ئەرسەلان مەحمود

تا ناكۆكی قورستر بێت، سەركەوتن شكۆدارتر دەبێت

  2022-12-11 18:12      210 جار بینراوە        کۆمێنت
تا ناكۆكی قورستر بێت، سەركەوتن شكۆدارتر دەبێت

گرێفریچكەی عەقڵییەتی هەژمونگەرو پانخواز، بە تایبەتی لە ژیانی سیاسی و لەبوارەكانی سەركردایەتیكردن و ئیداریدا، بە تەنها هەر گۆشەگیریی یان مڕومۆچی و چەتوونی و چاوچنۆكی نییە لە بەرامبەر ئـەوانی تردا، ئـەم عەقڵییەتە نەكڵۆكە جگە لەوەی هەرگیز ناتوانێ بەخشەر و بەخشندە بێت، بەردەوام لەگەڵ سێبەر و ناواخنی خۆشی لە كێشە و ململانێ و جەنگێكدایە تاقەت پڕوكێن.
دیارە بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد، بێگومان هەر قۆناغە و بە فۆڕمێك تا دەركەوتنی فەخامەتی سەرۆك مام جەلال و سەركەوتنی پڕۆژە سیاسییە نیشتمانییەكەی دەگات، خاڵی سەرەتانی جووڵانەوەكە ئەم عەقڵییەتە هەژمونگەر و پاوانخواز و تاكڕەهەند و تاكڕەوە بوو. ئێستا لە غیابی ( مام )دا خـانـەی سەرەتـانی هەمان ئەو عەقڵییەتە دەیەوێ گەشە و هەیمەنە و هەژموون بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام ئەوەی بە مردوویی لەدایكبۆتەوە، خودی ئەم عەقڵییەتە خۆیەتی، ئایدیا و پڕۆژە سیاسییە نیشتمانییەكەی (مام) تا هەتایە زیندوو دەمێننەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەرهەمی بڕیارە، نەك بارودۆخێك، ئەو حزب و عەقڵییەتەی بارودۆخێك هێناوێتیە ئاراوە، بای بارودۆخێكی تر دەیانبات، هەرگیز نەبوون و ناشبنە وەڵامدەرەوەی واقیع، چونكە زادە و بەرهەمی هەمان ئەو بارودۆخ و حەقیقەتە نوێیانە نین، مشەخۆری ناو دۆخ و واقیعە سەپێندراوەكەن.
 ئەوەی نائومێدی بەزاند، ئەوەی سەختترین و خوێناویترین شۆڕشی یەك پشوو سەرخست، ئەوەی بەرنامەی راپەڕینی گەڵاڵەكرد، ئەوەی جاڕیدا و سەریخست، بڕیارە وەڵامدەرەوەكانی یەكێتیی بوون، ئەوەی پەرلەمانی داهێناو حكومـەتی دامـەزراند، ئـەوەی فیدراڵی پێشنیازكـرد و چـەسپـانـدی، پێداگریی یەكێتیی بوو، تەنانەت ئەوەی شەڕی نەگریس و سەپێندراوی ناوخۆی بە ئاشتەوایی نیشتمانی گۆڕی، بڕیار و راسپاردە ناوازە نیشتمانییەكەی یەكێتیی بـوو، یـەكێتیی كوردی گەیاندە لووتكەی دەوڵەتداری لە عیراقدا، یەكێتیی پێگەی كوردی لە ناوچەكە و ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا گەیاندە ناو هاوكێشە سیاسییە هەرێمایەتی و جیهانییەكان.
هەوڵی سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەكێتیدا، هەوڵێكە عاقیبەتەكەی دیارە بە تەجروبە بۆ كۆمەڵانی خەڵك دەركەوت گەمارۆدانی یەكێتی هـاوتایە بە گەمارۆدانی پێگەی كورد و بەرژوەندییەكانی خەڵك، یەكێتی پـڕۆژەیە، پڕۆژەی نیشتمانی، پڕۆژەی خەڵك، ئەو سەردەمە تێپەڕی نە خەڵك ئـەو بوارە بدا بە یەكێتی و نە سەركردایەتییەكەی ئەم رێگەیە بەخۆی دەدات سازش بۆ عەقڵییەتی نەكڵۆك و تاكڕەو بكات، ئـەوەتا بوێرانە تر لە هەركات، بەرەنگاربوونەوەی كێشە و ئاریشە زۆرەكانی هـەرێمی كـوردستانی لە ئیدارەدان و چۆنێتی سەركردایەتیكردندا بە ئاراستەی چارەسەركردن كردۆتە دوا بژاردە و دوا وێستگەی بڕیار.
حزبی نیشتمـانی و سەركـردایەتی رەسـەن و راستـەقینە، وەڵامدەرەوەی دۆخن نەك زادەی دۆخ، ئەوە شتێك نەماوە چیتر چاوەڕێ بكرێ، دەبێ ئیتر بەدەستبهێندرێ، دوو دڵی و دواخستن دایـك و بـاوكی شكستن، خەڵكی كەوتوونەتە بەردەم دوو بژاردە؛ قبووڵكردنی ئـەوەی هەیـە، یان قبووڵكردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ گۆڕینی ئەوەی هەیە بە ئێستاو ئایندەیەكی باشتر و شایستەتر، یەكێتی راشكاوانە رێبەرایەتی  لە گۆڕانانی عەقڵیەتی تاكڕەوو بنیاتنانەوەی ئێستا و ئایندەیەكی بـاشتر و شایستەتـر دەكات، هە تا ناكۆكییەكانیش قورستربن، سەركەوتنەكان شكۆدارتردەبن. 
كاری سیاسیش واتە گرتنەبەری بەرپرسیارێتی، بەڵام ئەمە بەبێ هێز روونادات، هێز وەك ماسولكە و چەك و جبەخانە و جووڵەی سەربازی نا، وەك خزمەتكردن و دركپێكردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بە مانای وشە.

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو