حەمەی حەمەسەعید

سێ رۆژەی یاران- رۆژوی یارانی قەوەڵتاس

  2023-01-07 18:33      269 جار بینراوە        کۆمێنت

یارسانەکان دووجۆر رۆژوویان ھەیەو دوای تەواوبوونیان جەژن دەکەن، یەکەمیان بەناوی جەژنی یارانی قەوەڵتاس، بەپێی تێکستە پیرۆزەکانیان، حەوت گەورە پیاوی دیینی یارسان بەناوەکانی (قولی، شەھابەدین، شاکە، شانەزەر، شاموراد، عیسا، پیر دلاوەر) کە وەک (زات میھمان) رۆحی بازنەی ھەفتەوانەیان تێدا بەرجەستەبووە، لە (سەڵماس)ەوە بەمەبەستی گەیشتن بەخزمەتی (سان سەھاک- سوڵتان ئیسحاق) بەرەو پەردیوەر ( ئاوایی شێخان) لە ھەورامان کەوتوونەتەڕێ، لە کێوی شاھۆ لەناو کڕێوەو بەفرێکی زۆردا گیریان کردووە، ماوەی سێ رۆژ ھیچیان نەخواردووە، بەوبۆنەوە لەپردیوەریش سان سەھاک و بازنەکانی ئەوێ کۆڕی زیکرو لاڵانەوەیان گەرمکردووەو ھیچیان نەخواردووە، رۆژی سێیەم بەفەرمانی سان سەھاک ھەریەک لە (داودی رەھبەرو مستەفا دەودانی) لە پردیوەرەوە چوون بۆ شاھۆ، لەو رۆژەدا کەشوھەوا خۆشیکردووەو ھەموویان پێکەوە بۆ خزمەتی سان سەھاک ھاتوون، ئیتر لە پردیوەر کراوە بەجەژن، ئەگەرچی کەمێک جیاوازی لەڕۆژەکانی بەرۆژووبوون و جەژنکردن ھەیە، بەڵام ھەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەمە رۆژووی فەرزەو لەسەر ھەموو شوێنکەوتووانی یارسان پێویستە لەتەمەنی شەش ساڵییەوە بەرۆژوو ببن.
دوای سێ رۆژەکەش بەپێی باوبرەوی دینی خویان جەژن دەکەن، ھەم بەرۆژووبون و ھەم جەژنکردن یەکێکە لە پیرۆزییە دینیەکانیان.
سەبارەت بەرۆژووەکەی تر بەناوی رۆژوی (مەڕی نەوێ) نەوێ ئاواییەکی ئاسەواری و دێرینە لەبناری چیای سورێن، ئەمیش ھەر سێ رۆژە بەڵام ھەموو کەسێک ئازادە لە بەرۆژو بوون یان نەبوون.      
سەبارەت بەدیاریکردنی رۆژەکان با لەم دێڕانە وردببینەوە:  
نەی چلەی زمسان نەی چلەی زمسان
داود رۆچەشان نەی چلەی زمسان
نیەتشان چوارداو مانگێ بۆ ئیحسان
جە ھەڤدەو مانگێ گیریا چەپ دەستان..   
ساڵانێکە بەبۆنەی ئەم جەژنەوە  بەرپرسە باڵاکانی سیاسی و ئیداری ھەرێم، پیرۆزبایی بۆ جەژنەکەو پیاھەلدان بۆ برایانی یارسان دەنووسن، دەستیان خۆش و ھەربەراستیش مایەی خۆشحاڵییە، بەڵام ھەقە بپرسین ئەگەر بڕوامان ھەیە ئەمانە خەڵکی رەسەن و ماکی سەرەکی دیین و کولتووری کوردیان پاراستووە، ئەی لە ئەمڕۆدا لەناو دەسەڵات و قەوارەی  ھەرێمدا لەکوێدا وەستاون؟؟؟ دەی خۆ تا ئێستا وەک دینێک یام رێوڕەچەیەکی دیێنی تایبەتیش نەناسێنراون. 
سەرچاوە
١-سەرەنجام- دەستنووس
٢- یارسان دینێکی کوردییە- ئەیوب کوێخا رۆستەم.  
٣- شاھنامەی ھەقیقەت- نیعمەتوڵای جەیحون ئاوایی

نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو