پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ کۆنگرەی لۆزان سەرەتایەکی گرنگە
شایانی ھاندانە.
بە کرداری کردنی ئەم گوتارە یەکێتی دەبێتەوە سەر مەشقی خەباتی نیشتمانی.
بە ھاندان و بەرفراونکردنی ئەم ھێڵەو لادانی لەمپەرە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بزاوتێکی نوێی کاریگەر دوای سەد ساڵەی لۆزان دیاری دەکەین.
پەیامی بافڵ
تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ کۆنگرەی لۆزان سەرەتایەکی گرنگە
" بافڵ تاڵەڤانی نامەیەك بۆ كۆنگرەی لۆزان لە رۆژئاوای كوردستان دەنێرێت و لەبەشێکی ئەو نامەیەدا دەڵێت: ئامانجی یەکێتی نیشتیمانى کوردستان ڕوونە و درێژەپێدەری سیاسەتى حەکیمانە سەرۆک مام جەلالە، ئەو سیاسەتەى خۆی لە پشتیوانى کوردان و پشتگیری خەباتە سیاسیی و مەدەنییەکەیدا دەبینیێتەوە، سیاسەتێک کە ئامانجەکەی سەربەرزی کوردان و بەدیهێنانى ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانە، بۆ ئەمەش ڕوو لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەم و دەڵێم راستە جیاوازییەکانمان زۆرن، بەڵام زمان و خاکە هاوبەشەکەمان خاڵی کۆکەرەوەی هەموومانە و دەبێت پارێزگاری لێ بکەین.
دەشڵێت: بە هەموو جیهان و وڵاتانى دراوسێکانمان دەڵێین شەڕ و ناکۆکی بژاردەى ئێمە نییە و بە هەموو شێوەیەک ڕەتیدەکەینەوە، دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکان گەشە پێ بدەین و دراوسێیەکى باش بین، بەڵام سازش لەسەر مافە ڕەواکانمان ناکەین و بە هەموو شێوەیەک بەرگری لێدەکەین'.