ئەزموون و رووداوەكانی (15) ساڵی ڕابوردو، سەلماندیان رووخاندنی سەدام و بەعس یەكسان نەبوو بە كۆتایی هاتنی تەعریبو مەترسیەكانی سەر ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان، بەڵكو سڕینەوەی ئاسەواری سیاسەتە چەوتەكانو بەگژاچوونەوەی ئەوانەی دەیانەوێ دۆخی ئەو ناوچانە وەكخۆی بمێنێتەوە، ئەركێكی سەخت بوو.
ئەوانەی لەو روانگەیەوە لە دۆخی ئەو ناوچانە دەرواننو بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن، دەتوانن لە یەكێتی باشتر بكەن، جگە شێواندنی ڕاستیەكانو جەواشەكردنی خەڵك، هەڵەیەكی كوشندەش دەرهەق بە ئایندەی ئەو ناوچانە دەكەن.
كاركردن لەو ناوچانە خۆ بەتەنها بریتی نیە لەپرۆسەیەكی سیاسیو ئیداری، بەتاڵ لە ململانێی خوێناوی و توندوتیژی، بۆیە هێزی سەربازی و هێزی جەماوەری و پێگەی سیاسی لە بەغدا و لەخودی ئەو ناوچانەش تەواوكەری تێكرای ئەركەكانن.
كادر و بارەگاكانی یەكێتی جگە لەئەركە حزبیەكان، هەمیشە وەك بارەگای سەربازی و سەنگەری بەرەنگاربوونەوەش وابوونە. بەگژ ئەوانەدا چوونەتەوە، كە وویستویانە ستەم لە هاوڵاتیانی كوردو كار بۆ گەڕاندنەوەی تەعریب بكەن.
هەڵە و كەمورتی هەبووە، بەڵام ئەوانە كردەوەی كەسی بوونە و یەكێتی بێبەرییە لێیان، تەنها ئۆباڵی یەكێتی ئەوەیە، ئەگەر لێپرسینەوەی نەكردبێ لەگەڵ خراپكاران.
بەڵام كۆی ئەو كەموكورتیو هەڵەو گلەییانە ناگەن بەوەی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە، لەبایەخ و گرنگی یەكێتی، وەك هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و ئاسایش و وەك كادر و بارەگاكانی یەكێتی كەم بكەنەوە، چونكە دەزانن بەبێ یەكێتی هاوكێشەكە بەو جۆرەی بۆ چارەنوسی ئەو ناوچانە گرنگە چارەسەر نابێ.
لەیەكێتی بترازێ هەرچی لیست و قەوارەو حزب هەیە، هەموو كورسیەكانی ئەو ناوچانەش ببەنەوە ناتوانن، یاخودی هێزی ئەوەیان نیە گەڕەكێكی ئەو شارانە بپارێزن و بەرگری لە كەرامەتی هاوڵاتیانی كورد بكەن.
بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیانە، بەئەرشیفی خۆمدا چوومەوە، ژمارەیەك دۆسێیەم دۆزییەوە، كە كاتی خۆی بۆ كاری رۆژنامەوانی كۆمكردبوونەوە. ئامارو بەڵگەكانی ناو دۆسێیەكان دەیسەلمێنن، جگە لەشەڕی بەرەییو دەرەوەی شارەكان، كادیرەكانی یەكێتی چۆن بەرگریان لەو ناوچانە كردووە.
ئامارەكانی هی ساڵانی (2010، 2011 ، 2012)ن. لە ساڵی 2011 لەناحیەی سەعدیە (209) قوربانی كردەوەی تیرۆركردنی تاك هەیە، كە (171) كەسیان لەنەتەوەی كوردن و كادیری یەكێتی-ین لە پلەی لێپرسراوی كۆمیتە بۆ خوارەوە شەهیدبوون.
لەناحیەی جەلەولا لە رێكەوتی (25/5/2011) لیستی قوربانیانی تیرۆركردن لە شارۆچكەكە رێكخراوە، كە ژمارەیان (177) كەسن، (144)یان كوردن و شەهیدی یەكێتی-ین، هەتا لەناو قوربانیە عەرەبو توركمانەكانیشدا، كادیرو ئەندامی یەكێتی هەن.
لە شارۆچكەی مەندەلی لەو ساڵەدا، (169) قوربانی هەیە، كە (108) كەسیان شەهیدی یەكێتی-ین.
كۆی شەهیدەكانی یەكێتی لەساڵی2011دا (423) كەسن. جگە لە بریندارەكان، كە ژمارەیان زۆرە، هەروەها تەقاندنەوەی خانوو و ئۆتۆمبیڵ و زیانی ماڵیش ئێجگار زۆرن.
لەدوای ئەم ئامارەوە، ژمارەی شەهیدو قوربانیەكان هەڵكشاوە، بۆنمونە لە (28)ی نیسانی 2014 لەیەك ساتدا لەبەردەم بینای مەڵبەندی خانەقین زیاتر لە (30) شەهیدو (60) برینداری لێكەوتەوە.
لەدوای دەستپێكردنی شەڕی داعش-یش لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا، سەدان لێپرسراو و كادیری یەكێتی، پێشمەرگەی دێرینی خانەنشین و كەمئەندامی سەنگەرو خۆبەخشی یەكێتی لەبەرەكانی شەڕ شەهیدبوونو سەدانی تریش برینداربوون.
ژمارەی شەهیدو بریندارەكانی یەكێتی لەهێزی پێشمەرگە لەفەرماندە باڵاكان و پێشمەرگەكان، دژەتیرۆر و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ لەشەڕی تێكشكاندنی داعش و پاراستنی ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكان لەكۆی زیاتر لە (1750) شەهیدو (11600) بریندار زۆربەیان یەكێتی-ین.
تۆماری داستانو شەڕە سەختەكان، لیستی شەهیدو كێڵی ناو گۆڕستان و وێنەی سەر جادەو شەقامەكان، هەمووی گەواهیدەری ئەوەن، لە پاراستنی كوردستاندا، یەكێتی هەمیشە لەپێشەوەیە، كاتێك مەترسی لەسەر كەركوك و خانەقین و مەخمور و ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكانی تر دروستبووە، لەبەرزترین پلەی حزبیەوە بۆ خوارەوە، یەكێتیەكان لەوێ بوونەو بوونەتەوە بە پێشمەرگەی پاراستنی كوردستان.