیهاتوی بەشە رزگاربوەکەی کوردستان .
 سەرگوزشتەی دامەزراندن و کارکردنی تەلەفزیۆنی گەلی  کوردستان  زۆر دورو درێژ و پڕ هەوراز و نشێوە وەک یەکێتییەکەی ،بۆیە بە سەدان سەعات و دەیان کتێب تەواو نابێت .گێڕانەوەی هەر رۆژێکی کارکردنی کادیرەکانی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ  بۆ خۆی چیرۆکیکی دورو درێژی لێ دێتە بەرهەم  . ئامێری سادە ، جێگە و رێگەی سەرەتایی ،توانای مادیی کەم ،بەڵام ئەقڵ و شارەزایی  زۆر و  دانسقە  و پشتیوانییە لێ بڕاوانەکەی سەرۆک مامجەلال ئەو وەرچەرخانە  مێژوییەی لێ هاتە بەرهەم کە لە یادی شۆڕشێکی جەماوەریی وەک شۆڕشی مەزنی ئەیلول  مژدەی  لەدایکبونی یەکەمین تەلەفزیۆنی کوردیی گەیاندە ناوچە نزیک و دورەکان ،یەکەم میوانیش رابەری مەزنی کوردایەتیی سەرۆک مامجەلال بو کە پەیامێکی گرنگی  گەیاند بە کۆمەڵانی خەڵک و حکومەتی ئەوسای عێراق و تیایدا ئەرک و فەرمان و هەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەکەی ی ن ک و بزوتنەوەی رزگاریی و دیموکراسیی گەلی کوردستانی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە دیاریکرد وەک چۆن پەیامی راپەڕین لە ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە گەیشتە ئەوپەڕی کوردستان و بەغدای هەژاند .
تەلەفزیۆنەکە کە بەندە  لە نێوان مانگی نۆفامبری ١٩٩٢-حوزەیرانی ١٩٩٤ خزمەتم تیادا کردوە، بە خاوەن زمانێکی ستانداری پاراوی کوردیی راگەیاندن،پیشەیی بون لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی و هوشیارکردنی کۆمەڵ لە بوارە جیاجیاکان ،بەناوبانگ بوە بە ئێستاشییەوە.  
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان  بوە فاکتەرێک کە  چاوی لێ بکرێت و چەندین تەلەفزیۆن و کەناڵی تریش لەو سەردەمە سەختەدا بێنە مەیدانی کاری میدیایی .TGK هەر کادیرانی راگەیاندنی سەر بە ی ن ک کاریان تیادانەدەکردبەڵکو روناکبیرانی دەرەوەی ئەڵقەی حزبایەتیی  بە ماڵی خۆیانیان زانی و ئێستاش  بەهەمان شێوەیە،ئاخر ی ن ک ئەوێ رۆژێ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی بە ئەرکی خۆی زانیوە بێ جیاوازیی بیرکردنەوەیی سیاسیی.
پەلاماردانی تێرۆریستانی القاعیدە بۆ سەر هەردو تاوەری بازرگانیی جیهان لە  یانزدەی سێپتامبری ٢٠٠١یشدا  مێژوی
سیاسەتی دنیای گۆڕی و  ئەمریکا سیستمی تاک جەمسەریی زیاتر بوە چوەسەر تا خۆی سەرکردایەتیی جیهان بکات بۆ رەواندنەوەی هەڕەشەی تێرۆریستان  کە لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەو سەرکردایەتییەی ئەمریکا بەردەوامە .یانزدەی سێپتامبری ٢٠٠١   بوە فاکتەرێک کە لەهەر جێگەیەکی جیهاندا  تێرۆری ئیسلامیی هەبێت ئەمریکا بێ سێ و دو بە هەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکان و ئاشتیی و ئاسایشی جیهان  .
وەك چۆن هەمو سیاسەت و هەنگاوێک دولایەنەیە و خەڵکی تریش قسەی هەیە ،ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆی ئەمریکا بەدڵی ئەو دەوڵەت و هێزانە نییە کە رۆژانێک دەست رۆیشتو بون لە بڕیارەکاندا بۆیە  ئەمریکا لە روانگەی تێزی ئاسایش بۆ هەمو جیهان  بەگژ روسیای ئۆلیگاریشەکاندا دەچێتەوە تا رێگە نەدرێت ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆر و چاو چنۆکە  کۆسپ بخاتە بەردەم  سیاسەتی جیهانیی دوای یانزدەی سێپتامبر .
پیرۆزە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و یادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، مردنیش بۆ تێرۆری ئیسلامیی و هەر تێرۆرێکی تر لە هەر جێگەیەکی ئەم جیهانەدا بن .

وتاری زیاتر





نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو