خەرامان
-16-
ئەمانە كۆمەڵێك بێ ئیش نەبوون كە پێیان وابێ شەڕ لە بەتاڵی باشترە. تۆماری زانكۆ و پەیمانگاكانی حەفتا و هەشتاكان بەسەر بكەینەوە دەیان دكتۆر و ئەندازیار و جیۆلۆجی و مامۆستا ناویان لە لەوحی شەرفدا هەیە، جا لەگەڵ ناسنامەی گیرفانی ئەمانە بەرواردیان بكە دەبینی خۆیانن كە دوای حەفلەی تەخەروج لە جێی تەعینی دەوڵەت، بە تەزكییەی ڕێكخستنە نهێنییەكانەوە هاتوونەتە ناو شۆڕش و پێشمەرگایەتی. ئەمانە لێیان نەقەوماوە و باوك لەماڵ دەری نەكردوون و یاری عەلمۆدە تەوەلای نەكردوون. هاتبوون و هاتن تا بەعس ڕاماڵن و عەسكەر و ئەفسەر ژیانی شەهادەدار و ئەفەندی لەبەر تاسەر تاڵ نەكەن. پێیان شەرم بوو سەركز بن و پێیان شەرم نەبوو سەرهەڵگرن و پێیان شەرەف بوو سەوداسەری ئازادی و سەر لە پێناوی شۆڕش بن.
ئەمانە دارچنارێكی بە بەهرەن لەسەدان دار چناری بەبەر و دەربەدەری ناو چیا و دۆڵەكان. هاتبوون لەبری ئەوەی مەجنونی رۆمانی ناو مۆدێرن و شار نشینی شەقامەكانی ئەڤینی بێگرێ و ئاسان بن، خۆیان دەروێش و سوداسەری بێ بڕانەوە و بێ كۆتا بن. ئەمانە پێشمەرگەی ڕزگاری و هەڤاڵی حزبایەتییەكی ڕەسەن بوون كە لە دۆڵی ئەحزاب و دۆڵی فرەیی شۆڕش گیرسابوونەوە.
ئەمانە مۆدێلی شۆڕشگیرین لەسەدان ئەلبومی جیاوازەوە، هی ڕۆژگارێك نەوتخۆر و مۆدێل هەڵتۆقیوو و فانی سیاسی تەڵەكباز سەریان دەر نەهێنابوو، لە پشتی سەدەی عەولەمە و حەوكەمە و حەقبازی.
هی زەمانێك ژیان و زەمان دژوار بوو، بەڵام هەنگاوەكان دیار و سەنگەرەكان بەرچاو رون بوون.