‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

دۆسیەی نەتەوایەتی

  2023-07-07 22:16      210 جار بینراوە        کۆمێنت

ھەندێک باس لەوە ئەکەن کە گوایە ھەستی نەتەوایەتیمان بەرەو کاڵ بوونەوه ڕۆیشتووە. ئایا بەراستی ئەو ھەستە لە دڵ و دەروونی كۆمەڵانی خەڵکدا پوكاوەتەوه، یان بەرنامە و سیاسەتی ھەندێک لەحوکمڕانانی ئەم سەردەمانە، کە بە بیانوی جۆراوجۆر و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیاندا، ئەیانەوێت ئەو دەستە چەورەیان بەسەری ھەموواندا بسڕن؟!
ھەستی نەتەوایەتیمان چۆن نەماوە کە لە بن ھەر تاشەبەردێكی كوردستاندا شەھیدێك و لە بن ھەر دارستانێكی سووتاودا، سنەوبەرێك بەپێوەیە. كارەسات بەسەر ھەر ناوچە و پارچەیەکی کوردستاندا ھاتبێت، خەڵکی بە ھەستی پیرۆزو بەرزی نیشتمانپەروەری و كوردایەتییەوه، لەتە نانی دەمی مناڵەکانی خۆی لەگەڵ لێقەومانانا دابەش کردبێت، پیتاكی كۆكردبێتەوه بۆقوربانیانی دەستی غەدرو تیرۆر، تەنانەت ئەوەی جگەل لەمدالیایەکی رۆژانی سەختی خەبات ھیچیتری نەبووە، مدالیاکەی گەردنی خۆی پێشکەش کردبێت، دەریدەخات كەھەستی نەتەوایەتیمان سەلامەتە و ئەوەی نەخۆشە، ئەو دەسەڵاتەیە كە رۆژ بە رۆژ بەرتەسكتر دەبێتەوه.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەی بەرامبەر "كوردستان" ھەیەتی، و لەبەر ئەو خولیایەش كە بۆ بەستنی كۆڕ و كۆنفرانس سەبارەت بە بابەتی زۆر بێ بەھا ھەیەتی، خۆ ئەبوو لە سەد ساڵەی ئیتیفاقیەی لۆزان دا، لە ھەولێر كۆنفرانسێكیشی بۆ ئەو یاده رێکبخستایە. ئەرێ سەیر نییە كاكی حكومەت نەک ھەر خۆی لەو بابەتە میژووییە ناکاتە ساحیب، بەڵکو رێگەی بەشداریکردن بە ھیچ یەک لەو میوانانەش نادات کە دەبوو لە ھەرێمی كوردستانەوه بگەنە قامیشلۆ و بەشداری ئەو کۆنفرانسە بکەن؟
بەراستی نازانم ئایا حکومەتی ھەرێم دۆسیەی نەتەوایەتییشی داوینەتە کەرت و كۆمپانیای تایبەت؟ یانیش مەلەفی کوردپەروەیمانی سپاردوە بەم و بەو؟ لەم كاتەدا كە جیھان چاوی لەقامیشلۆیە تا لە سەد ساڵەی لۆزان دا، كورد و مەینەتییەكانی بێنێتەوه بەرباس، ئەو پەڕی ھەست نەکردن بەبەرپرسیاریتیە کە "حکومەتی ھەرێمی كوردستان" دەروازەی سێمالکا بەسەر ئەو میوانانەدا دابخات کە دەیانویست لە خاكی ھەرێمەوه، بەشداری لە کۆنفراسی لۆزاندا بکەن.
ئەو پەڕی شەرمەزاریشە کە بۆ ناردنی ھاوکاری، لۆرییەک شیر بۆ مناڵان یان رۆیشتنی شاندێک بۆ رۆژئاڤا، ھەرێمەکەمان نەتوانێت و نەوێرێت و جورئەت و كەسێتی و توانای ئەوەی نەبێت کە لە دەروازەیەکی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، لە خاكی خۆیەوه کار ئاسانی بکات بۆ خوشك و برا ھاونەتەوەكانی، سەرباری ئەمە، بشبێت بە رێگر و كەشێك دروست بكات كە خاوەندارانی راستەقینەی دۆسیەی كوردایەتی ناچار بکرێن پەنا بەرنە بەر حکومات و گروپ و لایەنی تر بۆ ھێشتنەوەی كەیسی نەتەوایەتی كوردستان بە زیندوویی.
دەسەڵاتێك بە كردەوه ئەمە كارەكەی بێت، ھەڵبەت بە دروشم ھەر لەسەردەمی (ئەی ڕەقیب ) دا ئەیخولێنێتەوه.

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد

2023-7-7

وتاری زیاتر

دیموکراسى بە کوتەک‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2023-05-30 14:45      172 جار بینراوە




دەستور‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2021-05-18 21:53      187 جار بینراوە

خوێیەکە گەنیوە‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2021-05-08 16:09      299 جار بینراوە

ژیان بە لاتی‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2021-03-12 21:41      332 جار بینراوە

مامه‌ گیان ‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2020-10-03 21:54      295 جار بینراوە





بۆچی تۆقیوون ؟‬ ‎شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
2020-05-13 22:04      416 جار بینراوە



نوێترین هەواڵەکان

بیروڕا

گەلەری

کەشو هەوا

زۆرترین سەردانکراو