یەکێتى ئەو حیزبەیە لەدایکبوونەکەى بۆ نەهێشتنى تاکڕەوی و سەپاندنى یەک ئیرادەیى بەسەر میلەتەکەوە خولقاوە، دەتوانین بڵین هەرخۆى بۆ ئەو ئامانجە تەمەنى باڵایکردووە، ئیتر سەیرە لەئێستاداو دواى چل و حەت ساڵ تەمەن حیزبێکى کوردى تێنەگەیشتبێت یاخود تێنەفکرێت کە یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان حیزبى بەگژداچوونەوەى تاکڕەوییەو قبوڵى ناکات، مەگەر لەکاتێکدا قبوڵی کردبێت کە بەرژەوەندى میللەت و نیشتمانى بە دواى خۆیدا هێنابێت، بۆ نموونە لەدوای ساڵى 1997وە قوربانى بەخۆیداوەو قبوڵى هەندێک بڕیارو ئیدارەدانى هەرێمى کوردستانى کردووە ئەویش لەبەر ئەوە نەبووە قبوڵیەتى وەک سیاسەت و فکرى حیزبى و پەروەردە حیزبییەکەى ، نەخێر لەپێناوى یەکڕیزى و یەکگرتووىی ناوماڵى کوردبووە لەباشوور، لەپێناوى نیشاندانى وێنەیەکى جوانى حکومدارى بووە لەباشوور ! تا لەو ڕێگەیەوە وێنەیەکى جوانى بەڕێوەبردن نیشانى ڕاى گشتى و وڵاتانى زلهێزبدات و قەوارەى هەرێم وێنە جوانەکەى نیشان بدات، دواتر لەبەر پاراستن و سەرکەوتنى پارچەکانى ترى کوردستان بەو شێوە حکومدارییە ڕازى بووە تا پارچەکانى تر پشتیوانى زیاتر بەدەست بهێنن و ئەوانیش بگەنە ئاواتى سەربەستى و ڕزگارى ، بۆیە یەکێتى لەو کاتانەدا لەئاست تاکڕەوی و قۆرخکارى و جیاکارى بەڕێوەبردن بیدەنگ بووە ، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە یەکێتى حیزبێکى نیشتمانى و نەتەوەییە .
یەکێتى لەسەرەتاى خەباتى سیاس و چەکدارییەوە تێکۆشاوە تا هەموو ئەو مرۆڤانەى لەسەر خاکى کوردستان دەژین ئازادبن و لەداهات و بڕیارداندا بەشداربێت و مافەکانى هیچ کەس نەتوانێت زەوتى بکات، ئەگەر سەیرى ڕابردوەکەشى بکەین دەبینین کادرەکانى لەسەرجەم بوارەکاندا وا فێرکراون کە ڕەخنە لەخودى حیزبەى خۆیان بگرن لەکاتێکدا زانیان بە ئاڕاستەى دەستکەوتەکانى گەلەکەى ڕێگە ڕاستەکەى بەرداوە ، ماناى وایە یەکێتى حیزبى بەگژداچوونەوەى تاکڕەوی و تاک بڕیارییە، بۆیە ئەو هەڵوێستەى سەرۆکى تیمى یەکێتى لەحکومەت گرتویەتییە بەر ڕێگە تەندروستەکەیە، لەو ڕوانگەیشەوە کادیرانى یەکێتى پشتیوانى تەواوى بڕیارەکانى حیزبەکەیان دەبن.
دەمەوێ بڵێم یەکێتى ئەو حیزبەیە کە لەوپەڕى تاریکى و شەوەزەنگى هێنراو بەسەر کوردستاندا، کە گەورەترین شۆڕش ئاشبەتاڵى پێکرا! میلەت و نیشتمانیان تووشى ئەوپەڕى بێ ئومێدى کرد، یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان مەشخەڵى بەگژداچونەوەى هەڵبژاردوو هەزاران شەهیدى لەو پێناوەدا بەخشى، لەوکاتەدا ئێوە لە کۆشکە شاهانەکانتاندا خەریکى بەڕێکردنى شەوە زێڕینەکانتان بون، ئەگەر ئێستا بتانەوێ یەکێتى ڕاگرن هەڵەن، چونکە قەت نەبووەو ناشبێت بەرى خۆر بە بیژنگ بگیرى ، بۆیە واباشترە لە دواییەکانى تەمەنى سیاسیتاندا نەوەکانتان گۆشکەنەوە بەبیرى سیاسى دەستە جەمعى و خزمەتى وەک یەکى لەسەر ئاستى تاک و لەسەر ئاستى هەرێمیش، چونکە مێژوو لە ڕابردوو ڕەحمى بەهیچ کەسێک نەکردووە تا بە ئێوەى بکات، ڕەنگە بتوانن بۆ کاتێکى کەم پەردەپۆشى سیاسەتى چەوتتان بکەن، بەڵام دواتر ڕووى ڕاستەقینەتان بەدەرەكەوێ.