کۆستێک ، دەکرێ ببێتە هۆکاری تەبایی
لە دوای ڕوداوە کارەساتبارەکەی گەرەکی کازیوەی شاری سلێمانی کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی بوونە قوربانی، ئەو هەڵمەتی بە دەنگەوە هاتنەی لێقەوماوان و فریاکەوتنیان کە گشت لایەنە سیاسی و حکومیەکان بە پەرۆشەوە وەک خەمێکی میللی لە ئەستۆیان گرت و لەیەکەم ساتەوە سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئیدارەی سلێمانی وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆیان ، بەلێنیاندا گشت هاوکاریەک پێشکەش بکەن بۆ فریاکەوتنی زیاتری ئەوانەی کەوتبونە ژێر دارو پەردوی خانەوە ڕوخاوەکەوە و چارەسەرکردنی بریندارەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕوداوەکە و دەزگا پەیوەندیدارەکانی سنوری ئیدارەی سلێمانیان ڕاسپارد کە هەموو هەوڵەکانیان بخەنە کار بۆ ئەوئەرکەیان .
لە لایەکی تریشەوە هاتنە سەرهێڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پەرۆشی و خەمێکی میللی بەخشی بە ڕوداوەکە .
وێڕای نیشانە تراژیدیەکانی ڕوداوەکە ، دەکرێت ئەو هاوخەمی وکۆدەنگیە جەماوەرییە کە لە زاخۆوە تاکو گەرمیانی گرتەوە ببێتە هەوێن و پاڵنەرێک لە پێناوی نزیک بوونەوەی زیاترمان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان کە کەس و کاری قوربانیەکان بەبەردەوامی تەئکیدیان لێ دەکردەوە ، وەک چۆن لە کارەساتی تەقینەوەکەی شوباتی 2004ی هەردووبارەگای مەڵبەند ولقی یەکێتی و پارتی لە هەولێر ،خوێنی تێکەڵی هەردوولا بوە هەوێنی وەلانانی کێشەلاوەکیەکان و گفتوگۆکانی رێکەوتنامەی واشنتنی خێراتر کرد و ئەو کۆستە کارەساتبارە بوە هاندانی چەسپاندنی تەبایی و کارکردنی پێکەوەیی.