رۆژی چوارشەمە چواری نیسانی ٢٠٢٣، هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ، رێکەوتنامەی تایبەت بە رێوشوێنەکانی هەناردە کردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان لە رێی سۆمۆوە بە لولە نەوت کێشەکانی عێراقدا بۆ بەندەری جەیهان ئیمزا کرد. ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە چەندین خاڵی تری لەخۆ گرتووە کە هەموو میدیاکان بڵاویان کردەوە.
رێکەوتنەکە بە گوێرەی دەستور، مافەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات کە سودو قازانجی بۆ کۆمەڵانی خەڵكە. بەمەش کۆتایی دێت بەو موزایەدەو هەرزە سیاسیەی کە بە درێژایی یانزدە ساڵ بوو بە ناوی کوردستانی گەورە، سەربەخۆیی و ئابوریی سەربەخۆو چی و چییەوە، نەهامەتیی و چەرمەسەریی بۆ خەڵك و دەزگاو دامەزراوەکانی حکومەت دروست کرد، کارەکانی حکومەتی پەک خست. هەر ئەو بارەناهەموارە بە هەردوو دیوەکەیدا (چ دژ چ لایەنگر)، چەندین تازە پێداکەوتوی سیاسیی دروستکرد، پۆپۆلیزم لەهەر کات زیاتر رەواجی پەیدا کرد، ئەوە دروشمە بریقەدارەکان هەر لەوێ بوەستێت.
بارودۆخەکە بە جۆرێك بو، ئێمەومانان لەو بارەیەوە هەر کات راستییەکانمان بە پێی دەستوور روون بکردایەتەوە، یا هەر قسەیەکمان بە پێچەوانەی ئەو ناکامڵییە سیاسییە بکردایە کە ئەوە هەنگاوێکی هەڵەیەو ئەنجامەکەی نەهامەتیی و مەینەتیی و نەهاتە بۆ هەرێمی کوردستان بە حکومەت و خەڵکە کەیەوە، سەرباری ئەوەی پەلامار دەدراین و بەگژماندا دەچوونەوە، تۆمەتی بەکرێگیراو و دژ بە سەربەخۆیی دەخرایە پاڵمان.
ساڵی ٢٠١٤ لە دەرەوەی عێراق، لەگەڵ کوردێکدا کە یەکێك بوو لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو ئەزمونە شکستخواردووە، گفتوگۆمان دەکرد. زۆر بە توندیی قسەی دەکرد وەك ئەوەی بەندە خایین بم و حەز بە سەربەخۆیی کورد نەکەم. وتی باش گوێ بگرە نەورۆزی ٢٠١٥ هەموو قەیرانەکان کۆتایی دێت، بەڵام دەبێت تۆ کوردستان جێ بهێڵیت و لە بەغدا دابنیشیت، چونکە دژی ئەم سیاسەتە نەتەوەییە قسە دەکەیت.
بەداخەوە سەرباری ئەوەی حزبەکەی خۆشم (ی،ن،ك) پشتیوانی لەو سیاسەتە نەدەکرد، بەڵام بەوجۆرە شێلگیرانە نەهاتە پێشەوە کە ئێمە داوامان دەکرد. کەچی داهێنەری ئەو سیاسەتە ناواقیعییە بەردەوام دەیویست ئۆباڵی ئەوەی بەسەر خەڵکدا هاتووە بخاتە ئەستۆ.
چەندین پڕوپاگەندە بڵاو دەکرایەوە، لەوانە: گوایە فڵانە لێپرسراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چۆتە لای مالکی و داوایکردووە بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستان ببڕدرێت. لەوە زیاتر نامەوێت بنوسم، تا برینەکان نەکولێنەوە.
ئێستا وەك بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەروەزیری هەرێمی کوردستان و چەندین روناکبیری تریش دوپاتیان کردوە، گرنگ ئەوەیە ئەم گۆڕانکارییە بخرێتە خزمەتی خەڵك و پڕکردنەوەی ئەو هەموو قۆرت و کەموکورتییانەی کە دروست بووە لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە چەوتەو راستکردنەوەی بارە خوارو گلاوەکە.
راستە منیش پشتیوانی ئەوەم نابێت هیچ لایەن و کەسێك خۆی بکاتە پاڵەوان کە بڵێت ئێمە ئەم دەستکەوتەمان بەدی هێنا، یا هەندێکی تر بڵێن گوشارەکانی ئێمە بوو، چونکە ئەوە لە شەڕی جارانی مناڵیی دەچێت و بەشێکی تریشی دەچێتە خانەی پۆپۆلیستییەوە.
بۆیە دەبێت بەو شێوەو رێکارانە سود لەم رێکەوتنە وەربگیرێت کە رون و بێ پێچ و پەنا بێت، کارەکان بچنەوە رێچکەی حوکمداریی رەشیدو خزمەتگوزار تا لەوە زیاتر کۆمەڵانی خەڵك لە مەینەتیدا نەبن، لەوە زیاتر نەهامەتییەکانیان نەکرێتە کراسەکەی عوسمان بۆ مەرامی ئەم و ئەو، تا لەوە زیاتر شکۆی مرۆڤی کورد نەشکێنرێت و خەڵك نەخرێنە سەر شاشەکان کە نانی نییە بیخوات و دوسەدو پەنجا دیناری لە گیرفاندا نییە.
لە کۆتاییدا هەر دەڵێم دەبوایە یانزدە ساڵ پێش ئەمڕۆ ئەو هەنگاوە واقیعییە بنرایەو هەرزە سیاسییەکان نەبونایەتە دەم راستی پێگەیشتووە سیاسییەکان، چونکە تا ئەم ساتەش ئێمە لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵداین.