خەرامان
-١٥-
ماسی بێ ئاوەکە ناژی و ئاوەکە بە سازگاری هێنای.ماسییەکانی شۆرش تا نەخنکێن گەرەکە لە ئاوی شۆرشدا مەلەی بەردەوام بکەن. جەماوەر لە هی ئاوایی گوندەوە تا ئاوەدانی شار گرێبەستی ئەخلاقی و گرێدراوی وەفای خۆیەتی بەرامبەر شۆرش. ئێ شۆرشیش، با قات و ریباتیشی بەستبێ، لەگەڵ جەماوەر و بە جەماوەرەوە جوانە.
ئەدەبیاتی دونیا وایدەگێرنەوە پارتیزان و پێشمەرگە پەرژینی نیشتمانن و تا پاکی نیشتمان پاک دەبێتەوە هەر قەدەمێک ئازادە خۆی پێگەیەکە بۆ رزگاری سەرتاسەری.
بەڵام ڕاستییەکەی جەنگاوەرانی ئازادیش هەر پەرژینیان هەیە کە جەماوەری خۆیانە، ئەم دوانە ئاو لە یەک دەخۆنەوە و بێ یەکتری ناژین. پشتیان بە یەکەوە داوە و تا لە کۆڵانی تەنگی تەنگژە دەرباز دەبن، بە گرەنتی یەکتری تەقە دەکەن و رێی بەردەم تەخت دەکەن.
جەنگاوەر یانی پێشمەرگە باسکی جەماوەرە و سەنەدی جەنگاوەریش بۆ هەبوون، یان هەپرون، هەر جەماوەرە.
لە داخی ئەم راستییە بوو بەعس دوای ئاهەنگەکەی سورداش زانی یەکێتی هەر پێشمەرگە و رادیۆیەکە و عیدەیەک رێکخستنی پۆڵایینی ناو شار نییە. بەعس زانی مانۆری میللی سورداش هەر چەند گۆرانییەکی عەبدولقادر حەسەن و سرودی ئاسودەبن نییە. بەڵکو جەماوەرێکی فرەیە کە یەدەکی مەعنەوەی هێزی سەرەکی نەبەردین.
گازی خەردەلی هەڵەبجە و کێوماڵی ئەنفال بۆ وشککردنی کانیاوەکەی جەماوەر بوو تا زووتر شۆرش بخنکێ . ئەوە بوو سێڵفیییەکانی کۆداک فەوری سوتان و شووشە شکا و رەزیش سووتا. پەژارە مایەوە تا پێنجی سێ، لە راپەڕینی ١٩٩١، هەموو کوردستان بوو بە سورداش.