‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

دیموکراسى بە کوتەک

  2023-05-30 14:45      173 جار بینراوە        کۆمێنت

دیموکراسی کە دەستەواژە یا وشەیەکی یۆنانی کۆنە بە مانا هەرە سادەکەی بریتیە لە (دەسەڵات) یا (فەرمانرەوایی) خەڵک. 
هەڵبژاردن و دەنگدان بنەمایەکی سەرەکی دیموکراسیە، چونکە لەو پرۆسەیەدا هاووڵاتیان چارەنووسی خۆیان ئازادانەو سەربەستانەو بە یەکسانی دیاری دەکەن.. بەڵام ئەو دیموکراسییەی لای ئێمە پێی دەوترێت دیمۆکراسی نەک هەر سەری لە خۆمان، بەڵکو سەری لە پسپۆران و زمانەوانان و فەرهەنگی یۆنانی تازەو کۆنیش شێواندوە!
راستە کە چەند جۆرێک لە دیمۆکراسی بوونی هەیە، بەڵام بەینی خۆمان بێت جۆرەکەی ئێمە ئەوەندە عەجایب و تایبەتە کە کورد ووتەنی ( لە قوتووی هیچ عەتارێکا نیە ) ، دیارە هەر لەبەر ئەوەش هێشتا ناوی لێنەنراوە ونەخراوەتە لیستی جۆرەکانیتری دیموکراسیدا..!
دیموکراسیەکەی ئێمە بە کوتەک و شولک و قۆڵبادانە !! 
نازانم ئەو هەموو نێردە دیبلوماسی و سیاسی و ناوبژیوانانەی کە هانمان ئەدەن بەپەلە پروزە هەڵبژاردن بکەین بۆ ئاستەنگ و ناڕەوایی و نالەباری دۆخەکە نابینن؟ بۆ لە کاتێکدا کە خۆیان کردوەتە باوکی دیموکراسیەت نابینن و نابیستن کە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنە ئێکسپایەرەکەمان بە نایاسایی و سەرشکاندن هەلهەلەی بۆ کێشرا و پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکەمان لە یەکێک لە چەکمەچەکانی باڵەخانەی پەرلەمانەکەمانا تۆزی لێ نیشتووە و تۆماری دەنگدەرانمان علوجە و فڕی بەم سەردەمە و دانیشتوانی پارێزگاکانمانەوە نییە، جگەلەوەش نوێنەری کەمینەکانمان هێشتا داوای یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان دەکەن..!! پاشان چۆن و بۆ دەبێت جیاوازیی نێوان تۆماری دەنگدەرانی عیراق و تۆماری دەنگدەرانی هەرێم سەروو نیو ملیۆن دەنگدەر بێت کە بەوتەی شارەزاییان ئەو ژمارە زیاد کراوانەی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم هەمووی لە هەولێرو دهۆکە لە کاتێکدا کە زیاتر لە شەست هەزار دەنگیش لە سلێمانی کەم کرابێتەوە..!! ئایا هەر ئەمە خۆی لەخۆیدا کارێکی ئەوپەری نادادپەروەرانە نییە؟ ئەگەر هەر کورسییەکی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە ٣٥ هەزار دەنگ بێت ئایا زیاد کردنی ٥٦١ هەزار دەنگ بە واتای مسۆگەر کردنی ١٦ کورسی نیە لە دهۆک و هەولێر ؟؟ ئەی هەر ئەمە خۆی لە خۆیدا کارێکی ئەوپەڕی نادادپەروەرانە و نا دیموکراسیانە نییە؟؟ سەیرە، هەمووان باس لە چەسپاندنی دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین دەکەن، کەس نیە بە دروشم داوای هەڵبژادنێکی بێ تەزویرو پاک و بێگەرد نەکات، هیچ حزب و لایەن و بزوتنەوە و کۆمەڵ و رێکخراو و هاوپەیمانێتی و کەسایەتیەک نیە سەرو بنی ووتاری سیاسی بریتی نەبێت لە پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوە و گەل و میللەت و هاونیشتیمانان و هاووڵاتیان، بەڵام بەداخەوە زۆر کەمن ئەوانەی کە خۆیان پابەندی دروشمەکانیان ئەبن و هەر ئەوەشە کە پاشەکشە بە هەموو پڕۆسەیەکی بەرەوپێشچوون ئەکات لە سەرزمێنێکدا کە خەڵکەکەی شەیدا و تامەزرۆ و تینوی بەدیهاتنی دیمۆکراسیەکی راستەقینەن..!!
لە کۆتاییا دەڵێم ئەگەر ئەو هەموو فشارو گۆشارە تەنیا بۆئەوەیە کە بڵێن شوکور بۆ خوا ئێمەش دیموکراسی پەیرەو ئەکەین ئەوا قوربان، ئەمە جگەلە خۆ شاردنەوە لەژێر پەردەی دیموکراسیا هیچیتر نیە و دەیان هەڵبژاردنیتریش ئەنجام بدرێت مادام الف و بێی دیموکراسی پەیرەو ناکرێت، ناتوانین شانازی بە دەنگەکانمان و یەکسانی و ئازادییەوە بکەین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
 ٣٠-٥-٢٠٢٣

وتاری زیاتر

دۆسیەی نەتەوایەتی‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2023-07-07 22:16      210 جار بینراوە




دەستور‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2021-05-18 21:53      187 جار بینراوە

خوێیەکە گەنیوە‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2021-05-08 16:09      299 جار بینراوە

ژیان بە لاتی‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2021-03-12 21:41      332 جار بینراوە

مامه‌ گیان ‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2020-10-03 21:54      295 جار بینراوە





بۆچی تۆقیوون ؟‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2020-05-13 22:04      416 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو