خەرامان
-24-
لە دەقی گێڕانەوەی دەماودەمی دەڤەری هەوراماندا جوانترین وەسفی شەهادەتی پێشمەرگایەتیدا هاتووە؛
(گولەی کڵاشینکۆف داوییە لە شانم
پڕ بووگە لە خوێن ناو کەوشەکانم)
بەو هەناسە پاکەی هەورامانەوە هیتر ماوە بێژمی .
هێشتا گێرآنەوە ماویەتی، سەدان وێنەی تر ماون بیاندوێنین. خەیاڵیان بۆ بخەینە کار و خەیاڵیان لەسەر دروست بکەین. هێشتا ماوە گڵکۆی تازەی لەیلی تر بلاوێنمەوە و جامانە و کەوشی تری چەندەها شەهیدی تر بلێسمەوە. ماویەتی بۆنی عەتر و عەمبەری دیکەی نامیلکەی گیرفانی پێشمەرگەی شۆرشی نوێ بکەم و ئیمزا و رەشنووسی کۆنتر بخوێنمەوە و کورتە چیرۆکی مۆدێرنیان بۆ دابرێژم. ئەمەیان مەفرەزەی یەکەم بوون و سەدان تیپ و لەشکر و سوپای تر بەرێوەن.
لەم فلاشە کورتەدا دۆستانی زۆر وێنەیان. ڕەوانە کردووە و هەندێکی زۆری تر ماوە تا بە خامەی کڵۆڵی شایەتیدان ئینسافیان بکەم.
ئەم پەرتەوە ٢٣ ئەڵقەیە کەمێکی ئێجگار کەمە لە خەرامانی درەوشاوەی ئاسمانی کوردستانی شۆڕش. نووسیم تا کەمێک بەر بە لێشاوی بە ئەنقەستی چەواشەکاری مۆدێرن بگرم. دامڕشت تا پێش بە گوڵبژێری دڕک بژێری ماشێنێکی گەورەی زڕە یادەوەری بگرم کە کۆڵیان لە جوانی و کوردستانیی داوە و وەک دەرەجەدارانی سۆڤێتی قەدیم میدالەکانیان بە گێڕانەوەی پاش سۆشیالیزمی دێرین دەفرۆشن.
مام هێدی شاعیر وتویەتی ؛
(تاوانی منە دەربەدەری و دەردەسەری من
مەل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ هێلانە بڵێ چی ؟)
وەک میرزای ئەرکدار و وەک بەشیر موشیری ئەمکدار کە (ئەمین قەڵەمم بەقوەتە) بۆیە بۆ خزمەت خستمەکار . وەک گابریل گارسیا مارگیز دەڵێت (ژیام تا بگێڕمەوە) تا دێرینەکان وا نەزانن نەوەی دوای شۆرش و راپەڕین بێوەفایە و هیچ ئیلهامێکیان لەو رەنجە زەحمەتەی باوکە دامەزرێنەرەکان و دایکە زەحمەکێشەکان وەرنەگرتووە و هیچیان لەبەرچاو نییە. گێڕامەوە تا مانای نوێ بە تێکۆشانی نەوەکانی دڕیان بە شەوەزەنگی تاریکی دا، بدەم.
ئەمە ئەرکێکە بێ منەت شایستەی لە ئەستۆ گرتنە کە مادام رۆماننوس لە خەوی قووڵدایە و پاڵەوانەکانیش لەبەر بێ باری رۆژگار و دڵرەقی زەمانە تاقەتی مشوماڵکردنی دەفتەری یاداشتە ڕاستەقینەکانیان نییە و لەمەشدا هەقیانە.
ئەمە جەولەیەک بوو پاش پشوودانێکی کورت خولێکی دیکە دێتەوە.
جا گەرەکە بە کورتە سەنجێک قفڵی ئەمجارە بدەم:
ئەم کورتە چیرۆکانە هی من نین. پاڵەوانە راستەقینەکانی ئەم داستانە زێڕینە من نیم و سەروەرییەکانی بەسەریان دەکەمەوە هەر خودی خاوەنانی وێنەکانن. منیش ، وای لە وشەی ناشیرینی منيش ، تۆمارم نەکردوون. تەنها لە گێڕانەوەدا کەمێک تیفتیفەم داون . راستێکەی میللەتە مەزنەکەمان پاڵەوانی راستەقینەی ئەم مێژووەیە کە ئەم گیانبازانەی رەوانەی مەیدان کردووە و نالی وتەنی (ئەم تاقمە مومتازە)ی پێشکەشی مێژووی کوردستان کردووە.
ئەوی میرزا نووسیویەتی هەر شایەتی دانە لەسەر رووداوەکان و گەرەکمە ئەگەر خوا یار ویاوەر بێت.گشتی بگێڕمەوە.
بەسەرهاتەکان دەگێڕمەوە تا بەشی خۆشم و خۆشتان تین و وزەی گەشبینی بۆ داهاتوو وەربگرم وەک حەسەن زیرەک دەڵێ؛ (بۆ من چاکن ئەو چاوانە). وەڵلا بۆ گشتمان زەرورن ئەم توشیبەرەی سەفەرە دوور و درێژەی هێشتا ماویەتی لە دەڵەمەیی دەربازی بێت.
جا قسەقسەی هێنا و لە کورتی قەدبڕی بکەم :
رووی قسەم لە دێرینەکانە، ئامان ئەم دیوانی مەم و زینەی نیشتمان لەبەر لەنگی ئەم قافیە و نا جۆری ئەو شیعرە مەدڕێنن. رووی رجام لە تازەکانیشە دەستم دامێنتان لەم شانازییە تەوەللا مەبن بە بیانووی گوایە تازەییەوە. هی دیکەی بخەن سەر و مۆری سەردەمی خۆتانی لێبدەن باشترە. ئەگەر راستن لە قەدیمەکانی باشتر و باشتری بکەن.