كلتوری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و هاریكاری و هاوكاری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكانی كوردستان ، باوەڕێكی قوڵ و فەرهەنگێكی بنچینەیی سیاسەتی نەگۆڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لەبنەڕەتیشدا ، باوەڕو هزری سەرۆك مام جەلال بووە .
ڕێزگرتن و پارێزگاریكردن لەمانەوەو بەهێزكردنی كلتورو دابونەریتە جیاوازەكانی توركمان و كلدۆئاشورو سریان و ئەرمەن و هەموو بیروباوەڕە ئایینیەكانی كوردستان ، هێزی زیاترو پێگەی بەرزتریش بەهەرێمی كوردستان دەبەخشێت .
دانانی پڕۆگرامی پەروەردەو خوێندن بەزمانی دایك و كورسی كۆتای پێكهاتەكان ، بیرۆكەو داوای سەرۆك مام جەلال بووە لەساڵی 1992 ، بۆیە لەهەموو كۆڕو كۆبونەوەكانیشیدا ، هەمیشە دووپاتی دەكردەوە ، كە هاوكاری و پشتیوانی لەداواو داخوازیەكانی خوشك و برایانی توركمان و كلدۆئاشورو سریانەكان دەكات ، بۆ ئەوەیە كە خۆیان نوێنەری خۆیان بن و وەكو خۆیان بیربكەنەوەو بڕیار چارەنوس و كاروباری خۆیان بدەن .
بێگومان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەدرێژایی مێژووی خۆی و بەگیانی بەرزی نیشتمانییەوە هەموو كات بەدەم داواو داخوازیەكانی نوێنەرو هێزە سیاسیەكانی پێكهاتەكان هاتووە ، لەبەرامبەر هاوكاری و پشتیوانەكانیەكانیشیدا ، هەرگیز پێكهاتەكان و نوێنەرەكانیانی بەكار نەهێناوە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتە حزبیەكانی خۆی . یەكێتیی هەموو كاتێكیش دژی هەراسانكردن و داگیركردنی گوندو زەویە كشتوكاڵیەكانیان بووە بەتایبەت لەبادینان و دەشتی نەینەواو دەڤەری ئێزیدخان ، كەتا ئێستاش بەردەوامە .
هەوڵی جددیش دەدەین كلتوری لێبوردەیی و پێكەوەژیان و هاوبەشیمان لەگەڵ پێكهاتەكانی كوردستان ، بخەینە ناو پڕۆگرامەكانی پەروەردەو خوێندن ، بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتووشمان لەسەر ئەم گیانی پێكەوەییە پەروەردە بكەین .
بۆیە دووپاتی دەكەینەوە ، كە یەكێتیی بۆ هەمیشە هاوكارو پشتیوانی پێكهاتەكان دەبێت ، لەپێناوی ئەوەی خۆیان نوێنەری خۆیان بن و وەكو خۆیان بیربكەنەوە ، نەوەك ببنە جێبەجێكاری ئەجێندای سیاسەتی ناشیرینی لایەنی تر .
دكتۆر مەجید محمدئەمین
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان