خەرامان
-17-
گۆشەیەکی تر و دیمەنێکی ترە، ئاخر دیمەنی جوان هەر دیمەنی گەنجە کلێتە بەسەرەکانی کۆمەڵە و هەر دڵەزیندووەکەی یەکێتیی نییە، باسکی بە هێزی یەکێتیی و قۆڵی پۆڵایینی یەکێتیی شۆرشگێرانیش هەیە. پیاوماقلانی چەپ و شۆرشگێرە سەنگینەکانی یەکێتیش هەن کە کوردایەتی خاڵسیان دەکرد و بێ بەهاراتی تۆخی مارکسیزم ئیقدامیان دەکرد و گیانفیداییان بە شێنەیی و قووڵ خۆی دەنواند. ئەمانە خۆشەویستەکانی مام جەلال بوون، لە دڵەوە بۆ دڵ ، وەختێک چاوی تیژی کۆمەڵەکانی لێ دیار نەبوو!.
شۆرشگێرەکانی سۆشیال دیموکرات بوون لە وەختێکدا سۆشیال دیموکراتی لە دونیای شۆرشگێریدا مۆد و باو نەبوو. مەعلوم ئەو دەم باو باوی ،کاک کەمال فوئاد وتەنی ، ئەولادی ئەم عەسرەی مارکسییە ماوییەکان بوو.
دڵی ئەم یەکێتیی شۆرشگێرانە دڵی جەلالییە رۆشن و سەریحەکان و ئۆرگانیشیان رزگاری و کوردایەتی بوو. تەماشا بکەن چەند ئامانجێکی قشتە؟ رزگاری و کوردایەتی کە ئیتر دوای ئەم هەقە رەوانە ، دوانە ئاو رادەوەستێ.
ئەم جوانیەش بەشێک بوو لە تابلۆی شۆرش و رەنگێک بوو لە رەنگەکانی باخچەکانی رێکخراوی نیمچە بەرەیی و لەتێک بوو لە شاخ و داخی کوردستان.
ئەم تێکۆشەرانە ناویان هاورێ نەبوو، بە سونەتی کۆن هەڤاڵ بوون. بەڵام بە فیعلی هاورێیەکی متمانەپێکراوی رێی دوور مەودای شۆرشی نوێ بوون . خەباتیان فەرموو ،عارەقیان ڕشت و شەهیدیان دا ، کۆنگرەیان کرد و قسەیان لەم چیرۆکەدا هەبوو و هەیە.جا دەستیشیان خۆش بێ و یاد و یاریان پایەدار بێت